ویژدانی کۆتلەی سائیرون لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی "سایکۆلۆژیایی کۆمەڵایەتی و سیاسەت"

ویژدانی کۆتلەی سائیرون لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی
بە پێچەوانەی پیاوانی ئایینی سۆننە، کە لە ژیانی ئابوورییان زیاتر پشت بە حکومەت و دەستھەڵات دەبەستنەوە، مەرجەعی شێعە لەم بابەتەدا، پشتیان بە خەڵکی خۆیان گەرم دەکەن، بۆیە لە بڕیاردان و تەنانەت فەتواکانیان، زیاتر لە گرووپی یەکەم، سەربخۆیی خۆیان دەپارێزن، و لە کێشەکان زیاتر لە ھەر شتێک بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاودەگرن. عەلی وەردی، کۆمەڵناسی بەناوبانگ بەبەردەوام باس لەم خاڵە بەھێزییەی مەرجەعی شێعە دەکات.
*****
خوێندنەوەیەکی سایکۆسۆسیۆپۆلیتیکی ئەو وڵاتەی ئێستا بە ناوی "عێراق" دەناسرێت، و ھزاران ساڵ پێشتر ناوی دیکەی وەک میزۆپۆتامیا و ... ھتد، لێدەنرا، ئەو راستیەمان پیشاندەدات کە ھەمیشە لە ململانێ و گێژاوی پێکدادانەکان بووە، وەک زۆر شوێنی دیکەی ئەم گەردوونە ھەرگیز ئۆقرەیی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەگەر لە روانگەی تیۆری سروشتناسی گەورەی وەک چارلز داروین، ئەم چەندە بخوێنینەوە دەبینین بەشێکی گرنگی ئەو ململانێ و جەنگانە بە پێی یاساکانی سروشت روودەدەن، کە ھەر تاخم و لایەنێک لەپێناو مانەوەی خۆی ئەنجامی دەدات، نەوەک ئەوەی کە مالتووس، بڕوای وایە مرۆڤەکان بۆ ھاوسەنگکردنی گەشەی کۆمەڵگاکان و ھەژاری مرۆڤەکانیان، بەسەریەکتریدا دەسەپێنن، بەڵکۆ دیارە سروشت خۆی ئەم کارە ئەنجام دەدات.
بەشێکی دیکەی زانایان بۆ نموونە سامۆئێل ھانتیگتۆن فاکتەرەکانی کەلتووری و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی، و ماتریالیستەکان بە روانگەیەکی ئابووری لیێ دەڕوانن و ھۆکاری جەنگ و ململانێیەکان بۆ فاکتەری ئابووری دەگەڕێننەوە، و عەلی وەردی، بە تایبەت بۆ وڵاتی خۆی، ھۆکارەکان بۆ لایەنی جیۆلۆجی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە و شان بەشانی بەھاکان کۆمەڵگای بیابانی نەتەوەکانی بە بنەچە خەڵکی رەوەندی "عەرەبی بیابانی"(بەدەوی). بێگۆمان ئەمانە ھەمووی روانگەی جیاواز بەڵام راستن، و بە پێی نوێترین قوتابخانەکانی دەروونزانی فاکتەرە جیاوازەکانی سەرەوە و ھیتر، تێکرا و پێکەوە، دەست لە ناو دەست کاریگەرن بەسەر زۆر رەفتار و کرداری مرۆڤ، و لەوانەشە جەنگ و تووندوتیژییەکانی، و ھەمان ئەو فۆرموولە بەسەر تاکی میزۆپاتامیا "عێراق"یش جێبەجێ دەبێ.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدرێژایی ھزار و چارسەد ساڵی رابردوو، و بە تایبەت لە سەدەی بیستەمەوە، مەرجەعی شێعە رۆڵێکی دیار و بەرچاوی ھەبووە لە چارەسەری کێشە و جەنگەکانی ئەم وڵاتە، و ھێورکردنەوەی دۆخە ئاڵۆزەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، و لەم پێناوەشەدا زۆری قۆربانی داوە و چەندین شەھیدی داوە، تەنانەت لەسەر ئاستی زۆر بەرز و لەوانەشە لە بنەماڵەی سەدرییەکان، وەک نموونە لە سەردەمی داگیرکەرانی بەریتانی و رژێمی خوێنمێژی بەعسی رووخاودا.
ئەگەر ئێستا لە سووڕانی چەرخ و فەلەکی رۆژگاردا، و نەمانی ئەو رژێمەی مەرجەعی پایەبەرزی وەک مەحەمەدباقری سەدری شەھیدکردووە، و ئێستا رووخاوە، و لەو بنەماڵەیە سەماحەتی سەدر، لە ھەڵبژاردنێکی بێ وێنەدا، سەرکەوتنێکی بێ وێنەی تۆمارکرد و ھژمارێکی زیاتر لە پەنجا کۆرسیی پەرڵەمانیی وەدەستھێناوە لە چاو رکابەرەکانی خۆی لە باشووری وڵاتەکەی، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە و ئاسۆی گەش پیشاندەدات، بە مەرجێک ئەگەر ئەو پارتە لەگەڵ خۆی و خەڵک راست بێ، و بیەوێ ئەو بەڵێنانەی داویەتی و ئەو بەرنامەیەی لەم چەند ساڵەی دوایی و بەتایبەت سەرکەتنیان لە ھەلبَژارتنی ٢٠١٨، بانگەشەی بۆ دەکرد، و لە ھەمووی دیارتر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دانانی کەسانی تەکنۆکرات و پێکھێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتییە لەم وێرانە وڵاتەدا جێبەجێ بکات.
دیارە گفتگۆ و شرۆڤەی دوو چەمکی ئاڵۆزی "گەندەڵی" و "تەکنۆکراتی" زۆر ھەڵدەگرێ، بۆیە راستەوخۆ دەچینە نێو بابەت و دەڵێین کە دەبێ لەم ناوەدا ئەو پرسیارانە ئاراستەی ئەو رەوتە کۆمەڵایەتی- سیاسییە بکەین: ئایا گەندەڵی تەنھا دزینی سەروەت و سامانی وڵات و بردنە دەرەوە و بەھەدەردانی و تەخشان و پەخشانکردنیەتی لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی تەسک و نارەوای چەند کەس و لایەنێک، و ھەڵنەستانە بە خزمەتگۆزارییەکانی نێو شارەکانە، وەک ئەوەی ھەر جارە و لەم چەند ساڵەدا لەسەر داوای سەماحەتی سەدر ئاپۆرەی خەڵک و لایەنگرانی دەڕژانە سەر جادەکان و داوای نەمانی دەکردن؟ یان ئایا پابەندبوون بە دەستھەڵاتێکی تەکنۆکراسی تەنھا لە دانانی چەند کەسێکی شارەزا و پسپۆر و بێلایەن و دەستپاکە لە بەرێوەبردنی کاروباری وڵاتێکی داڕماوی وەک ئەوەی سەماحەتیان داوای ئەنجامدانیچاکسازی رێشەیی تیایدا دەکات؟ ئایا ئەوەی لەم چەند سەد ساڵەی رابردوو بەرامبەر گشت لایەنەکانی ئەم وڵاتە، و بەتایبەت کوردەکان دەکرێت و ھەر ناشرینییەک لەم جیھانەدا بوونی ھەبووبێ لەگەڵی کراوە، گەندەڵی نیە؟ ئایا ئەو "گرێ دەروونییەی لە ناخ و دڵ و دەروونی کۆمەڵگای عەرەبی"، بە شێعە و بە سۆننەیەوە، و تەنانەت "رۆشنبیرەکانی"، لە ھەموو بیروباوەرەکان، و تەنانەت چەپەکانی، "بەرامبەر کورد" ھەیە، وەک ئەو دەستەواژەیەی کە ئۆفێرا بێنیگۆ (Ofera Benigo )ی سیاسەتوان لە پەرتووکەکەی خۆی لە بارەی کوردەکان، بەناوی(The Kurds)، نوسیویەتی، خۆی لە خۆیدا گەندەڵییەکی دەروونی لەبن نەھاتوو نیە، کە دەبێ پلانی یەکەمی پارت و رەتەوەی سائیروون، وەک خۆیان دەڵێن "نەھێشتنی گەندەڵی"، لەنێوبردنی ئەو جۆرە گەندەڵییە دەروونی-کۆمەڵایەتییەی وڵاتەکەی و ھاونیشتمانە عەرەبەکانی، لە گشت ئاستەکان، بێ؟ ئایا ئەوە گەندەڵی نیە لە ھەموو نەتەوەی عەربیدا، بەو چاوە کەمەوە سەیری کورد و دۆز و مافە رەواکانی دەکرێت، وەک ئەوەی لە ھەموو کارەساتە جەرگبڕەکانی بەسەریدا ھاتووە، و بەتایبەت تراژێدیای مەرگباری ئەنفال و حەلەبچە، تەنھا فرمێسکێک، بگرە " فرمێسکێکی تیمساحانەش"، لە چاوەکانیان نەڕژا، و پیتێک و چەند وشەیەکی خەمگیناویشی لەبارەیەوە نەنوووسرا، بەڵکۆ بە تێکڕای ئەو نەتەوەیە و بەچاوێکی مەزن و شانازییەوە سەیری دڕندەترین مرۆڤ و دیکتاتۆری ھەڤچەرخی بە رەگەز عەرەبی دەکرد کە توانیویەتی کورد بچەوسێنێ رێگە لە دابەشبوونی "نیشتمانی عەرەبی"، کە لایان بۆوەتە پیرۆزییەک، بگرێ، و ئەو پیرۆزییە و شانازییە بەو رەفتارەی نەتەوەی عەرەبی بە رەفتارەکانی سەدام و عەلی کیمیاوی، تەواو نەبوو بەڵکۆ لە خیانەتی مەزنی ١٦ ئۆکتۆبەر دژ بەو نەتەوەیە دووبارە کرا و ئەو جۆرە شانازییە بۆ نەتەوەکانی دیکەش گۆازرایەوە، و دیتمان لەدوای ئەم خیانەتەی کە لە ژێر ناوی پیرۆزی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی نیشتمانی عەرەبی، نەتەوەی پارسی ئاریایشتان تێخست و کردتان بە ھاوبەش تاوانەکانتان، نەتەوەی تورکیش ھەمان رەفتاری لەگەڵ کوردستانی رۆژئاوا و شاری عەفرین کرد؟ دەبێ ئەو پرسیارەتان لێبکرێت کەی واتان لێھاتووە و لە کۆیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەھا جوانەکانیدا، یەکپارچەیی و سەروەری خاک لە گیانی مرۆڤەکان پیرۆزترە، لە کاتێکدا کە لەم ئایینە و فەرموودەکانی محەمەدی ئەمین(س)، ئەو مرۆڤەی مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەکات، "کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوان بە ئەندازەی کوشتنی ھەموو مرۆڤایەتی" لەسەرتان قورسە؟ ئایا ئەو بیرکردنەوەیە جۆرێک لە گەندەڵی نەتەوەیی دەمارگیرانە نیە، کە لەژێر ناونیشان و سیبەری ئیسلامی پیرۆز دەکرێت، لە دژی نەتەوەیەک ئەنجام دەدرێت، کە یەزدانی مەزن و ئافرێ،ەری بێ ھاوتا لە قۆرئانی پیرۆزدا/ سوورەتی حەجەرات/ ئایەتی ١٣، وەسفی دەکات و دەفەرمووت:" ... گشت مرۆڤەکانمان لە یەک ژن و مێرد ئافراند و کردمان بە خاوەنی زمان و گرووپ و نەتەوە و رەنگی جیاواز، بەڵام نزیکترینی مرۆڤەکان ئەو کەسانەن کە باشترینیانن"، نەک دەمارگیر و خۆپەرێست و چەوسێنەر و زۆرداری، سنوور و یەکپارچەیی و سەروەری پارێز، ئەو سنوورانەی کە تەنھا بوونێکی جۆگرافیایین، نەک ئایەت و سوورەتی قۆرئان؟
ئایا وەزیر و ئەندام پەرڵەمانەکانی تەکنۆکرات تەنھا ناوونیشانێک دەبێ یان ھەستکردنە بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە یەکێک لە نەتەوەکانی ئێستا لەژێردەست و خاک داگیرکراو، بەڵام لە رابردوو خاوەن شکۆ و دوور لە دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی، کە بە ھۆکاری نەمانی ئاسایشی دەروونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، بۆ سەدان ساڵە خەبات دەکات و قۆربانی دەدات، و ھەر جارە و خۆی بە رێگەی ئاشتیانە، دوور لە "بژاردەی جەنگ" وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە گۆتارەکانیدا ئاماژەی پێدەکات، ھەوڵی داوە تەنھا و تەنھا بەرگری لە خۆی بکات و خۆی لە لەنێوچوون بپارێزێت، و دوایین رێگەشی ئەنجامدانی "ریفراندۆمێکی رەوا" و ئاشتیانە و دیمۆکراسیانەی پڕ لە جۆش و خرۆش و ھیوا و ئۆمێد و پێداگری بوو، کەچی حکومەتی ناوەندی و بە پاڵپشتی ھەمان عەقڵیەتی "گرێ دەروونی بەرامبەر کورد"، و بە فیت و ھاندان و پاڵپشتی چەند وڵات و نەتەوەی دیکەی دەمارگیر لە ناوچەکە و چار سەوزی چەند وڵاتێک زڵھێز، ھەمان زۆرداری و ئەنفالی لە ناوچەکانی کەرکووک و شنگال و مەخموور و ... ھتد، دووباەرکرد؟
ئەو رەفتار و کردارانەی حکومەتی ناوەندی لە ژدی کوردستانیان، کە بەردەوامی و ھەمیشە بە یەک رەنگ و یەک مەبەست، و ھەمان فشارە دەروونییەکانی نەستی و شاراوەی تاکی-کۆمەڵایەتی عەرەبی، بە پێی بنەما و یاساکانی زانستی دەروونزانی و بەتایبەت دەرووندروستی (ێحە نفسی) دەچێتە خانەی ئەو نەخۆشییە دەروونییەی کە بەناوی رەفتارەکانی وەسواسی و ھێماکانی (obsessive- compulsive) دەناسرێتن، و ھێماییەکی ناوازەیە لە رەفتارەکانی لادراوی تاکی-کۆمەڵایەتی (سایکۆسۆسیۆلۆژیک)ی لایەنێک لە بەرامبەر خواست و داویەکی رەوای سروشتی و ئاسایی و سەرەتایی نەتەوەیەک بۆ سەربخۆیی، کە ھەم لە رووی ئایینی و ھەم لە یاساکانی نێودەوڵەتیشدا کارێکی نایاسایی و دژی مرۆڤایەتی، و ھیچ بەھایەکی کۆمەڵایەتی و جیھانیش نیە.
پەیامە مرۆڤدۆستییەکەی سائیروون بە سەرۆکایەتی سەماحەتی سەدر لەم کات و ساتە ناسک و ھەستیارەی مێژووی کوردستانیان، مۆژدەیەکی ئارامبەخش و ئۆمێدبەخشە، ئەگەر لەسەر بەڵێنەکانیان بمێنن و نەبنە دارودەستە و پاشکۆی ھێز و پارت و لایەن و ولاتی دیکەی دەمارگیر، و سەماحەتیان دەوتنانن لە روانگەی ئەوەی کە خۆی لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەری دژی دیکتاتۆرییەت بووە، و ئێستاش دژی دەستوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ و بیانی و عەرەبی و ئیسلامییە، رەزامەندی یەکێک لە دامەزراوە سەرەکیەکانی ئەم وڵاتە، کە کۆسپی ھەرە گەورەی بەردەم سەربخۆیی ھەرێمی کوردستانە، و ئەویش بریتییە لە پەرڵەمان، بە فشارەکانی خۆی و کۆتڵەکەی خۆی، بگەینێتە ئەو بڕوا و (قەناعەتەی) کە " ئیتر بەسە تیرۆری ھزری" و نەتەوەیی و ئایینییەی کە لەم وڵاتەدا بێداد دەکات و بۆوەتە ئاستەنگی ھەرە گەورەی بەردەم ئارامی و ئاسوودەیی و بەختەوەری ناوچە و مرۆڤ و نەتەوەکانی، و تیایدا خاک و یاسا و سنوورەکان لە مرڤەکان پیرۆزتر بوونەتەوە، و ئەمەش لووتکەی بێ ویژدانی و نادادپەروەردی و گەندەڵییە. با لە یادی سەماحەتیان بێ کە ئەوانەی لە سەد ساڵی رابردوو و لەژێر کاریگەری ئەو فەلسەفەیەی کە وەک مەلیک فەیسەلی یەکەم لە یادداشتنامەکانی تایبەتی خۆیدا نووسیویەتی و نەتەوەی کوردی بە نەزان(جاھیل) وەسفکردووە، و داوای "جیابوونەوە" دەکات، و دەستھەڵاتدارانی سۆننەش بە لاواز دەزانێ لە توانایی زاڵبوون بەسەریاندا، و زۆرینەی"جاھلی" شێعەش لەدژی دەستھەڵاتن و رێگرن لەبەردەم سەپاندنی دەسھەڵاتی سۆننەکان بەسەر کورد و کوردستانیانی جۆداخواز، ھەوڵیانداوە کوردستانیان و کورد بچەوسێنن، و ھزری مەلیک فەیسەلی یەکەم، وەک چۆن ئۆفێرا بێنیگۆ لە پەرتووکەکەیدا ھێناویەتی، وەک نموونەیەکی بیرۆکەی وەھابیزمی تووندھاژۆیانەی ناوچەکە، بەسەریاندا بسەپێنن، و ئەمەیان باشترین دەرفەتە کە سەماحەتی سەدر و لایەنگرانی لە پەرلەمان ئەو تڵسمە بشکێنن و ئەفسانەی دیکتاتۆریەت لەم وڵاتە تێکبشکێنن و پاداشتێکی ئەم جیھانە و جیھانی دوایی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، وەک ئەوەی بە روانگەیەکی ئایینی لێکیبدەینەوە، بەرلەوەی کە ئەم دەرفەتە لە کیس ئەوان و ئێمەش بچێ و دیکتاتۆرێکی دیکە بێتە سەر گۆڕەپانی دەستھەڵاتی سیاسی لەم وەڵاتە نەگبەتییەی پڕ لە شەڕ و شۆڕ. کاتی ئەوە ھاتووە ئەو رەوتە ئە تڵسمە و سحرە لە ناوبەرێت کە "سنوورەکان نیشتمانی عەرەبی پیرۆزترن لە گیانی چەندەھا نەتەوەی ستەملێکراوی کوردستان و مرۆڤەکانی". سائیروون دەتوانێ ئەو رۆڵە بگێڕێ و سەماحەتی سەدر کلیلی چارەسەری یەکجارەکیی ئەو تێکشکاندنەیە، گەر بیەوێ، و ۆخی پێ شەرم نەبێ کە لەبەردەم نەتەوە و نیشتمانی عەرەبی تووشی بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی دەبێ، بەڵام چ بەرپرسیارەتییەک و بە چ تاوانێک؟ ئایا دەست ھەڵگرتن لە داگیرکردنی نیشتمانی نەتەوەیەکی دیکە تاوانە یان ئەو پەڕی جوامێری و لەخۆبۆردەییە بۆ ھەر کەس و لایەنێک تیایدا دەستپێشخەر ببێ؟ ئایا بەس نیە نەتەوەی عەرەب تا ئێستا و ئەو ھەموو ساڵە ھێشتان بە عەقڵیەت و تیۆریی (مۆئامرە) و پرۆژەی دابەشکردنی نیشتمانی عەرەبی و جێبەجێکردنی ئەجێندای ئیسرائیل و رۆژئاوا ھەڵسوکەوت لەگەڵ دۆزی رەوای کوردی و کوردستانیان دەکەن، و لەو راستیەی کە سەربخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کورد تەنھا پێداویستییەک و گەرەنتیکەری ئارامی و ئاسوودەیی تاکی ئەم ناوچەیە، نەک چاولێکردن و لاسااییکردنی ھیچ نەتەوە و وڵاتێک، و نەک وەک ئەوەی ئەوان بیری لێدەکەن و بڵاوی دەکەن و مێشکی ھەر تاکێکی عەرەبیان پێ شووشتووە، و تەنانەت زیاتر لەوەش بۆوەتە نموونە و سیمبۆڵی چاولێکردن لەنێو نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە و ب ھەمان عەقڵیەت ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ نەتەوەیەکی رەسەنی ئەم ناوچەیە و بەداگیرکەر و تیرۆریست و زۆر ناو و ناتۆرەی دیکەی نەشرین، دھۆڵ لێدانە لە دژی کورد، لەکاتێکدا کە ئێوە ھەمووتان بەر لە وڵاتانی رۆژئاوا داگیرکەر و سپۆنسەری تیرۆرن لە ناوچەکەدا و بوونەتە ھۆکار کە رۆژئاواییەکان پەلکێشی ئەم دەڤەرە ببن؟ کاتی ئەوە ھاتووە ئەو بیرکردنەوە ناوازەی دوور لە بنەماکانی لۆژیک و زانست و ئایین و مرۆڤایەتی و ژیان و سروشت لە مێکشی خۆتان فڕێبدەن، تا ھەم ئێوە ئاسوودە ببن و لە لیتاوی "پیسبوونی سایکۆلۆژی" بێنەدەرەوە و ھەم ناوچەکە.
ئەگەر ویژدانێکی زیندوو و پەیامێکی راستەقینە و دروست لە ئارادابێ و بۆ ئەم کارە و ھەوڵە نەخرێـە گەڕ، چ جیاوازی ھەیە لەگەڵ ویژدان و پەیامەکانی دیکتاتۆرەکانی داگیرکەری پێشووتری دەستھەڵاتدار لەم وڵاتە، تەنھا دروشمەکانی بریقەدار و ھەڵخەڵەتێنەر نەبێ؟
پێداگری ئێمە لەسەر خواستی سەربخۆیی واتادار و بەرھەمی نەبوونی ئاسایشی سایکۆ-نەتەوەییە لە رابردوو و ئێستا، و گەرەنتی نەبوونییەتی لە داھاتوودا، بەڵام گیردانی ئێوە لە "یەکپارچەیی نیشتمیانێکی عەرەبی" ئەوپەڕی لەخۆباییبوون و خۆسەپاندنە، کە تێکەڵاوی دەمارگیرییەکی نەتەوەیی و ئایینی عەرەب، و ئینجا پارس و تورکەکان، بووە، و ھیچ واتایەکی مرۆڤدۆستی تیایدا بەرجەستە ناکرێت، تەنھا چەوساندنی مرۆڤەکان نەبێ.
کاتی ئەوە ھاتووە پەرڵەمانی عێراق، و بەتایبەت ئەو تەکنۆکراتانەی سەماحەتی سەدر، بانگەشەی بۆ دەکات کەیشتبێتە ئەو ئاستەی ھزری و ویژدانی کە نەتەوەی ورە بەرز و پۆڵاینی کورد بە زەبری چەک و کوشتن و ئەنفال و کیمیاباران خۆی بەدەستەوە نادات و "ناچەمێنێ"، و تا پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان ھەبێ، پرۆژەی شکاندنی شکۆی کورد پرۆژەیەکی شکستخواردوو و مردوو دەبێ و بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە تەنھا ئەزموونی ئەم سەد ساڵەی حکومەتی ناوەندی بەسیەتی بزانێ کە ئەمە چەند وایە. بۆیە تا نەبووتە درەنگ و تا کار لە کار نەترازاوە، و لە پێناو نەرشتنێ خوێنی رۆڵەکانی ئەم وڵاتە ماندوو و شەپرزەیەی ھەژار، و پاش نەمانی متمانە بە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا بەڵێنە ھەمیشە ناراستەکانی لە رابردوو و ئێستا و داھاتوودا، بڕیاردان لەسەر سەربخۆیی کوردستان، باشترین و جوانترین پاداشت و چاکە دەبێ لەگەڵ گشت نەتەوەکانی ئەم وڵاتە و ناوچە، و بەتایبەت عەرەبەکان و کوردەکان، و ئەمەش دەکرێ زۆر بە بۆێرانە و سینگێکی فراوان و یەکتر و واقیع قبوڵکردن، و بە دیالۆگ و گفتگۆ نەتەوە و جیھانی عەرەبی تێبگەینن کە ئەو شانازییە تەنھا بەر سەماحەتی سەدر و سائیروون دەکەوێ، و ئەمەش دەرگایەکە بۆ دیمۆکراسیەتی زیاتر و ریزگرتن لە مرۆڤایەتی و ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین بە گشتی و نەتەوەی کورد کە لە ھزار و چارسەد ساڵی رابردوو بەو پەڕی لەخۆبۆردەییەوە خزمەتی نەتەوەی عەرب و ئایینی ئیسلامی کردووە، و ئەم ھەوڵەی سەماحەتیان ئەو شتە دەبێ کە یەزدانی مەزن پێی خۆش دەبێ و ستایشی دەکات، و گۆرزێکی کۆشندە دەبێ لە نەیارانی نەتەوەی عەرەب، ئەوانەی کە دەیانەوێ جەنگی خۆیان بەو نەتەوەیە بکەن.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top