ئەوانەی ئێستا دژایەتی ریفراندۆم دەکەن، دوێنێ چییان دەگوت؟

ئەوانەی ئێستا دژایەتی ریفراندۆم دەکەن، دوێنێ چییان دەگوت؟
ئەوانەی ئێستا بە فەرمانی داگیرکارانی کوردستان یان لەبەر بەرژەوەندی حزبی و بە بیانووی کاتی نییە، لە دوژمنان سەرسەختانەتر کەوتنە دژایەتی ریفرادۆم و شەڕی سەربەخۆیی کوردستان، دوێنێ دەیانگوت: سەرکردایەتی سیاسی کورد هەڵەی کرد کە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەوڵەتی کوردی رانەگەیاند، ئەوە لە کاتێکدایە کورد ئەو کاتە لەژێر چەتری ئارامی هاوپەیمانان دەپارێزرا و هیچ سەرچاوەیەکی ئابووریشی نەبوو، جگە لەوەش وڵات وێرانە و کاولکراو بوو.
یان دەیانگوت: سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ساڵی ٢٠٠٣و دوای رووخانی رژێمی بەعس دەرفەتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە دەست دا، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوکاتە ئەمەریکا حوکمی عێراقی دەکرد و ئەویش سوور بوو لەسەر یەکپارچەیی عێراق.
گریمان دژانی ریفراندۆم و بەرەی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پارێزەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق، راست دەکەن و کورد ئەو دوو دەرفەتەی لە دەست داوە، بەڵام دەپرسم: بە کام پێوەری سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەهاری ساڵی ١٩٩١و ساڵی ٢٠٠٣ زەمینەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێستا لەبارتر بووە؟
ئەو دەستە و گرووپانە هیچ بەرنامەیەکی سیاسییان نییە و سیاسەتی پێچەوانەیان کردۆتە بەرنامەی کاری خۆیان، ئەوکاتەی بەرەی سەربەخۆیی دەڵێن: زەمینە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەبار نییە، بەرەی دژانی سەربەخۆیی و عێراقچیەکان دەڵێن: دەرفەتێکە و ئەگەر لە دەستمان بچێ، جارێکیتر دەرفەتی وا نابینینەوە، خۆ ئەگەر بەرەی سەربەخۆیی بڵێ: ریفراندۆم دەکەین و بۆ سەربەخۆیی بڕیار لە خەڵکی کوردستان وەردەگرین، ئەوان دەڵێن: ریفراندۆم بەڵایە و ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی کورد بەرەو هەڵدێرمان دەبات، بەڵام با ئەوانە دڵنیابن کە ئەو ریفرادۆمەی ئەوانە بە سەقەت و بەڵای دەزانن، تاپۆیەکی رەشە و ئەو تاپۆیە کورد دەکاتەوە خاوەنی هەموو ئەو ماف و ئازادیانەی بە هێزو پیلانگێڕی داگیرکارانی کوردستان و خۆفرۆشی ئەو دەستە و گرووپانە لێی زەوت کراون.
باشە گریمان لەو دوو کاتەدا دەوڵەت راگەیەنرابا و سەرکەوتووش با، خۆ تەنها لەو سێ پارێزگایە و بێ کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر دەبوو، دڵنیام ئەوکاتیش وەک پیشەی خۆیان دەکەوتنە موزایەدە و دەیانگوت: جا ئێمە بێ کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر دەوڵەتمان بۆ چییە؟! بۆیە پێویستە کورد چیتر گوێ لە سیاسەتی پێچەوانەی ئەو دەستە و گرووپانە نەگرێ و سیاسەت لەگەڵ واقعی بارودۆخەکە بکات، نەک لەگەڵ سیاسەتی پێچەوانە و خەیاڵبازی ئەو دەستە و گرووپانە،
Top