پەیوەندی هەولێر و بەغدا بەرەو كوێ؟

پەیوەندی هەولێر و بەغدا بەرەو كوێ؟
ئەوەی ئەمڕو دەگوزەرێت سەبارەت بە خراپ بوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕاستیدا درێژەدانی مێژووی سیاسەتی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێڕاقە، لەكاتی دروستبوونی لە 1921 تا ئیستا. ئەو مێژووە پێمان دەڵێت عێراق هەموو جار ئامادەبووە تەنازوڵ بكات لە سەر هەموو شتیك تا زیان بەر كورد بگەینێت.
ئەنجوومەنی عوسبەت الئومەم لە 16 حوزەیران ی 1925 بڕیاریدا باشووری كوردستان ببێتە بەشێكی عێراق، دوای ئەوەی عێراق نەوتی كەركوكی رادەستی كۆمپانیای بەریتانی كرد، بەبێ ئەوەی باسی كورد و مافەكانی بكات لەو بڕیارە، بەهەمان شێوە سەدام حوسین خۆی دزییەوە لە رێككەوتننامەی یازدەی ئازار 1970 كە لەگەل مەلا مستفای بارزانی كردبووی بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كورد. لەساڵی 1975 لە جەزائر تەنازوڵی كرد، لەسەر بەشێك لە سەروەری شەت و العەرەب بۆ ئێران، بەرامبەر ئەوەی ئێران دەستبەرداری كورد بێت و چیتر هاوكاری شۆڕشی كوردی نەكات، كە مەلا مستفی بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد.
ئەگەر بە وردی تەماشای گۆڕەپانی سیاسی عێراق بكەین بەئاشكرا بۆمان روون دەبێتەوە، ئەو هەموو نەهامەتیی و شەڕ و نەخۆشییەی بەسەر عێراق هاتووە دەگەرێتەوە بۆ رێككەوتن نامەی جەزائیری ساڵی 1975 كە رژێمی بەعس تەنازوڵی كرد بۆ دوژمنانی خۆی، بەڵام ئامادە نەبوو تەنازوڵی بكات بۆ هاووڵاتییانی خۆی كە كوردن. بۆیە ئەگەر ئەو رێككەوتنە نەبوایە شەڕی عێراق و ئێران هەڵنەدەگیرسا، چونكە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو شەڕە پاشگەزبوونەوە سەدام حوسین بوو لەو رێككەوتنامەیە و لە نجامی ئەوەش شەڕی هەشت ساڵەی لێكەوتەوە و عێراق تووشی قەیرانی دارایی و كۆمەڵایەتی گەورە بوو، ناچار بوو كوێت داگیر بكات لە ساڵی 1991 بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی دارایی بكات، بەڵام سەركەووتو نەبوو، و عێراق كاوڵبوو تا ئەمڕۆ عێراق لە بەر ئەو هەڵەیە دەناڵێنێت .
هەر چەندە دوای روخاندنی رژێمی سەدام لەساڵی 2003 كوردەكان بۆ یەكەم جار هەستیان بە عێراقێتی خۆیان كرد و بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداربوون لە بونیاتنانی عێراقی دوای سەدام و توانیان لەگەڵ شیعەكان دستووری عێراقی هەمیشەی تێپەڕێنن لە ساڵی 2005. و بەشدارییەكی كارایان كرد لە پرۆسەی سیاسی لە بەغدا بەهیوای ئەوەی بتوانن پێكەوە عێراقێكی نوێ بونیاد بنێن لەسەر پرانسیپی دیموكراسی و فرە حزبی و پێكەوە ژیان كە هەموو نەتەوەو مەزهەبێك بە ئاسوودەی تێدا بژین.
بەڵام دیارە كورد ئەمجارش وەك هەموو جارانی تر هەڵە بوو لەو بۆچوونانەی بۆ عێراقی دوای سەدام دانا بووی، شیعەكان لەدوای ئەوەی پێگەی خۆیان توند كرد لە حوكمرانی عێراق خیانەتیان لە هاوپیمانی ستراتیچی خۆی كرد كە كورد بوو. دوای ئەوە كوردی گشتپرسی لە كوردستان كرد ئەوان هەڵوێستێكی زۆر تووندیان نواند بەرامبەر كورد، تا گەیشتە ئەوەی لە 16 ئۆكتۆبەر هێز بەكار بێنێت دژی كورد و توانی لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی و گروپێكی ناو یەكێتی كەركوك داگیر بكەن دوو سەد هەزار كورد لە كەركوك ئاوارە بكەن .
بۆیە پەیوەندی لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەستەمە بگەرێتەوە بۆ دۆخی جارانی پێش روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری 2017، چونكە بەغدا بڕوای بە مافی كورد نییە و بڕواشی بە فڕە حزبی نیە و لە رووداوەكانی ئەو دوایە بۆمان دەردەكەوێت عێراقی ئێستا لەگەڵ عێراقی جاران هیچ فەرقی نیە، تەنها و تەنها دەم و چاو گۆڕاون، چونكە گرفتەكە لەو عەقڵە دایە كە حوكمڕانی لە عێراق دەكات و كاراسەتەكە لێرە دایە تەنانەت نوخەبی عێراقی رۆشبیریش بەداخەوە زۆربەی زۆری بەو عەقلییەت هزر دەكاتەوە. هەر هەموویان دان بە مافی كورد نێن و مێژوو شایدی ئەوە دەدات هەر كاتێك عێراق لاواز بوو نزیكی كورد دەبێت و دانی بەمافەكانی دەدات و هەركاتێك بەهێز بێت شەڕی كورد دەكات و بەخیانەتكار ناوی دەبات .
ئەو هەموو روداوانە دڵنیامان دەكەنەوە كەبڕیارەكەی سەرۆك بارزانی لە 7ی حوزەیران لە ساڵی 2017 بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی زۆر راست و درست و بوێرانە بوو، لە جێگای خۆیدا بوو و كێشەی كورد گواستەووە بۆ قوناخێكی نوێ. و ئەگەر خیانەتكارانی 16 ئوكتۆبەر دەستیان لە ناو دەستی دوژمنی كورد نەنابا ئیستا لە قۆناخێكی تردا بووین و دانوستاندنمان لەگەڵ عێراق لەسەر سنوری هەرێم بوو نەك لەسەر پۆستی سەرۆكی كۆمار. لەهەمان كات ئەم خیانەتە كوردی خستە هەڵوێستێكی زور خراب و موحریج بەرامبەر بە دوستانی كورد: ئەمریكا و ئوروپا .
ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە عێراق هەوڵێكی خۆش نیە و لە قۆناخێكی خراپ دەچێتە قۆناغێكی خراپتر، بەتایبەتیش دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای دوبارە هەژماركردنی دەنگەكانی بەدەست پەسەند كرد، بەم یاسایە عێراق خرایە توونێلێكی تاریك زۆر ئەستەم لێی دەربچێت و عێراق بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەڕوات. بێ گومان هەرێمی كوردستانیش بەدەرنابێت لە نەرێنییەكانی ئەو یاسایە و كاریگەرێكی راستەوخۆ دەبێت لە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە هەرێم بە تایبەتیش لە زونی هەمە رەنگ. بۆیە ئەم یاسایە كاریگەرییەكی نەرینی دەبێت لەسەر كوردستان لە هەموو رویەكەوە .
وەكو دیار دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دووراوە و نایان ئەوێت دەسەڵات رادەست بكەن، دووبارە ژماردنی دەنگەكان هەر هەمووی نەیاساییە، چونكە ئەو یاسایە دەرئەنجانی دانیشتنی نائاسایی هاتەكایەوە پێشتر دادگای فیدراڵی دانیشتنی ئیستسنایی رەد كردۆتەوە و بەنایاسای لە قەڵەم داوە. بۆیە (ما بنیە علی الباتل فهو باتل) لە رویەكی دیكەوە ئەو هەنگاوە بێگومان ئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆرێت كە دەبێتە هۆی ناڕازی بوونی لایەنەكانی تر، ئەمەش ناكۆكی دروست دەكات و بنەما دەستوورییەكان هیچیان ناێتە دی و عێراق دەكەوێتە ناو بۆشاییەكی دەستووری و یاسای. و هیچ بڕگەیەك لە دستوور ماف بە پەرلەمان نادادت كە ماوەی خۆی درێژ بكات و نە بڕگەیەكی دەستووریشمان هەیە كە حكومەتێكی كار بەرێكەرمان پێك بێنین. بۆیە هەموو دەزگاگانی عێراق چ پەرلەمان یا حكومەت لە دوای 30 حوزەیران شەرعییەتیان نامێنێت، چونكە بە پێی دەقی دەستووری ئەوان بۆ ماوەی چوار ساڵ نوێنەری خەڵكن.
Top