مرۆڤایەتی بە تێکرا بەرپرسیارە لە کۆژرانی مەودا رانیەیی
June 13, 2018
وتار و بیروڕا
بەشێک لەو گەندەڵییە و سەرباری ھەموو جۆرەکانیتری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی، پەروەردەیی، و سایکۆلۆژی، و بەشێکیشی ئەو بزاڤانەن ھەردەم و ھەمیشە بەربەست و ئاستەنگی سەرەکیی یەکپارچەیی و یەکگرتن و یەکدەنگی و یەکڕیزیی کورد بووە لە بەردەم ھەڕەشە مێژووییەکانی سەر ژیانی تاک و کۆمەڵگای کوردستانی بە ھەموو نەتەوە و ئایینەکانییەوە، و ھەمیشە بە پیلانگێڕی و ئاژاوە و فەرتەنە و بوون بە داردەستی دوژمنان، دەرفەتیان داوەتە دوژمنانی کوردستان بەسەر ویست و ئیرادەی کورد و لە قۆناغە ھەستیار و لە کاتەکانی سەرکەوتن و لووتکەی بۆێرییدا، نەتوانن بڕیارە چارەنووسسازەکانیان جێبەجێ بکەن، و ھەوڵی گەیشتن بە ئازادی و ئارامی و ئاسایشی سایکۆلۆژی بدەن. ئەمانە ھەمووی لەم تاوانەدا پشکی شێرییان بەردەکەوێ.
وڵاتانی رۆژئاوا و بازرگانانی مرۆڤایەتیش بێبەش نین لەم تاوانە. ئەوانەی بانگەشەی دیمۆکراسی دەکەن، و سەربنی یاساکانیان پڕە لە چەمکی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و ... ھتد، کەچی بە تێکبەردانی نەتەوەکان، بۆ گەرمکردنی بازاڕی چەک و کاڵاکانیتری خۆیان، دەبن بە ھۆکاری نادادپەروەری و نایەکسانی و بندەستی و چەوساندنەوەی نەتەوەکان، و کاتێکیش یەکێکی وەک "مەودا" روو لەم وڵاتانە دەکات تا تۆزێک لە ئازار و ئەشکەنجەی دیکتاتۆر و گەندەڵکاران و ناداپەروەران بحەسێتەوە، وڵاتێکی نادیمۆکراسیی وەک بەلژیک، جینۆسایدی دەکات.
و لە یاد نەکرێت کە وڵاتانی بەناو ئیسلامی ناوچە و رۆژھەڵاتی ناوین، و تێکرای سەرکردە و سیاسەتوانان، تەنانەت زۆرێک لە رۆشنبیر و ئەکادیمییەکانیان، چ ئەوانەی بەناوی ئایین یان ئەوانەی چەپگەرا و علمانین، و نەتەوەکانی ناوچەکە دەچەوسێنن و بوونەتە ھۆکار ناوچەکە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ھەموو جیھان، یەکەم و گەورەترین بەرپرسەکانی شەھیدبوونی "مەوداکانی کوردستانن".