(١٦) ئۆکتۆبر:خیانەتێک لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی(خوێندنەوەیەکی سایکۆپۆلیتیکانە)*

(١٦) ئۆکتۆبر:خیانەتێک لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی(خوێندنەوەیەکی سایکۆپۆلیتیکانە)*
نابێ سەرپێ یی لەو خیانەتە و ھەموو ڕەھەندەکانی بڕوانین، بەڵکۆ ئەو خیانەتە گەورەترە لەوەی کە مرۆڤەکانی سادە لێی دەڕوانن، و بەدیدێکی تەسک و تەنھا لە روانگەی نەتەوە و شارێک لێکبدرێت، بگرە ڕەھەند و زیانەکانی گشتگیر و تەنانەت جیھانین، و لە چەرخی بیست و یەکەمدا رووداوێکی نگریسی دەگمەنە، کە کاریگەرییە نەرێنی و خراپەکانی تەنھا بەر نەتەوەیەکی ستەملێکراوی جیھان و شار و ناوچەیەکی برینداری وەک کەرکووک و گەرمیان ناکەوێ، بەڵکۆ زیاتر لەوە ستەمێکی گەورەیە لە گشت نەتەوە ئازادیخوازەکانی جیھان لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەورۆپا و ئەمەریکا و ... ھتد، وەک کشمیر، تێبێت، کێبێک، کەتەلۆنیا، ... تەنانەت خۆدی ئەمریکای باکووریش!
ھێز و لایەن و کەسایەتی و وڵاتانی ناوچەیی و ناوخۆیی و رۆژئاوایی پشتەوەی ئەم خیانەتە، بوون بە ئەگەری ئەوەی کە کارەساتەکانی پێش ئەوە جارێکی دیکە بیرمان بێنەوە و جارێکیتر تراژێدییەکانی کۆشتن و جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفال و داگیرکردنە جیاوازەکانی مرۆڤی و کەلتووری و فەرھەنگی و ئەنفالی زمانی کوردی شرین دووبارە و چەندە بارە ببنەوە.
بەھەمان ئەندازەش تراژێدییای کۆشتنی ھابیل لەسەردەستی قابیلی حەسوود و تۆڵەسێنەر، دووبارە بوویەوە. ریفراندۆمی پیرۆزی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی، کە دەستکەوتێکی دەگمەن و لە ئاییندەیەکی نادیاری درێژخایەن گەرەنتیکەری ئاییندەی کورد و کوردستانیانە، خەریکبوو ھاوکێشەی سایکۆسۆسیۆلۆژی، دیرۆکی، سیاسی کورد و کوردستانیان لە تێکرای جیھان، لە قازانجی کوردستانیان، ببێ بە دەروازەی بەختەوەری و ئازادییەکی ڕەھا و یان ھیچ نەبێ نیمچە رەھای سیاسی، بەڵام ئەو خیانەتە جارێکیتر تێی گەیاندین کە نەک تەنھا ھێشتان زۆری ماوە ئەو ئاواتە بێتە دی، تەنانەت لە خەونێکی خۆش و خۆشباوەریشمان وەخەبەر بێین و بزانین کە قابیلەکانی کوردستان ھەمیشە لە گۆشە و کەنار خۆیان مەلاس داوە و چاوەڕوانی بەختەوەری ھابیلەکانن تا جارێکیتر لە حەسوودی خۆیان ژەھری خۆیان بە کوردستانیاندا برَژن و بە سێبەری رەشی تارمایی خۆیان ئەو بەختەوەرییە تێکبدەن.
ئەو خیانەتە، و رەفتارە ناوازەیەی کوردستانیانێک و چەند کەس و لایەنیتر، سەلماندی کە ھێشتان گۆمان لەسەر سایکۆلۆژیای مرۆڤایەتی بە گشتی و تاکی کوردی و بەتایبەت بوون و مان و نەمانی ماوە. ئاشکرا بوو کە رەفتار و بیرکردنەوە و کردارە دەروونییەکان دەکرێ ببن بە بەشێک لە جینات و لە رێگەی فاکتەری بۆماوەیی لە مرۆڤ و نەوەیەک بۆ مرۆڤ و نەوەیەکی دواتر بگۆازرێنەوە و ببن بە بەشێک لە فیزیۆلۆژیا و لە ھەمانکاتدا دەروون و سایکۆلۆژیا و کەسایەتی تاکەکانی ھەڵگری ھەندێ ڤایروسی لە جۆری دەروونی، کە لە نموونەی خیانەتی (١٦) ئۆکتۆبر لووتکەی ھاوکێشە زانستی و سایکۆلۆژی و پزیشکی و سیاسییەکانی گۆڕی، و زۆر لەو شتانەی کە مرۆڤایەتی و کورد بە گەشبینییەوە ژاوەڕۆانیان دەکرد، بەرەو ئاراستەیەکی نەرێنی و تەنانەت رەشبینییەوە ئاوەژوو بوون.
بنەماکانی تێزەکانی دارڤین ھەڵوەشایەوە. ئیتر ئەوەی کە دەگۆترا مانی بەھێزترین کەس مسۆگەرە، گۆڕا بەوەی کە مانی فرت و فێڵباز و بێویژدان و حەسوودترین و گەورەترین نەیاری نەتەوە و نیشتمان و جیھانیش بوونی ھەیە. بەو خیانەتە ھاوکێشە و بنەما سیاسییەکان، تەنانەت دیمۆکراسی و بەجیھانیبوونیش (globalization) تێکچوون، و ئەو پێشکەتنەی کە چاوەڕۆان دەکرا لە سایەی ئەو دوو چەمکە ئابووری-سیاسییانەش بێنەدی، جێگەی خۆیان دا بە سیستەمە کلاسیکییەکەی جاران، کە بریتییە لە کۆلۆنیالیزم و داگیرکردن و سەرکووتکردنی ئازادی جیھانیان و نەتەوە ئازادیخوازەکان.
لە کاتێکدا وا ھەستدەکرا لە سایەی دیمۆکراسی و بەجیھانیبوون و یاساکانی، مرۆڤ دەچێتە قۆناغێکی پێشتر لە ئازادی و بەختەوەری، وەک ئەوەی کە کلیفلاند و ھانتیگتۆن و فۆکۆیاما و فەیلەسۆفەکانیتر، زۆڕنایان بۆ لێدەدا، خیانەتەکەی کوردستانیان سەدان ساڵ جیھانی بەرەو دواوە برد، و رۆژئاوا و رۆژھەڵات لە ئاست پرۆسەی ھەنگاونان لە پێناوبە دیمۆکراتیزەکردنی جیھان، و بەر لە ھەموویان ئەو مافەی چارەی خۆنوسین، کە جیھانیان لە ژێر و بە ناوی (UN) و زۆر ناویتر، بانگەشەیان بۆ دەکرد، لە کوردستان و ئینجا لە کەتەلۆنیا بەو پەڕی زۆرداری و دوژمنکارانە و دوور لە بنەماکانی دیمۆکراسیەت و رزگاریخوازی میللەتان، سەرکووتکران و نەیانھێشت ئامانجە خێراییەکانی بپێکێ و کۆمەڵێک نەتەوە و مرۆڤ لە ژێر ئەو زۆردارییەی چەندین سەد و تەنانەت ھزاران ساڵانە رزگاریان ببێ.
پیلانەکانی تاخمەکەی ئەو خیانەتە، چ کوردستانیان و چ ناوچەییەکان و چ رۆژئاواییەکان، بوون بە ئەگەری ئەوەی کە تەنانەت ستەمێکی مەزن لە کەتەلۆنیەکانیش بکرێ، بە تایبەت کە ماوەیەکی پێشتر لەو خیانەتە دەستیپیکردبوو و ھەندێ وڵاتی رۆژئاوایشی لە پشتەوە بوو، و ھانی دۆخی تێکچوونی کەتەلۆنیا و کوردستانیشیان دەدا. ئەو خیانەتە بە جۆرێک لە جۆرەکان راستی ھەندێ لە بیروباوەر و تیۆری فەیلەسۆف و زانا و نووسەرانی وەک کافکا و رۆسۆ و سادقی ھیدایەت و ئریک فرۆم و زۆر لە کەسایەتییەکانی دیکەی بۆمان زیندوو کردەوە. ئەوان بەو خیانەتە نامرۆڤایانەیە پیشانیاندا دیمۆکراسیەتیش دەکرێ فرت و فێڵێک بێ و یان بە یەکجاری بوونی نەبێ و تەنھا بڵقێکی سەرئاو بێ، و ئەو خیانەتەی (١٦) ئۆکتۆبر زۆر زووتر لە کاتی خۆی ئاشکرای کرد کە رۆژئاواییەکان و داگیرکەران بە گشتی ھەرگیزاوھەرگیز ناتوانن دەستبەرداری سیاسەتی چەوساندن و داگیرکردن و کۆلۆنیالیزم بن، و ھێشتان دروشمی "خۆڕ لە وڵاتیان ئاوا نابێ!" لە ناخ و دەروونیان نەسڕاوەتەوە، و دیمۆکراسیەت تەنھا تەکتیک و پاشەکشەیەکی کاتی بووە، و تاخمی خیانەتەی (١٦) ئۆکتۆبر پەردەکەی لەسەر لادا و کۆلۆنیالیزم ھێشتان بوونی ھەیە و ڕووی راستەقینەی دەرکەوت.
بەھەمان شێوەش بەجیھانیبوون جێگەی خۆی دایە پراگماتیزمێکی پڕ لە چەوساندن و بێ ویژدانی دژی نەتەوە و مرۆڤەکان، بەتایبەت ئەوانەی وەک کورد دەیانەوێ لە ئازار و ئەشکەنجەکانی دوژمنانی خۆی رزگاریان ببێ، بەڵام ئەو تاخمە سادیستییانە نەیانھێشت، یان بە لایەنی کەمەوە و بۆ ماوەیەکی نادیار پەکیانخست، بەوەش قۆربانی و تاوانی بێوێنەی بێشۆماریان لە دوای بەجێھێشت. دیارە ئەوان ئەوەیان دەزانی و ھیچ گۆمانی تیایدا نیە کە داگیرکەرانی کوردستان بەنیازی چین، بەڵام حەزی ئازاردانی کەسانیتر و چێژوەرگرتن لێی وەک کەسایەتییەکی سادیزم(Sadism) ئەو راستییانەیان لە بیر برد و باشترە بڵێنی خۆیانی لێ لەگێڵی دا، و ئەوەیان بە پێی تیۆرەکانی دەروونناسیی ھاوچەرخ یەکێکە لە کۆشندەترین نەخۆشییە دەروونی-کۆمەڵایەتییەکانی ھەندێ تاکی کۆمەڵگاکان، و دەچنە خانەی ئەنتی سۆشیال یان سایکۆپاتەکان (psychopath).
کوردستانیان، کەتەلۆنیەکان، ئازادیخوازان، ئاشتیخوازان و ستەملێکراوان، نەتەوە و وڵاتە داگیرکراوەکان، گەورەترین زیانمەندی ئەو خیانەتە و رەفتارەکانی ئەو تاخمە بوون، تەنانەت روودانی جگە لە گۆڕینی نەرێنی لە سایکۆلۆژیای کەسایەتی تاکی کوردی و جیھانی، بەھای کۆمەڵایەتی و مرۆڤیەکانیشی تێکدا، و لە جیاتی بڵاوبوونەوەی بەھا و پێوەرە جوان و مرۆڤدۆستی و بەزەیی و دلۆڤانی، و ئینجا ئازادی و خۆشگۆزەرانی و بەختەوەری و ئارامی و ئاسایش و ئارامی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و خۆراکی و ژینگەیی لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، و بە پێچەوانەوە پەرەیان بە بەھا نەشرینەکانی وەک لەخۆباییبوون و لووتبەرزی و تۆڵەسەندن و تووندوتیژی و رق و کینە و زۆرداری و سەرکووتکردن و چەوساندن و داگیرکاری و نادادپەروەری و مایەپووچییاندا، و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ھەموو ئەو رووداو و کارەسات و تووندوتیژیانەی داگیرکەرانی ناوچەیی و میلیشیاکانی شێعە و سۆننە و داعشیان و ئینجا خەڵک و تاخمەکەی چەواشەکاری ئاژاوەگێڕی گێرەشێوێن لە شارەکانی کوردستان لە ماوەکانی پێش و دوای ریفراندۆم کردیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێ بەبیانۆی نەھێشتنی گەندەڵی و لابردنی دەستھەڵادارانی ئێستای کوردستان و حکومەتەکەی بەردەوامە و ھیچ خێر و بێری، بەڵکۆ ئامانجی، نەبووە جگە لە قایمکردنی شوێن پێی داگیرکەرانی کوردستان و لە سەرووی ھەمووشیان ئەوانەی لە مێنتالیتەی خۆیانەوە دژی کورد و کوردستانن. ھەموو ئەو لایەنانە، ھێز و توانا و وزەی خۆیان لە پیلان و سەرگرتنی خیانەتەکەی (١٦) ئۆکتۆبر وەردەگرن.
ئەو خیانەتە، تێکدانی بەھا کۆمەڵایەتی، سیاسی، سایکۆلۆژی و مرۆڤیەکانی لێکەوتەوە، چ لە کوردستان و چ لە ناوچەکە و چ لە جیھان، و تێرۆانینی خەڵک لە کوردستانیانی بەرەو ئاقارێکی نادیار برد. بۆیە پێویستە جیھانیان و بە تایبەت ئەو ئازادیخوازە گەنجانەی لە دژی کۆبوونەوەکانی G٨ و G٢٠و لە دژی زۆرداریی وڵاتانی چەوسێنەری پێشکەوتوو ئەنجام دەدەن، بە ھەمان شێوە لە دژی تاخمەکەی خیانەتەکەی (١٦) ئۆکتۆبریش ئەنجام بدرێتن، چونکە ئەوان جگە لەوەی کە بە رەفتار و خیانەتیان پێگەی داگیرکەرانیان لە کوردستان و جیھان قایمتر کرد، و ورەیانی بەرزتر کرد، و زەمینەیەکی گۆنجاو و لەبارتریان بۆ ستەمی ئەوان، و پەرەسەندنی سێ دیاردە و پەتای کۆشندەی جیھانی سەردەم و کوردستان، کە بریتین لە: تیرۆر، گەندەلێ و بڵاوبوونی بازرگانی چەک، رەخساند.
بێدەنگی جیھانیان لە ئاست ئەو خیانەتە، خۆی لە خۆیدا، خیانەتێکی مەزنترە، کە دوور نیە لە ئاییندەدا، بە بەھای لەنێو چوونی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی تەواو ببێ. بۆیە نابێ جیھانیان لێی بێدەنگ بن و بە چاوێکی تەسەک تەماشەی بکەن. * ئەم بابەتە لە رێکەوتی ١٠/١٢/٢٠١٧ نوسراوە. **پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top