پارتی،بارزانیی پاراستنی سەروەری و شكۆی كوردستان
June 12, 2018
وتار و بیروڕا
ئەو وڵاتە داگیركەرانەی كە واكوردستانیان داگیر كردووە و كوردیان كردۆتە ژێردەستەی خۆیان، بە چاوی مرۆڤێكی هاوكوفی خۆیان سەیری كورد ناكەن، لە ناو هزری ئەواندا واتا عەرەب، فارس ، تورك كورد و هەموو نەتەوەكانی تری ژێر دەستیان بە كۆیلە دەزانن و گەرەكیانە هەر بە كۆیلەش بمێنن، ئەوان دەیانەوێ سەركردایەتی جیهانی ئیسلامی بكەن و ژێردەستەكانیش دەست لە سەر سینگ بن و هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە كە ئازادی داوا بكەن، پەیوەندی نێوان كورد و ئەو نەتەوانە پەیوەندیەكی یەكسان نیە پەیوەندی داگیركار ژێر دەستەیە. تاكە رێگای بەردەمی كورد شۆڕشی بەردەوامە لە پێناو ئازادی و هەول بدات خۆی بە هێز بكات و سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتوو دروستبكات، خەیاَل پڵاوییە كە بتوانین ئەو عەقڵییەتە بگۆڕین كە حوكمی بەغدا و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق دەكات، كە هەموویان هاوبەشن لە دژایەتی كردنی كورد و دۆزە رەواكەی، چوونەوە بەغدا هیچ كێشەیەكی كورد چارەسەر ناكات، ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر دەكات یەكگرتوویی كورد و هێزەكەیەتی، چونكە هەركاتێك عێراق هێزی هەبێت پەلامارمان دەدات، رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری دەرخەری ئەم راستییەن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە گریانەوە داوای لە سكۆتلەندییەكان كرد لە بریتانیا جیانەبنەوە، كەچی عەبادی منەتی ئەوەی بەسەر دەكردین كە وەك سەددام حسێن قڕی نەكردین.بۆیە نابێت كورد خۆی بەوە مژوول بكات گوایە عەقلییەتی حوكم لە بەغدا دەگۆرێت، لەوەتەی ئەم دەوڵەتە هەیە كورد كاری بۆ ئەمە كردووە، بەڵام ئەم هەرگیز روو نادات، چلۆن بیر لەوە بكەینەوە كە عەمامە بە سەرێكی وەك موقتەدا سەدر حكومەتێكی مەدەنیمان بۆ دروستبكات؟كورد تەنها بە هێز مافە زەوتكراوەكانی دەگێرێتەوە، بۆ ئەوەی هەبین دەبێت هێزمان هەبێت.
گەر هەڵوەستەیەك لە سەر پەیامە گرنگ و مێژووییەكانی سەرۆك بارزانیی بكەن هەمیشە جەختی لە سەر یەكریزی نێوماڵی كورد دەكاتەوە و چونكە كاتێ یەك دەنگ بین دوژمنان ناتوانن زیانمان پێی بگەێنن و لە ئامانج و مافەرەواكانمان بەلارێدامان ببەن.كورد وەك نەتەوەییەكی رٍەسەن و خاوەن شوناس و نیشتیمانی تایبەت بەخۆیی لە وەتەی هەبووە هەر تێكۆشاوە و جەنگییەوە لە پێناو مافە ڕەواكانی خۆیی و گەیشتن بەو مافانە ، ئەگەر بێتوو مێژووی كورد بخوێنینەوە بە تایبەت لە دوای سەدەی نۆزدە ەوە وا دەردەكەوێت كە شكستی كورد زۆربەی جار بەهۆی یەكنەگرتن و ناپاكیكردن بووە لە یەكتری ، كە ئەمەش جێی داخە بەڕاستی ، ئیمرۆ پێویستیەكی مێژووییە كە هەموو كورد لە سەنگەری یەكریزی نیشتمانی دابێت بۆ بەرگری لە دەستكەوتەكانی كوردستان ، پشتگیریكردنی برا پێشمەرگەكانمان كە ئێستا لە سەنگەری بەرگریدان ، چونكە پێشمەرگە تاكە خەمخۆری وڵاتەكەمان و پارێزەری ئەم خاكەن ، با هەموومان پێكەوە پشتگیری لە مافەكانمان بكەین و یەكریز بین تاكو بتوانین سەربەخۆیی بەدەست بێنین و ئێمەش وەكو هەموو گەلانی جیهان بگەین بە مافەكانمان ، چونكە ئەوەی روودەدات هەموومان لێی بەرپرسین هەر یەكە لە ئێمە پشكێكی لە سەركەوتن و شكستدا هەیە ، كاری ئازادیخوازەكانە داوای یەكریزی و تەبایی كردن ، لای هەمووان ئاشكرایە كورد یەكریز نەبێت بەرگەی شەماڵێك ناگرێ ، چاندنی رق و كینە و شكاندنی یەكتر جیاوازی نییە لەگەڵ خواستی دووژمنان بو ئەوەی سەركەوتو بن لە داگیركردن و وێرانكردنی نیشتیمانەكەمان ، گەرەكە ئێمە بپرسین كە ئاخۆ كەی هەوڵی جددی بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشانە ئەدەین ئەگەر ئەم دەردە خۆ خۆریە نەبوایە بەڕای من هەر لە سەرەتاوە سەربەخۆ ئەبووین ، با ئیتر بەس بێت ئەم هەموو رق و كینەیە بەرامبەر بە یەكتر بائیتر هەموومان یەكتر قبوڵ بكەین و یەك دڵ بین ، با هیچ كات ئەو شەهیدانە لە یاد نەكەین كە خوێنی خۆیان رشت و خۆیان كردە فیدای ئەم گەلە بو ئەوەی بگات بە ئامانج و سەربەخۆیی كوردستان ، كە ئەم هەموو تاڵانكردن و وێرانكاریەی شارەكانی وڵاتم ئەبینم بیر ئەكەمەوە ئەڵێم چۆن یەكرێز نەبین ؟! چۆن هەموومان پێكەوە ئامانجمان بڵاوكردنەوەی ئاشتی نەبێت ، لەم باردۆخەدا پێویستە هەر تاكێك لە ئێمەی كورد بیر لە ژیان و چاكەی گشتی كوردستان بكەینەوە بەبێ بەرژەوەندی تایبەت ، تا مێژووە تاریكەكەی چەندەها ساڵەی كورد لە ژێر دەستی بسڕینەوە ، وا ئەركە لەم ساتە هەستیارەدا لایەنیگیری حیزبی وەلابنێین ، لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە یەكرێزی و یەك دەنگی هەیە ، با واز لە چەواشەكردنی یەكتری بهێنین چونكە ئەوەی روویدا ڕۆیشت بوو بە رابردوو وەكو رووداوەكانی تری مێژوو بەڵام با ببێتە هەوێنێك بۆ ئاواتی سەربەخۆیمان ، چونكە ئیمرۆ گرنگە و پێویستیمان بە یەكرێزی هەیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و لە پێناو گەیشتن بە كەنارٍی سەقامگیری و دڵنییاییی..