خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیک بۆ مان و نەمانی جمھوری ئیسلامی ئیران

خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیک بۆ مان و نەمانی جمھوری ئیسلامی ئیران
ساڵانێکە ھەندێ وڵات و لایەن ھەوڵی نەمانی جمھوری ئیسلامی ئیران و ھێنانەوەی رژێمێکی نوێ دەدەن، خافڵ لەوەی کە چارەسەرەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترن، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە ھەیە کە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆزترین بوونەوەرە لەم گەردوونەدا، نەک لادان و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و دەستھەڵات. باشترین بەڵگەش لە ھەمان وڵاتە کە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو چەند جار ئەم کارە تیایدا رووی داوە کەچی دیسان خەڵک داوای گۆڕنی سیستەم و دەستھەڵاتی کردووە، و جگە لە شوێن وڵاتانی دیکە.
بێگۆمان گۆڕینی سیستەمی نوێ، کە روودانی نەک سەدا سەد بەڵکۆ سەدا مەلیۆنە، ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و جارێکی دیکە رژێمێکی دیکە بە پشتیوانی وڵاتێکی دیکە یان راپەرین یان ھەر شێوازێکی دیکە پەیدا دەبێ و ھەمان رەفتار و کردار و بڕیارەکان دەدرێت و ھەمان گرفتەکان سەرھەڵدەدەنەوە و دیسان داوای گۆڕانی دەکرێت، و لەوانەشە ھەموو ئەو سیناریۆیانە بە قسە و بڕیارێکی پاشگەزبوونەوەی ئێران لە زۆرێک لە ھەڵسوکەوت و پرۆژەکانییەوە رووی نەداتن، و ئەمەش قازانجێکی میلەتە بەستەزمانەکەی ئەو وڵاتەیە کە ساڵانێکە بەدەست نەداری و جەنگەوە دەناڵێنن.
کۆماری ئیسلامی دەیتوانی بە چەند دەستپێشخەری سادە و بۆێرانە رێگە لەو مەھانانە بگرێ کە بوونەتە ھۆکاری سەرھڵدانی قەیرانی ئێستای و ئێستاشی لەگەڵدابێ درەنگ نیە چونکە کۆلۆنیالیزمی جیھانی زۆر لەوە بەھێ.ترە کە بتوانرێت رێگە لە دەستوەردانەکانی بگیرێتن بەتایبەت کە رەفتارە ناشرینەکانی ھەندێ لایەنی ئەو کۆمارە کاری لە کار تەرازانندووە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی و ھەندێ لە کاربەدەستانی دڵسۆز ھەوڵێکی جددی نەدەن، ئەگەری تووشکردنی ئەو نەتەوەیە و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانستان زۆر نزیکە لە جەنگێکی خوێناوی، کە ھەم وڵاتانی دیکەی ناوچە و بەتایبەت نەیارانی کەنداو و تورکیا و ھەم رۆژئاوا و رۆژھەڵات، تەنانەت ئەوانەی خۆیان دڵسۆز و پشتەوانی ئەو رژێمە پیشان دەدەن، و بە تایبەت بلۆکی بەناو کۆمۆنیستی چین و رووسیای فیدراڵ سودمەنترینی لایەنەکان دەردەچن و تەنھا میلەتانی ستەملێکراوی ئێران دەبن بە قۆچی قۆربانی.
بەشێکی زۆر پراکتیکیی ئەو رێگەچارەیانە بریتین لە:
١- بە زووترین کات راگەیاندنی گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات لە کۆماری بۆ سیستەمی فیدراڵی بۆ نەتەوە جیاواز و سەرەکییەکانی نێو خاکی ئێستای ئەو وڵاتە و بەتایبەت کورد و بەلووچ و ئازەرەکان و ئەوانیتر بە پێی قەبارەیان، کە دەکرێ بە سەرژمێرییەکی گشتی بزانرێت.
٢- دەستھەڵگرتن لە دژایەتیکردنی وڵات و نەتەوەی جووڵەکە، کە خۆی ململانێیەکی بەوەکالەتە لە لایەن لایەنە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە و لە جیاتی نەتەوەی عەرەبی لەگەڵ نەتەوەی جوولەکە دەکرێت. ئەو ھەنگاوە بە شکۆیەکی گەورە بۆ ئێرانیەکان دەگەرێتەوە چونکە بەر لە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ جوولەکەکان بە شاھانی ئێرانی دەیانگۆت "پەیامبەر"، چونکە ئەوانیان لەدەستی زۆڵم و ستەمی خەڵک دەرھێنابوونی.
٣- لادانی ھەموو ئەو گەندەڵکارانەی کە لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و تەخشان و پەخشانکردنیدا دەستیان ھەبووە و بە تایبەت ئەوانەی لە لووتکەی دەستھەڵاتدا بوونە، بوونەتە ھۆکاری دیار نەمانی نزیکەی ٨٠٠ مەلیار دۆلاری سەروەتی وڵات و چوونی بۆ بانکەکانی رۆژئاواییەکان، تەنانەت ئەو رۆژئاوایانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارەیە ئێستا زۆر پێداگری لەسەر گۆڕینی رژێم دەکەن، تا ھەم ئەو پارەیەیان بۆ بمێنێتەوە و ھەم ئەو کەین و بەینەی لە نێوانیان و نێوان ئەو کەس و لایەنانە ھەوبووە وون ببێ.
٤- دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەتەی ھێشتان لە نێو خاکی ئێران ماوە و ئاودیوی سنوورەکان نەبووە و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی وڵات و خاوەنە رەسەنەکەی کە خۆدی خەڵکی برسی و ھەژار و دامای ئێرانە، کە لەو ماوەیە دا ھزاران بەڵا و مۆسیبەتی بینیوە و مەلێنەھا تووشبووی بە دەرمانە بێھۆشکەر و سڕکەر، و ڕاکردن لە ماڵەوە و بەتایبەت کچان و ئافرەتان و یان لەشفرۆشیان یان فرۆشتنیان بۆ وڵاتانی دیکە و بەتایبەت وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو و بازرگانیکردن بە ئەندامی جەستەیان و ...ھتد، تەنھا بەشێکن لە تراژێدیای ژیانی تاکی ئێرانستان بە ھەموو نەتەوەکانیەوە، و بەتایبەت ئەوانەی کە سیستەمی ئێران زیاتر بە ھۆی بیروباوەری مەزھەبییەوە، خستوویەتی ژێر گۆشاری خۆی.
٥- ھەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە بەرگرییەی ئێستاکەیی و بەتایبەت سووپای پاسداران و بەسیج و ئەوانەی کە لەژێر فەرمانی لایەنی ئێرانی و بۆ پاراستنی رژێم کار دەکەن و گرنگیدان بە ھێزەکانی گشتی کە بەناوی ( ئەرتشی) ئێران دەناسرێتن و زیاتر ئۆمێدی بێلایەنی و سەربەخۆیی لێدەکرێت، چونکە لە لایەک ئەو ھێزە تایبەتانە سەرچاوەی گەندەڵی ئابووری و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵک و سەرەوتی گشتیین و لە لایەکیترەوە سەرچاوەی ھەڕەکردنن لە وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچەکە و بەتایبەت عەرەبەکانی کەنداو و جوولەکە، و ئەوەش بەھێ.ترین بەھانەی گەندەڵی ئەم وڵاتە و یەکگرتنی ئاپۆرەی وڵاتانە بۆ نەھێشتی ئەو رژێمە و سەپاندنی جەنگێکی خوێناوی بەسەریدا.
٦- گۆۆڕینی روانگە و باوەری ئایینی و دوورکەوتنەوە لەو تووندھاژۆییە و دەمارگیرییە و خۆپەرێستییەی کە ئێستا بوونی ھەیە و زۆر بەھێزە و گەورەترین بەھانەی ململانێیەکانیەتی لەگەڵ جیھانی سیاسی و ئایینی نێوخۆیی و جیھانی دەرەوەی ئێرانستان، کە لەبنەچەدا دەمارگیرییەکی ھاوردەیە و لەگەڵ ئەو ئایینەی کە پێش ئێستا و ئێرانییەکان بۆ ماوەی نزیکەی ١٣٠٠ ساڵ بڕاوایان پێبووە، ناگۆنجێ. میانەرۆیی ئایینی دەردی زۆرێک لە دەردەکانی سیاسی و ئایینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەیە.
٧- رێزگرتن لە ویست و داخوازی وڵاتانی دەوروبەر و نەتەوەکانی و بەتایبەت کوردەکان، چ وەک مرۆڤ و ئێنجا وەک برایەکی ئاریایی، و بەتایبەت ئەوەی بەندە بە ھەوڵەکانی بۆ بوون بە دەوڵەتێکی سەربخۆ لە باشووری ئێراق، و دەستھەڵگرتن لە نەخۆشی پارانۆیانەی خۆی بەرامبەر بەم دۆزە رەوایەی، کە تەنانەت خۆدی ئێرانییەکانی پارس چەندەھا سەدە ئەو ئەزموونەیان ھەبووە و دەردەکانی ئێمەیان چێشتووە، و زۆر جار جینۆسایدکراون. بەداخەوە ئەم وڵاتە لە ماوەی ریفراندۆمی ئازادیخوازنەی کوردستانیان بە بێ رەچاوکردنی ئەو رێژە بەرزەی بەشداری و سەرکەوتنی دەنگی "بەڵێ" بە رێژەی (٩٣%) زیاترین زیانی بە متمانەی کورد بە گشتی بە نەتەوەی پارسی برا گەیاند، و پیشانی دا ئەوان خیانەتیان بە دوو ئایین کردووە، ھەم ئیسلام و ھەم زەردەشتی، و ئەوەش ھەوڵەکانی جیھانی بۆ نەھێشتن و لەکارلادانی ئەو سیستەمە چڕترکردەوە. ھەڵبەت نەک لەبەر چاوە رەشەکانی کورد بەڵکۆ وەک بەھانەیەک بۆ ئەو چەندە و ھێرشەکان کە ئاوێتەی زۆر بەھانەی دیکە ببوون.
ئەمە و خاڵی ھاوشێوە ئەوانەی سەرەوە دەتوانن ئێرانستان لەو قەیرانە سیاسییە رزگار بکەن و رێگری لەدەستوەردانی دەرەکی و رووخانی بگرن.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ

Top