بە بێ‌ سەرۆك بارزانیی ، پارێزگاری لە شوناس و دۆزی كورد مەحاڵ بوو

بە بێ‌ سەرۆك بارزانیی ، پارێزگاری لە شوناس و دۆزی كورد مەحاڵ بوو
خەبات وهەوڵە بەردەوامەكانی پێشمەرگە ،سەرۆك بارزانی لە ماوەی رابردوو لە بەرانبەری دۆزی كورد نەك تەنیا لە باشووری كوردستان بەڵكو لە سەر ئاستی كوردستانی گەورە سەڵمێنەری كوردپەروەری و نیشتیمانپەروەی ئەو رٍابەرە كارێزماییەن بە تایبەت لە كاتە هەستیارەكاندا و كەس ناتوانێت نكۆڵی لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیی لەپێناو یەكبوون و یەكڕیزی ناو ماڵی كورد بكات، هەروەكو چۆن هیچ كەس و گروپ و تاقمێك ناتوانێت رۆڵی ئەو سەركردەیە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان بسڕێتەوە كە لەپێناو كورد و كوردستان هەنگاوی بۆ ناوە، تەنانەت نەیارانی كوردیش جگە لەوەی شاهیدییان بۆ ئەو رۆڵەی داوە، ناچاریش بوون رێزێكی تایبەتیان بۆ سەرۆك بارزانی هەبێت لەبەر ئەو پێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەی كە جەنابیان هەیەتی، لەمەدا دەبێت بە ویژدانەوە باس لە شتەكان بكەین، ئێستا لە كوردستان دەرفەتی باشمان بۆ رەخساوە هێزێكی گەورەی وەكو داعش كە لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكێنرا، دیارە فاكتەری هاریكاری ئەم سەركەوتنە، لە رێگەی ئەو پێوەندییە نێودەوڵەتییە بووە كە بارزانی لەناو وڵاتانی زلهێزی دنیا هەیەتی كە وایكرد ئەو وڵاتانە یارمەتی و پشتیوانی سەربازی و كۆمەكی چەك و تەقەمەنی بگەیەننە پێشمەرگە، ئەمە لە كاتێكدا بەغدا و حكومەتی عێراق بەو قەبارە و هێزە سەربازییە گەورەیە و هاوكارییەكانی ئێران و بگرە هاوپەیمانەكانیش نەیانتوانیوە سەركەوتنی گەورەی هاوشێوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر داعش تۆمار بكەن. هەروەها لە كاتی پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبەر و گەمارۆیی دیپلۆماسی و دارایی چۆن رووبەرووی یان بۆوە و تێكی شكاند. هەموو ئەو هەوڵانە پێمان دەڵێت كورد لە ئێستادا پێویستی بە كەسایەتی بارزانی هەیە، بارزانی كەسێكی بەئەزموون و سەرۆكێكی دیار و بەحیكمەتە و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان سوود لە ئەزموون و تواناكانی وەربگرن لە پێناو خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بۆ هەر چوار پارچەكەی كوردستان و پرسی كورد، من دڵنیاشم هەوڵەكانی لە پێناو بەدیهێنانی خەونی گەورەی كورد و بە ئارٍاستەی رێگەیەكی راست و دروست دەچێت و لە داهاتوودا كوردستانی سەربەخۆ دەبینین.بارزانیی ئەو سەركردە مێژووییەی كورد و كوردستانە كە توانیی وەك چییاییەكی پۆڵایین شوناسی نەتەوەیی و مێژوویی گەلێكی چەوساوەی دەستی داگیركەران بپارێزێ‌ قوتابخانەی پاك و بێگەرد و دابەش بوونی رەسەنی كوردایەتی، كە لە ئەزموونی شۆڕشەكانی بارزان و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، وە تا شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و پێشەوا قازی محەمەد تا كۆمەڵە نەتەوەییەكان، سێ‌ دەیەی یەكەمی سەدەی بیستەم، بەرە بەرە رەهەندێكی فیكری و نوێ و روونتر و عەقلانیتری وەرگرت، لە سیاغەكرددنی ئامانج و تاكتیك و شێوە كارەكانی خەباتی بارزانیدا، وەك باكگراوندێكی پڕ لە ئەزموون، حزورێكی بەردەوام و قووڵی هەبوو .
ئاگاداری و شارەزایی بارزانی لە بیری پێشكەوتنخوازانەی ئەوسای دنیای رۆژهەڵات، كە ئاسۆیەكی تازەی لە بەردەم بیری سەرجەم مرۆڤایەتیدا كردەوە، لە تێڕوانینی جەدەلییانەی بارزانیدا بە روونی رەنگی دەداتەوە. ئەو پرنسیپە نەگۆڕەیش كە لە هەموو ئەم رەگەمایانەدا دووبارە دەبووەوە، بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بوو . هەر لەو رووەشەوە بوو، كە بارزانی نەمر توانستی ئەوەی هەبوو لە یەك كاتدا لەگەڵ تەوژمە باوە بەهێزەكانی سەردەمی خۆی لە رۆژهەڵاتگەرایی و رۆژئاواگەرایی و بێلانگەرایی وڵاتانی جیهانی سێ‌، مامەڵە بكات و هەڵبكات، بێ ئەوەی خۆی ون بكات و سەربەخۆیی خۆی لە دەست بدات . سەرۆك بارزانیش كە هەڵگری ئاڵایی كوردستان و میراتێكی گرانبەهایی گشت شۆڕشەیەك لە دوای یەكەكانی كوردستانە كە هەموویان رێگە و كاروانی گەیشتنە بە لووتكەی سەرفرازیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان.

مێژوو و قوربانیدان‌و خەمخۆری‌و دڵسۆزی سەرۆك مسعود بارزانیی بۆ كورد لە مێژووی نەتەوەیی‌و قۆناغی خەباتی شاخ‌و شار‌و ئەو هەموو ئەزیەت‌و هەروازو نشێوەی بینیوویەتی، پاڵپشتی ئەو راستی‌و زەروورەتە دەكات، لە هەمان كات بە درێژایی خەباتی نەتەوەیی سەرۆك بارزانی هەوڵی پەیوەندی دروستكردن‌و راكێشانی پاڵپشتی دەرەوە بووە، ئەو جۆرە پەیوەندی‌و ئاستی پەیوەندیەكان‌و تەنانەت سەرسامبوونی وڵاتە باڵادەستەكان بە جەنابیان‌و گەیاندنی كێشە‌و پرسی كورد بە بەرزترین ئاستی بڕیارو ناوەندی سیاسی جیهان، دەخوازێ‌ درێژە بە‌و هەنگاوە بدرێ‌، چونكە هێشتا ئێمە وەك كورد نەگەیشتووینەتە تەواوی مافەكانمان، واتە سەرۆك بارزانی ئەو دەروازەی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ وڵاتان سەركەوتنی گەورەی لە ناساندنی دۆزی كورد بە دونیا لێكەوتەوە ، هەر خۆیشی شایستە‌و شایەنی پەرەپێدان‌و تەواوكردنی ئەو هەنگاوەی هەیە تا كورد دەگاتە ئاواتی خۆی.رۆڵ‌و هەوڵی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگ‌و دیارو بەرچاو بووە، بە تایبەتی توانی بە شێوەیەكی زۆر رێك‌و سەركەوتووانە كوردستان بپارێزی‌َ و رێگری بكات لە دەستی رەشی تیرۆرستان، كە دزە بكەنە ناو كوردستانەوە، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق بەو هەموو ئیمكانیەت‌و هێزەوە نەتوانی ئەمە بكات، وێرای ئەوەی كە ئاراستەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش لە بری زۆربەی وڵاتانی دونیا بە شێوەیەك برد، كە وڵاتان بە تایبەتیش زلهێزەكان درك بەوە بكەن كورد لە جیاتی هەموو دونیا شەڕی داعش دەكات، بەو هەنگاوەش توانی زۆربەی وڵاتان بێنێتە سەر خەت‌و نوێنەریان بێتە كوردستان‌و دەستخۆشی لە كوردو پێشمەرگە بكەن، ئەم هەنگاوە بۆ كورد هێندەی هەموو دونیا لە رووی سیاسیەوە گەورە‌و گرنگە، وێڕای واڵاكردنی دەرگای كوردستان بەڕووی ئاوارەو لێقەوماوان كردەوە، بەبێ جیاوازی نەتەوە‌و ئایین‌و مەزهەبەوە، ئەمەش ئەگەرچی بارگرانی بۆ خەڵكی كوردستان دروستكرد، بەڵام بۆ ئێستا‌و ئایندەی كورد نموونەی هەرە بەرزی ئەخلاق‌و مرۆڤدۆستییە، كە بەو هۆیەوە زۆرێك لە وڵاتان ستایشی ئەو هەنگاوەیان كردو زۆر بە جیدی پاڵپشتیان بۆ كوردو كوردستان دووپات كردەوە، ناكرێ نكۆلی لەو راستیە حاشا هەڵنەگریە بكرێت، كە سەرۆك بارزانی خاوەنی هەڵوێست‌و جوامێری‌و بڕیاری بوێرانەیە، بۆیە هەمووان هەست بەو راستیە دەكەین، كە ئەگەر هەوڵ‌و بڕیاری بەڕێزیان نەبوایە بە تایبەتی لەگەڵ بەغدا، لەوانە بوو ئەوان هەرچییان لە دەستیان هاتبا دەرهەق بە كورد ئەنجامیان دابوایە.هەر سیاسەتی حەكیمانەی جەنابیان بوو وایكرد، لەڕووی گەشەی ئابووری‌و گەشەسەندنی ئاوەدانی‌و پەلكێش كردنی كۆمپانیا ناودارەكانی دونیا بۆ كوردستان‌و بەستنەوەی ئابووری هەرێم بە زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانەوە، كوردستان گەشەسەندنێكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، ئەگەر كەسایەتی‌و متمانە‌و پێگەی سەرۆك بارزانی نەبووایە، لەوانە نەبوو بەو ئاسانیە ئەو كارە بكرێ‌.سەرۆك بارزانی ، سەركردەیەكی كاریزما‌و خەمخۆرە و گەلی كوردی لە پیلانگێری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی پاراستووە .
Top