بە ژمارەی کورسی شاگەشکە مەبن و بە کەمیش پرسە مەگێڕن
May 20, 2018
وتار و بیروڕا
پێشتر و لە خوولەکانی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و چەندین وەزیر و پۆست و دەیان پەرلەمانتارمان هەبوو، ئەوەی بەغدا لە چارەسەری کێشەکاندا پەنای بۆ دەبرد بەکارهێنانی هێزی سەربازی و کەمینە و زۆرینەی پەرلەمانی بوو، هیچ کامێکیش لەو پلە و پۆستانە نەیانتوانی پێشی پێبگرن، بەغدا کەی لە بەرژەوەندی بایە هێزی بەکار دەهێنا و کەی بیویستبایە زۆرینەی پەرلەمانی، بەشێکی نوێنەرانی کوردیش لە بوارە سەربازیەکەدا دەچوونە سەنگەری دوژمنان و لە زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانیشدا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی عەرەب بەرزی و نزمیان بە دەستیان دەکرد، دەنگدان بە حەشدی شەعبی و بێدەنگیان لە ئاست رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و راکەڕاک و بەجێهێنانی فەریزەی حەجی سیاسی سێ لایەنەکە، سێ بەڵگەی زیندووی ئەو راستییەن کە ناکرێ کوردبی و خۆزگەی گەیشتن بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان لەسەر کەمی و زۆری ژمارەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هەڵچنی، چونکە نە بەغدا بڕوای بەوە هەیە کێشەی کورد لەناو پەرلەماندا چارەسەر بکات، نە پەلەمانتارانی کوردیش دەتوانن کێشەی کورد لەناو پەرلەماندا چارەسەر بکەن.
کێشەی کورد لە بەغدا کێشەی زەوتکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و نکولی کردنی بەغدایە لە گێڕانەوەی ئەو مافە زەوتکراوانە, بۆیە بە راشکاوی دەڵێم: کورد بە یەکگرتوویی و بە (٢٠) پەرلەمانتار بچێتە بەغدا، باشترە لەوەی بە (١٠٠) پەرلەمانتار و وەک ئەو خوولەی رابردوو بە پەرتەوازەیی و جاسووسی کردنی چەند پەرلەمانتارێک بۆ عەبادی و عەرەب بچێتە بەغدا.
مێژووی خوێناوی نێوان کورد و عەرەب ئەو راستییەی سەلماندووە کە مانەوە لە عێراقدا جگە لە ژێردەستەیی هیچ دەستکەوتێکی تری کورد نابێ، کێشە و ئاڵۆزیە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان و دەستوەردانی دەرەکیش تادێ یەکپارچەیی عێراق دەخەنە ژێر گوشاری دابەش بوون، لێرەوە پێداگریەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیارو ئیرادەی خەڵکی کوردستان زیاتر و زیاتر دەردەکەون، چونکە ئەگەر کورد لە ئەگەری هاتنە پێشی هەر گۆڕانکارییەک چەکی ریفرادۆمی بەدەست نەبایە، هیچ دوور نییە کێشەی کورد و پرسی سەربەخۆیی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان جارێکی تریش بکرێنە بەڵا گێڕەوەی بەرژەوەندی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، بەڵام بە ریفراندۆم و دەنگی ٩٣% بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق، هیچ بیانوویەکی بۆ دوژمنان و نەیارانی ناوخۆش نەهێشتۆتەوە کە کورد بە مافی سەربەحۆیی نەگات، بۆیە پێویستە حزب و لایەنەکانی کوردستان ئەوەندەی چاویان لەسەر پێشهات و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکانی ناو عێراق بێت، ئەوەندە چاویان لەسەر کەمی و زۆری ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان نەبێت، چونکە تەنها بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی دەتوانن لەناو گۆڕانکاریەکاندا بوونی نەتەوەیی و کوردبوون بدۆزنەوە، نەک بە ژمارەی کورسی و نمایشی حزب حزبێنە.