قوتابخانەکانمان بکەینە شوێنی درووست کردنی کەسایەتی تۆکمە و بوێر

قوتابخانەکانمان بکەینە شوێنی درووست کردنی کەسایەتی تۆکمە و بوێر
یونانیەکان دەلێن " دوای ئەوەی کوڕی ئیمپراتۆر دەچێتە قوتابخانە ئینجا وەکو منداڵەکانی تری خەڵک دەبێت".
گومانی تێدانییە بە زانست و زانیاری ووڵاتەکان نەتەوەکان بنیات دەنرێن ، وە ئەو ووڵاتانەی کە گرنگی و بایەخ بەفێربوونی زانین دەدەن زۆر دەستکەوت بەدەست دەھێنن دەگەنە لوتکە لە زۆربەی بوارەکان. وە ئەو ووڵاتانەی گرنگی و بایەخ بە فێربوون و خوێندن نادەن ناگەن بە ھیچ شتێک و دەستکەوتیان نابێ، گەر سەیری ووڵاتانی وەکو ژاپۆن و کۆریا و ئەمەریکا بکەین دەبینین ووڵاتێکی تۆکمە و پێشکەوتوویان دامەزراندووە و بودجەیەکی زۆریان لە پێناو فێرکردن و فێربوون تەرخان کردووە و کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی لە پۆستە باڵاکانی فێرکردن و پەروەردە توانیویانە رۆڵ بگێرن و سەرکەوتوو بوونە و بۆیە توانیویانە ووڵاتێکی بەھێز و ئابوریەکی جێگیر و تۆکمە بەدەست بھێنن. لەو چەند ساڵانەی دوایی دا چەند ووڵاتێکی عەرەبی وەکو (قەتەر و ئیمارات و ...)گرنگی و بایەخی زۆر بە فێرکردن دەدەن و قوتابخانە و زانکۆی وا بنیات دەنێن کە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون ئاسانتر بێت و ھەموو پێداویستیەکانیش فەراھەم دەکەن و قوتابی ھەست بە ئاسودەیی و دڵنیایی و ئارامی دەکات و ئەوەش دەبێتە ھاندەری باش بۆ بەدەستھێنانی فێربوون و بنیاتنانی بەھرەکانیان و ھەر ئەوەش چەندەھا پاڵەوان و داھێنەریان لێ درووست دەبێت لە زۆربەی بوارەکان.
ھەرگیز ناوانین رۆلی قوتابخانە لە بەرچاو نەگرین لە درووست کردنی کەسایەتی بەھێزی قوتابی و دەرخستنی بەھرە و تواناکانی بۆیە پێویستە ئەوپەری گرنگی و بایەخ بە قوتابخانەکانمان بدەین تا بتوانن رۆلی زیندوو و کاریگەری خۆیان ببینن لە دروستکردنی کەسایەتی بەھێز بۆ قوتابی لە ھەمان کاتدا کەس و کاری قوتابی ئەوکات ھەست بە ئارامی و ئاسودەیی دەکەن کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەیەکی باش و پێشکەوتوو بێت و ھەموو پێداویستیەکانی فێربوون و فێرکردنی تێدا فەراھەم کرا بێت و بەرێوەبەر و کارگێڕٍی قوتابخانە لە کەسانی دڵسۆز وچاڵاکی پەروەردە بن و ھەردەم لە خەمی پێشکەوتنی قوتابخانەکەیان بن، چونکە ئەو قوتابیە لە قوتابخانە فێری بنەما باشەکانی ژیان دەبێت لە ئەنجامی رەفتار و ھەلسوکەوت کردنی لەگەڵ مامۆستاکان و بەرێوەبەر ھەر قوتابخانەشە تەواوکەری ماڵ، بۆیە قوتابی لە قوتابخانە خۆی لە بەردەم کۆمەڵگەیەک دەبینێتەوە و فێری رێزگرتنی گەورەکان و سۆزی بچووک دەبێت و فێری ھاوکاری کردن و ھەرەوەزی و خۆشەویستی خەڵکانی ترەوەیە.
ھەر بۆ نموونە لەکاتی ئەنجامدانی چاڵاکیە وەرزشییەکان قوتابی کە بەشداری دەکات واتە متمانەی بەخۆی ھەیەو دڵنیایی زیاتر دەبێت لەو کاتەی لە یارییەکان سەرکەوتوو دەبێت و مەدالیا بەدەست دەھێنێت بە تایبەتی لە یارییەکانی کۆمەلی وەکو یاری تۆپی پێی و بالە و تۆپی دەست کە بەبێ ھاوڕێکانی ناتوانێ سەرکەوتوو بێت ئەوەش نیشانەی پێکەوە کارکردن و یاری کردن و تەبایی و یارمەتیدانی یەکترە ، واتە جارێکی تر فێری کۆمەلە سیفاتی باش دەبێت لە قوتابخانە .
بۆیە گرنگە ئەو جۆرە یاری و چاڵاکییانە بەردەوام لە قوتابخانە ئەنجام بدرێن کە متمانە و دڵنیایی و سیقە زیاتر دەکات لای قوتابی لە ئەنجامدا کاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لە سەر بنیاتنانی کەسایەتی بەھێزی قوتابی و جگە لەمەش، گرنگە لەلایەن مامۆستا بەرێزەکان قوتابیەکان بەشداری پێ بکەن لە وانەکان بە گشتی نابێت ھیچ قوتابیەک فەرامۆش بکرێت و دەبێت ھەموویان بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری وانە و بابەتەکان بکەن ئەوەش وا دەکات قوتابی شارەزایی وخۆشەویستی زیاتر بێت بۆ قوتابخانە و بابەتەکان ئەگەر لە قوتابخانە نەبێت کاتی زیاتری دەوێت بۆ زانین، بەڵام لە قوتابخانە لە سەر سینی یەکی زێر لە بەردەم قوتابی دادەنرێت کە رۆڵی مامۆستا نابێ لە بیر بکرێت . چونکە مامۆستا ھەر تەنھا بابەتەکە باس ناکات بۆ قوتابی بەڵکو شارەزایی خۆی بۆ قوتابیەکان باس دەکات و ئامۆژگارییان دەکات و رێگای راست و درووستیان نیشان دەکات وایان لێ دەکات لە ژیان بگەن و خۆیان لە کێشە و گیروگرفت بپارێزن و کەسایەتی جوانیان بۆ درووست دەکات.
دەبینین ھەر قوتابخانەیە قوتابیان فێری زۆر شت دەکات و بەڵام گرنگترینیان کە قوتابی لە قوتابخانە فێری دەبێت توانای قوتابییە لە سەر چۆنیەتی رەفتارکردن و ھەلس وکەوت کردن لەگەڵ قوتابیەکانی تر و بەدەستھێنانی چەندەھا ھاوڕێ باش و خاوەن متمانە و ھاوکاری و یارمەتیدان یەکتر و خۆشەویستی و رێزگرتن لە نێوان قوتابیەکان خۆیان و بۆ مامۆستاکانیش ھەر ئەوەش دەبینین زۆربەمان ھاوڕێ قوتابخانەمان لە یادە و رۆژانی قوتابخانەمان ھەرگیز لە یاد ناچێت و شانازی پێ دەکەین و ھەر قوتابخانەشە توانیویەتی نەوەیەکی کارا و بوێرو بەرھەم دار بێنێتە بەرھەم بۆ کۆمەڵگە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ناخۆشیەکانی ھەبێت و خۆی رابگرێ و لە ھەمانکاتیشدا توانای داھێنان و گەشەکردن وسەرکەوتنی ھەیە و دەستەمۆ نابێت بەردەوام دەبێت.
بۆیەش دەبینین ووڵاتە پێشکەوتووەکان بە فێرکردن و زانست توانیویانە ووڵاتی بەھێز درووست بکەن کە تاکەکانیان خاوەن بەھرە و داھێنانی بەردەوامن و بەو کەرەستانە دەتوانن ببنە ئەندامی کارا و ھەمیشەیی ، لە ووڵاتە گەشەسەند و پێشکەوتووەکان لە ھەمان کاتیشد بەو کەرەستانە خۆیان دەپارێزن لە تۆز و رەشەبای رۆژگاری خۆلەمێش لە کۆتاییدا گرنگە و پێویستە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە و بەداوداچوونی باش و وورد بکەین لەلایەن کەسانی راستگۆو بە ویژدان و پسپۆڕ لە بواری فێرکردن و خوێندن تا بتوانین قوتابخانەکان بکەینە شوێنی درووستکردنی کەسایەتی تۆکمە و بوێر بۆ قوتابیەکانمان کە گەورە بوون کەسایەتی بەھێز و پسپۆڕیان ھەبێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئارەزوو و خواستەکانیان نەبن و دەستەمۆ نەکرێن و بەھرە و تواناکانیان لە پێناو کۆمەڵگە و کوردستان بێت و خاوەن متمانە و ھەڵوێست و رای خۆیان بن و لە ئەنجامدا کەسایەتیان جێگیر دەبێت ووڵاتانیش پاشەرۆژی روون دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top