رەهەندە ئابووری و ژینگەییەكانی وزە
May 21, 2018
وتار و بیروڕا
بەبازاڕكردن و بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی وزە لە لایەك مایەی ئاوەدانی و پێشكەوتنە ئابوورییەكان و خۆشگوزەرانی خەڵكە، ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و رەنگدانەوەی هەبێت لە پێشكەوتنی ژێرخانی ئابووری- بازرگانی و بەتایبەتیش پڕۆژە پیشەسازییە تەحویلی، خۆراكی و پیترۆكیمیاوییەكان، كە ئەمەش دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی مرۆیی و دابینكردنی هەلی كاردن و ئەمنی خۆراك كە بنەمای پێشكەوتنی وڵات و پەرەپێدانن، لە لایەكی تر زیادەڕۆیی و خراپ مامەڵەكردن لە بەكارهێنانی بەتایبەتیش لە سێكتەری بەكاربردن وەك ئەوەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان زورترین بودجەی بۆ تەرخانكراوە كە هەمیشە رێژەكەی لە سەرووی 70% بووە، بە پێچەوانەی سێكتەری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری كە لە باشترین حاڵەتدا 30%ی تێنەپەڕاندووە. ئەم زیادەڕۆییەی بەكاربردن جگە لە زیانی ئابووری نیشانەی كەمتەرخەمی و لادانە لە پێوەرە ئابوورییەكان بە پلەی یەكەم، كە بەشی هەرە زۆری ئەم خەرج و بەكاربردنە بۆ سێكتەری خزمەتگوزاری و وزەیە بە بێ پەیڕەوكردنی پێوەرە ژینگەییەكان و لێكۆڵینەوە لەو بوارە، كە ئەمڕۆ كێشەی پیسبوونی ژینگە بە مەترسیدارترین كێشەی سەردەم دەژمێرێت بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی، هەر بۆیەش لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسە جیهانییەكان و گەورە وڵاتانی ئابووریی جیهان لە زۆربەی كۆبوونەوە و كۆنگرەو كۆنفڕانسە جیهانییەكاندا ئەم كێشەیە ئامادەبوونی هەیە و بەشێكە لە ئەجینداكان بەمەبەستی چارەسەر و، بۆ گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە پلانەكان و داڕشتنی پلانی نوێی ئابووری- ژینگەیی بە تەندروست بەكارهێنانی وزە، چونكە بەكارهێنانی بێ ئەندازەی وزە كاریگەریی سەرەكییە لە سەر پیسبوونی ژینگە، بۆیە ئێمەی كوردیش دەبێت خوێندنەوەو پلانمان هەبێت بۆ ئەم بابەتە گرنگە، لە تێگەیشتن و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وزەدا، كە خۆمان خاوەندارێتی دەكەین و پشكی شێری بوجەی وڵاتمان لە سەر بەرهەم و پێشكەوتنەكانی كەرتی وزەیە، كەواتە پەرلەمان و حكومەت بەرپرسی یەكەمن بۆ دەركردنی یاساو رێساكان و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی پەرەپێدانی وزەو پارێزگاریكردنی و تاك بەتاكی كۆمەڵگەش ئەركیانە كە بە جددی لەم پڕۆسە ئابووری و مرۆییەدا بەشدار و هاوكار بن.
پارێزگاری و پاشەكەوتی وزەو بەفێڕۆنەدانی لەم سەردەمەدا بۆخۆی هونەری دابینكردنی وزەی زیاترە بۆ هەمووان، جگە لەوەی كە رێزگرتن و بگرە ئەركێكی مۆراڵێكی نیشتمانییە بەرامبەر خاوێن راگرتنی ژینگەو ژەهراوی نەكردنی بە گازو پاشماوە كاربۆنییەكان، بێگومان كاتێك باس لە پاشەكەوتی وزە بكرێت، دەبێت وردەكاری و كاریگەرییە ئابووری و ژیگەییەكان و رەهەندەكانی گۆڕانكاری لە وزەی هایدرۆكاربۆنی بۆ وزەی نوێ و ئاڵتەرناتیڤەكانی وزە بەهەند وەربگیرێت.
گرنگیی مێژوویی وزە لەوێوە دەست پێدەكات، كاتێك ئادەمیزاد هەر لە سەرەتاكانی مێژووەوە بۆ یەكەم جار بە «ئاگر» ئاشنا بوو، ئەمە بووە یەكەم هەنگاو بۆ گرنگی و سوودوەرگرتن لەم چەشنە سەرەتاییەی وزە لە ژیانی مرۆڤ و كاروبارەكانیدا، بەتایبەتیش بەكارهێنانی بۆ كاروباری جیاوازی ژیانی رۆژانەی وەك رووناكی، خۆگەرمكردنەوە و ئامادەكردنی خۆراك و پاشان پیشەسازییە سەرەتایی و ئامێرەكانی كشتوكاڵی و چاندن و راوكردن و بەرگریكردن و زۆر پێویستی و چالاكیی تریش بە سوودوەرگرتن لە وزەی سەرەتایی و هێزی هەڵم، پاشانیش نەوت و غازو كارەبا.
دواڕۆژی وزە:
ساڵانە جۆرەها لێكۆڵینەوەو كۆڕو كۆبوونەوەو كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی و لۆكاڵی ئەنجام دەدرێت لەسەر وزەو پێشكەوتنەكانی لە سەرانسەری جیهان، بەشداری پسپۆڕانی وزەی كورستان لەو كۆنفڕانسانەدا كاریگەری و گرنگی خۆی هەیە بۆ زیاتر روونكردنەوەو دەوڵەمەندكردنی ئەم سێكتەرە گرنگە و پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزەی كوردستان، چونكە وزە وەك كاڵایێكی گرنگی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە هەركوێ بێت لە جیهاندا، یان لە هەرێمی كوردستان، رەواج و بەها و رۆڵی خۆی هەیە لە رووی ئابوورییەوە، بە گوێرەی بارودۆخ و پێویستیی بازاڕ و رێكخستنی لەسەر بناغەی دابینكردن و داواكاری واتە (العرض والطلب) و هەروەها رێكخستن و چاودێری پڕۆسەی بە بازاڕكردن «ماركێتن»ی غاز و نەوت كە ئێستا كارەباشی گرتووەتەوە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وزە ئەمڕۆ نەك هەر كاڵایێكی گرنگ و ستراتیجییە، بەڵكو پەیوەندی بە پڕۆسەی ئابووری و جۆرەها پیشەسازیی گۆڕینی و پترۆكیمیاوییەكانەوە هەیە كە شادەماری ئابووریی جیهانن، بۆیە دەبێت هەمیشە بەدواداچوونی كێشەو پێشكەوتنەكانی بكرێت و لێكۆڵینەوەی زیاتر و وەبەرهێنان بكرێت لە شوێنی بەرهەمهێنانەوە بۆ گواستنەوەو بەبازاڕكردن، هەر بۆیەش هەر نشوستی و ئاڵۆزییەك، یان گۆڕانكارییەك لە نرخی وزە، یان نەوت كاریگەری راستەخۆ، یان ناڕاستەخۆی هەیە لەسەر سیستەمی ئابووری و سیاسیی جیهانی بەگشتی و ژیانی هازوڵاتیان لە وڵاتانی پەیوەندیدار بەتایبەتی.
وزە، یان ئینێرجی، بە گشتی بەكار دەهێنرێت بە گوێرەی پێویستی بڕەكەی لە كات و ماوەیێكی دیاریكراودا بۆ ئەنجامدانی كارێك، یان جووڵەیێك و جۆرێك لە چالاكی بە مەرجێك كەمترین وزە بەكار بێت بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیاریكراو لەكاتێكی دیاریكراوداو ژینگەیێكی تەندروستدا، لە روانگە ژینگەییەكەیەوە، كە وزەی نوێ واتە وزەی سەدەكانی داهاتوو كە زۆر جیاواز دەبێت لە جۆرو چەشن و چوستی، واتە رێژەی بەرزیی چالاكیی و پارێزگاری و پاشەكەوتكردنی وزە بەگشتی بە ئەركێكی گرنگی نیشتمانی دەژمێردرێت بە پەیڕەوكردنی پێوەرە ژینگەییەكانی وزە كە ناسراون بە:
Energy Conservation or Energy Efficiency،
لەم سەردەمەدا زۆرترین گلەیی ئاژانس و رێكخراوەكانی ژینگەپارێزی و نەتەوە یەكگرتووەكان و (ئێن جی ئۆ)كان لە سەر كەرتی وزەیە، بەتایبەتیش وزەی گازو بەرهەمە نەوتییەكان (فوسێڵ)، لە ئەنجامی زۆری و نادروست بەكارهێنانی وزەو بەفێڕۆدانی، كە دەكرێت بەشێكی دیاری پاشەكەوت بكرێت، كە لە ئەنجام زیادەڕەوییەكە لە دەركردنی جۆرەها گازی ژەهراوی تێكەڵ بە ژینگەی هەوا دەبێت، كە كێشەیێكی مەترسیداری جیهانی دروستكردووە، وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێ داوە و زیاتر پەیوەندی بە پەنگدانەوەی گەرماییە كە ناسراوە بە (Global Worming- الاحتباس الحراری) و گۆڕانكاری كەش و هەواو توانەوەی بەستەڵەكە سەهۆڵییەكان، هەر بۆیەش چەندەها كۆنگرەو پەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهاندا دەبەسترێت دەربارەی ئەم بابەتە، كە گرنگترینیان پەیمانی نێودەوڵەتیی كیۆتۆی ژاپۆن و پاریسە لە وڵاتی فەڕەنسا لە ئۆكتۆبەری 2015بۆ پابەندبوون بە بڕگەكانی كە واژووكراوە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیاوە كە عێراقیش ئەندامە لەو پەیماننامانە، كەواتە هەرێمی كوردستانیش پابەندە پێیان، لە بڕگە گرنگەكانی ئەو پابەندبوونە بە چەند میكانیزمێك رێكخراوە كە ئاماژەمان پێداون و گرنگترینیان بۆ پێشخستن و برەودانە بە وزەی خاوێن كە ناسراوە بە: «میكانیزمی بووژاندنەوەی وزەی خاوێن- سی دی ئێم CDM- Clean Development Mechanisms»
ئەمە لە لایێك، لە لایێكی تر پابەندبوون بە رێژەی دەردانی گازە كاربۆنی و مەترسیدارەكان كە زۆرینەی لە ئەنجامی بەكارهێنانی وزەی زۆرو سووتاندنی سووتەمەنیە فۆسیلییەكانە، كە لە ئەنجام حكومەتەكان و كۆمپانیاكانیان پابەند دەكات بە دانی باجی جۆراوجۆر، بەتایبەتی باجی كاربۆن و قەرەبووكردنەوەی پێویست لە ئەنجامی بەدەركرنی گازە كاربۆنییەكان كە میكانیزمەكەش ناسراوە بە: «كاربۆن كردت Carbon Credits» كە خاوێن راگرتنی ژینگە و پارێزگاریكردن لە وزە و بەفێڕۆنەدانیە و مەبەستی سەرەكیی ئەم پەیماننامەو میكانیزمانە ئەوەیە كە گشتگیر بێت، ئەمەش كاری بەكۆمەڵ و بێوچانی دەوێت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە كە هەتا ئێستاش تێبینی دەكرێت بە شێوەی پێویست پەیڕەوی ئەو پێوەرە ژینگەیی و نێودەوڵەتییانە ناكرێت لە لایەن خودی وڵاتە پیشەسازییەكانەوە كە بەكارهێنەری زۆرینەی وزەن لە جیهاندا و هەتا ئێستاش وزەی كلاسیك، یان فۆسیل لە خەڵووز و سووتەمەنییە هایدرۆكاربۆنییەكان پشكی شێریان هەیە لە هۆكانی گواستنەوەی گشتی و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزەو بەتایبەتیش بەرهەمهێنانی وزەی كارەبادا. بە گوێرەی تازەترین ئاماری ئاژانسی وزەی جیهانی پشكەكان لە بەكارهێنانی وزەی فۆسێل هێشتا پتر لە 87% ی وزەی گشتییە لە جیهاندا، لەكاتێكدا وزەی خاوێن و ئاڵتێرناتیڤەكان ناگاتە 13% بە وزەی ئاویشەوە كە بە هایدرۆپاوەر ناسراوە. ئەگەرچی ئەم رێژەیەی دواییان بچووكە، بەڵام لە هەڵكشانی بەردەوامدایە و جێگەی دڵنیایی و هیوایە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ژینگەییەكانی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە سووتەمەنی. بێگومان سیناریۆ و پلانی داهاتوی زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو و تازە پێشكەوتوو كە دابەشكراون بۆ چەند گرووپێك، گرنگترینیان وەك: گرووپی-1 ئەمریكا، ژاپۆن، یەكێتی ئەوروپا و ئۆقیانووسی ئاسیا، گرووپی -2 چین، هیند، رووسیا، ئەوروپای رۆژهەڵات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق، ئەفریقا، بەڕازیل، ئەمریكای لاتین و ئاسیا كە هەر یەكە سیناریۆی خۆی هەیە بە گوێرەی پێوەرەكانی ئاژانسی وزەی جیهانی، كە جیاوازترە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستای وزە و پەرە بە زیادكردنی رێژەی وزە نوێبووەكان دەدرێت.
هەر چالاكییەك كە مرۆڤ، یان ئامێرەكان ئەنجامی دەدەن، پێویستی بە چەشنە وزەیێك هەیە لە وزەی سەرچاوە سرووشتییەكانی سەر گۆی زەوی، وەك: ئاو، هەوا، تیشكی رۆژ، گەرمای ژێرزەوی و سووتەمەنییەكان بۆ هەڵسوڕان و كارپێكردنی ئامێرەكان، وەك: خەڵووز و خەڵووزی بەردین، نەوتی خاو، گازی سرووشتی، وزەی ئەتۆم، هایدرۆجین، كارەبا، وزەی رووەكی (بایۆماس) یان رۆنی رووەكی كە پێشی دەوترێت (بایۆ فیوڵ) كە چەشنێكی تری وزەی نوێ و خاوێنە و لە وڵاتە پێشكەوتوو و ژینگەپارێزەكان دەست بە بەكارهێنانی كراوە، وەك وزە و سووتەمەنی بایۆ فیوڵ، سەرەڕای ئەوەی كە ئەم چەشنە سووتەمەنییە سەرچاوەێكی سەرەكیی خۆراكەو ئاژانسەكانی ئاسایشی خۆراك و نەتەوە یەكگرتووەكان تێبینیان هەیە لەسەر بەكارهێنانی بایۆفیوڵ لە رۆنی گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە و.. هتد، بۆ بەرهەمهێنانی وەك سووتەمەنی، چونكە بە بۆچوونی ئەوان هێشتا ملیۆنەها خەڵكی برسی لە وڵاتە هەژارەكاندا خۆراكیان دەست ناكەوێت بۆ بەردەوامیی ژیانی رۆژانەیان و لە بەشێكی تری دنیادا رۆنی خۆراك بكرێت، بە سووتەمەنی وەك بەنزین بۆ نموونە، واتە وزەی سەردەم گشت سەرچاوەكانی وزەی خاوێن لەخۆ دەگرێت، ئەگەر كاریگەری تری نێگەتیڤیان نەبێت، یان هەر سەرچاوەیێكی تری جووڵەو بزوێنەرێك، ئەمەش وزەی ئەتۆم و گردیلكەكان و ماددە كیمیاییەكانیش دەگرێتەوە، كە لە بناغەدا مروڤ بەشێكی زۆر لەو سەرچاوانەو سووتەمەنیانە بەكاردێنیت بۆ بەرهەمهێنانی چەشنە وزەیێكی تر بۆ گەرمی و ساردی و جووڵە و سووڕانە میكانیكییەكان، لە دێرزەمانەوەش سوود لە هەندێكیان وەرگیراوە، وەك هێزی ئاو بۆ گەڕانی ئاش، یان هێزی هەوا لە كەنار دەریاو بیابانەكاندا، هەروەها بۆ گواستنەوەو ئەنجامدانی كارەكانی هاوشێوەی شەمەندەفەڕی هەڵمی لە سەدەكانی رابردوودا كە لە سەرەتادا بە خەڵووز كاری دەكردو پاشان نەوت و ئێستاش بە وزەی خاوێنی كارەبا.
بۆیە دەبێت گشت چەشنەكانی وزە و وزەی كارەبا بە چوستی بەرز و چالاكانە بەكاربێت و بەفێڕۆ نەدرێت، هەر بۆیەش بەشێكی زۆر لە ئاژانس و (ئێن جی ئۆ)كانی بواری ژینگە و خێرخوازەكان بەكاری پاشەكەوت و پارێزگاریكردن لە وزە هەڵدەستن بۆ پشتگیری لە هەردوو رەهەندە ئابووری و ژینگەییەكان، بۆ نموونە لەوانەیە كەم كەس تێبینی ئەوەی كردبێت كە یەك مێگاوات كارەبای بەرهەمهاتوو لە سووتەمەنییە هایدرۆكاربۆنییەكان تەنیا بۆ یەك كاتژمێر بەكارهێنان نزیكەی (630) كیلۆگرام گازی زیانبەخش و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەردەكات لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبادا، بە واتایێكی دیكە وێستگەێكی 3000 میگاواتی كە بەرهەمی كارەبای هەرێمە لە ساڵێكدا زیاتر لە شانزە ملیۆن تەن (16329600) لەو گازە زیانبەخشانە دەردەكات، زۆر بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 33%ی وزەی كارەبای ئێستا بەفێڕۆ دەدرێت، چونكە سەرەڕای كێشە جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و ناسەقامگیریی ئاسایش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە، هێشتا بایەخی دروست بە وزە نەدراوە و زۆر دوورە لە ستاندەرە نێودەوڵەتییەكان و ئەمەش كێشەی تەكنیكی و ژینگەیی و ئابووریی هەمەجۆری دروست كردووە و خودی هاووڵاتیانیش ناڕازین لەو خزمەتگوزارییە گرنگە، بە هۆی كێشە تەكنیكی و ناسەقامگیریی دۆخی كارەباو پچڕ پچڕییەكەی، بەڵام وەك بڕی بەرهەمهاتوو قۆناغێكی باشی لە چەند ساڵی رابردوودا بڕیوە.
لەكاتێكدا وڵاتێكی خاوەن نەوتی وەك عێراق كە لە ساڵی 1927 ـەوە نەوتی تیا دۆزراوەتەوە، ئێستا تەنیا توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 15000 میگاوات كارەبای هەیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە! كە زۆربەی هەرە زۆری لە سووتەمەنیە پترۆڵیەكانەوە بەرهەم دێت كە پتر لە 95%ـە و وزە نوێبووەكانیش جگە لە وزەی ئاو گرنگیی ئەوتۆیان پێ نەدراوە، بە پێچەوانەی وڵاتانی پێشكەوتوو، كەواتە جارێكی دی وڵاتانی پیشەسازی نەك هەر ترسی قەیرانی نەوتیان نییە، بەهۆی پلانی بەشداری ئاكتیڤی وزەی ئاڵتەرناتیڤ و ئەتۆم، ئەگەر كێشە تەكنیكی و نائارامیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی لێ دەركەین، ئابوورییە بەهێزەكان چاوەڕوانی زیاتر دابەزینی نرخی نەوتن وەك لە كۆتایی ساڵی 2014 بە روونی هەستی پێ كرا كە لە ماوەێكی كورت و تەنیا لە چەند مانگێكدا نرخی بەرمیلێك نەوت لە 115 دۆلار دابەزی بۆ ئاستێكی زۆر نزم و پاشانیش نزیك لە 70 بۆ 73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نیمچە جێگیرە.
رەهەندی پێشخستنی سەرچاوەكانی وزە:
ئەگەر هەموو چالاكی و پێشكەوتن و جموجووڵە مرۆیی و ئابووری و سەربازی و خزمەتگوزارییەكانی مروڤ راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بەستراون بە دابینكردنی سەرچاوەكانی وزەوە وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، كە واتە ئێمەی كوردو كۆمەڵگەی تازە پێگەیشتوو لە رۆژهەڵاتی ناوین لە كوێی ئەم دۆخەئاڵۆزەی وزەوداین؟
دیارە وەك لێكۆڵەرە زانستییەكان دەریانخستوە كە سەدان هەزار ساڵەو بگرە زیاتریش ئەم سەرچاوانەی وزە بوونیان هەبووە، بەتایبەتیش هایدۆكاربۆنییەكان واتە (نەوت و غاز) و خەڵووز و ئاو و ئاڵتەرناتیڤەكانیش بوونیان هەبووەو هەیە لە سەر زەوی و لە قووڵایی زەوی و دەریاكاندا، بەڵام جگە بۆ هەندێ كاری سەرەتایی وەك خۆگەرمكردنەوەو ماڵداری و پێویستییە سەرتاییەكان سوودێكی ئەوتۆیان لەو سەرچاوانە وەرنەگرتووە و وەك پێویست پێش نەخراوە بۆ كاروباری پیشەسازی و پیترۆكیمیایی، بەهۆی پێشنەكەوتنی زانستی و نەبوونی زانیاری و پشكنین و لێكۆڵینەوە جیۆلۆجی و تەكنۆلۆجیای نوێ لەو بوارەدا، زۆربەی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە زۆر لەمێژە خاوەنی زەوی و نەوت و ئەو سەرچاوە سرووشتییانەن، بەڵام نەیاندەتوانی لە قووڵاییەكانی هەزاران مەتری ژێرزەوی دەریبهێنن و وەك ئێستا بیپاڵێون. ئەمە واقیعەو نابێ نكۆڵی لێ بكەین و دەبێت لێكۆڵینەوەو پشت بەستن بە زانست و تەكنۆلۆجیای نوێ پەرەی پێ بدەین.
ئەگەرچی پیشەسازیی وزە لە سەرەتاكانیدایە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەكە و بگرە جیهانیش، چونكە لە بناغەدا پڕۆسەكە نوێیە، حكومەتی هەرێم بەبی هیچ پاشخانێك و لە سفرەوە دەستی پێكردووە و لەماوەی چەند ساڵێكدا بەرهەمهێنانی نەوتی دەست پێ كردووە، هەروەها كارەبا لە 300 میگاواتەوە بۆ 3000 میگاوات بەرز بووەتەوەو، توانراوە هەنگاوی سەركەوتوو بنرێت، سەرەڕای مكوڕیی نەیارە سەرسەختەكان بە شكستهێنان بە سێكتەری وزە و گەلەكۆمەكییان لەسەر ئابڵوقەی گەلەكەمان، تەنانەت بە بڕێنی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران، بەڵام زاڵبوونی ئیرادەی كورد و راكێشانی كۆمپانیا جیهانی و بەئەزموونەكان لە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزی جیاواز بۆ هەرێم لە ماوەیێكی كورت و قیاسیدا، سەركەوتنێكی تری سیاسەتی سەركردایەتیی گەلی كوردستانە، سەرەڕای كەموكوڕییەكان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر دەڕۆین، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، بۆیە بەفێڕۆنەدانی ئەركی هەمووانە بەبێ جیاوازی.