گرنگی كردنەوەی كونسۆلخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانێ

گرنگی كردنەوەی كونسۆلخانەی ئەمریكا لە هەرێمی  كوردستانێ
هەندێك لە هاووڵاتییان كردنەوەی گەورەترین كونسۆلخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بە كارێكی باش نازانن و وا بیر دەكەنەوە كە هەرێمی كوردستان دەبێتە شوێنی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی سیاسیی ئەمریكا و رۆژهەڵاتی ناوەراست، لێ‌ بەپێچەوانەوە پێموایە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە گرنگی هەرێمی كوردستان نیشاندەدات لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و، لە ناوچەكە بە تایبەتی. پێویستە بزانین كردنەوەی كونسۆلخانەی وڵاتێك لە وڵاتێكی دیكە چ گرنگییەكی هەیە و چ رامانێك دەدات؟ كردنەوەی كونسۆلخانە لە هەر ولاتێك گرنگی تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ناچینە سەر وردەكارییەكان و باس لە گرنگی كردنەوەی كونسۆلخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەكەین.
بەكردنەوەی ئەم كونسۆلخانەیە دەرگایەكی راستەوخۆی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا دەكرێتەوە، بە تایبەت كە گەورەترین كونسۆلخانەیە هێمایەكی ئاشكرایە بۆ پشتگیری ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و گرنگی و گەورەیی هەرێمی كوردستان نیشاندەدات، نەخاسمە تاكوو ئێستا هەرێمی كوردستان ئەمنترین ناوچە بووە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناڤین و هەمیشە ئەمریكییەكان وەكوو ماڵی خۆیان سەیری هەرێمی كوردستانیان كردووە. ئەم كونسۆلخانەیە لەسەر رووبەری 2000 كیلۆمەتر چوارگۆشە، بە گۆژمی 600 ملیۆن دۆلار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت و بە ماوەی چوار ساڵ تەواو دەبێت. ئەم چوار ساڵەش هاوكاتە لەگەڵ دووەمین هەڵبژاردنی عێراق و تا ئەو كات چاوەڕێ‌ دەكرێ‌ گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا روو بدات، بە تایبەت عێراق و ئێران و سووریا و، كورد سوودمەند و هۆكاری یەكەمی ئەم گۆڕانكارییانە دەبێت. كوسۆلخانەكە لە كاتێكدا بەردی بناغەی بۆ دانرا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆلێكی گەورە دەبینێت لە هاوكێشە سیاسییەكاندا و بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەورۆپا.
بێجگە لە ئارامی و ئەمنییەتی هەرێمی كوردستان و خاوەن پێشمەرگەیەكی بەهێز، ژێرخانی ئابووری گەورە هۆكارێكی دیكەی كردنەوەی ئەم كونسۆلخانەیەیە، چەند هۆكارێكی دیكەی كردنەوەی كونسۆلخانەكە بریتین لە دەوڵەمەند بوونی هەرێم بە سەرچاوە سروشتییەكانی وەكوو غاز و نەفت و، پێكەوە ژیانی چەندین ئایین و نەتەوەی جودا بەبێ‌ هەبوونی بچوكترین كێشە لە نێوانیاندا و پاراستنی ماف و ئازادییەكانی ئەم كەمە ئایین و نەتەوانە لە ژێر سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەرێز نێچیرڤان بارزانی.
هەروەك بالیۆزی ئەمریكاش (دۆگلاس سیلمیان) لە وتارێكدا باسی ئەم پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستانی كردووە و ئاماژە بەوە دەكات كە كونسۆلخانەی ئەمریكا گرنگییەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دەدات و لە رووی پەیوەندییەكانی دیپلۆماسی، بیناسازی، ئەندازە، تەكنولۆژیا، هۆنەری و فەرهەنگ و ژینگە پارێزی و چەندین بواری دیكە هەرێمی كوردستان و گەلانی ئەمریكا لە یەكتر نزیكتر دەبنەوە.
بێگومان كردنەوەی ئەم كونسۆلخانەیە لە زۆر رووەوە هەرێمی كوردستان پێشدەخات و كەرتی گەشتیاری و كارگێڕی و خزمەتگوزاری دەبووژێتەوە و پێویستە هەموومان هاوكار بین لەگەڵ سەرۆكوەزیران بۆ پێشخستنی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.
Top