رووداو پێشهاتەكان سەڵماندی ئەرکی پارتی چەندە قورس و بەرپرسیارانە مامەڵەی كردووە ..
May 20, 2018
وتار و بیروڕا
بە تێگەیشتن و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی لەلایەك و هەست بە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەم قۆناخە وەك رێبەرێك لەلایەكی دیكەوە بەو جۆرەیە: ئەو كاتە پارتی و گەلی كوردستان سەركەوتوو دەبن، كە لە هەردوو ئەركی دەوڵەتداری و گەمەی دیموكراتی هاوسەنگی رابگیرێت و دەستكەوتە نیشتمانییەكان نەكرێت بە قوربانی سەركەوتنی حزبی، یان بردنەوەی سندوقەكانی هەڵبژاردن، بەداخەوە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم تێگەیشتن و بیركردنەوەی مسعود بارزانی بۆ ئایندەی ئەزموونی دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستاندا، زۆر جاران بەو جۆرە بووە كە هەندێك لایەنی سیاسی هەڕەشە لە تێكدانی ئەو هاوسەنگییە بكەن لە پێناوی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لەسەر مافەكانی خۆی سازش بكات و لە پێكهێنانی حكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رەچاوی ئەو ئیستحقاقە نەكرێت كە پارتی لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەدەستی هێناوە. بۆیە لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستانەوە لە ساڵی 1992ـەوە هەتا ئێستا، بەردەوام ئاكامەكانی هەڵبژاردن پێوەر نەبوون بۆ پێگەو شكۆی پارتی و بەردەوام پارتی لە پێناوی راگرتنی هاوسەنگی لە نیوان دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتیدا، لە مافەكانی سازشی كردووەو داكۆكی لەسەر نەكردووە. لەم روانگەیەوە و لەمیانەی شرۆڤەكردن بۆ رۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا، هەموو كات پارتی ئەركێكی زیاتری لە حزبێكی سیاسی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەسەر شان بووە و نەیتوانیوە وەك هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان بە تێڕوانینێكی موجەڕەددی حزبییانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات و تەنانەت ئەگەر لە كاتێكدا پارتی بۆ ماوەیەكیش وەك حزب پێداگیری لەسەر مافەكانی خۆی كردبێت، ئەوا كە قۆناخەكە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كوردستان هەبووبێت، پارتی لەبەر رۆشنایی رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە دەستبەرداری مافەكانی خۆی بووە و لە پێناوی یەكڕیزی و یەكدەنگیدا نەرمی نواندووە. ئەركی سەرشانی ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی لە لایەنەكانی دیكە قورستر كردووەو دەبێت سنگفراوانەتر لەگەڵ ئەو بارودۆخە مامەڵە بكەن و زیاتر خۆیان ماندوو بكەن بۆ ئەوەی لە چەمكی پارتی وەك رەشماڵێكی فراوانی بیری نەتەوەیی تێبگەن و شان بدەنە بەر ئەوەی كە ئەركی پارتی، لە ئەركی هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان قورسترە، هەروەها دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارچێوەیەی كە فیكری بارزانی پارتی كردۆتە سەروەرییەكی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك كە ئەویش رزگاربوونی نەتەوەیەكە لە ژێردەستەیی و كۆیلەیی، ئەوجا ئەگەر پشكی شێر لەم رێگەیەدا و بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە بەر پارتی بكەوێت، ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابین كە پشكی پارتی لە دەستكەوتەكانی ئەم پرۆسەیە لە هەمووان كەمتر دەبێت و وەك سەرۆك بارزانی چەندین جار ئەمەی پێ راگەیاندووین: پارتی بۆ قوربانیدان هەموو كات لە پێشی پێشەوە دەبێت بۆ دەستكەوتەكانیش باكی نییە ئەگەر لەدوای دواشەوە بێت. لە قۆناغێکی وەک ئێستادا کوردستان زیاتر لە ھەر شتێکدا پێویستی بە پارتی ھەیە چونکە پێگەی کورد لە بەغدا وا بەستەی پارتی یە کە لە ژێر رۆشنایی دەرەنجامەکانی ھەلبژاردن دا کە سەنگ و پێگەی جەماوەری پارتی بۆ ھەموولایەک دەرکەوت ئەرک و بەرپرسیارەتی پارتی قورستر بووە کە دەبێت ئەم متمانەیە بپارێزێت و لەسەر ھەلوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دا بەردەوام بێت ، بۆ ئەوەی ئەو گەلەی دەیان ساڵە قوربانیی دەبەخشێ و تێكۆشاوە بگەێنێتە كەناری ئارٍامی و وەك هەموو گەلانیی دونیا خاوەنی كیانی سەربەخۆیی خۆی بێ. ئێستا بارودۆخێك لە ئارٍایە كە دەبێ لە نێو عێراقێكی پر ئاڵۆزی و نادیار لە رووی سیاسی و ئایندەوە بەردەوام بێ ،بۆیە وەك هەمیشە سەرسەختانە لە مەیدانی تێكۆشان گشت هەوڵەكانی دەخاتە گەر تا ئەو مافەرەوایانەی كە بە پاساویی دەستوور خۆیانی لێدەشارنەوە وەریان بگرێتەوە . چونكە هەمووان باش دەزانن كە پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی گەلی كوردە و لە ژێر هیچ گوشارێكدا پاشگەز نابێتەوە لە بەدیهێنانی ئامانج و مافەرەواكانی كورد وكوردستان.
گەلی كورد گەیشتۆتە ئەو باوەری كە چ هێز و لایەنێك بەراستی داكۆكیكار و خەمخۆری كورد و كوردایەتییە و بە گیان و ماڵ و خوێنی خۆی تا دوا ساتەكانی بەرگری دەكات. چوار ساڵی رابردوو،شەری جیهانی تیرۆر و بەرگری لە پاراستنی ئەزموونی كوردستات و هەروەها ئۆکتۆبەری 2017 بەدیاری کراوی هەڵسەنگاندنێکی باش بوو لەلایەن خەڵکەوە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، چونکە لەو ماوەیەی کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراقەوە تووشی هەڕەشە بوویەوە، تاکە لایەن کە لە مەیدانی سیاسی و سەربازی مایەوە پارتی بوو، باشە جگە لە پارتی کێ لە گۆرەپانەکە مایەوە؟، کێ ئامادەبوو بەرگری لە خەڵک بکات؟.کاتێکی هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بوو، حکوومەتی عێراق، نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی بۆ ئەوەی پارتی پێ لاواز بکەن، دواتر بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوت کە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە ئاستی سەرکردایەتی، وەزیرەکانیان، پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا ڕۆڵیان لە دروستکردنی ئەم دۆخە هەبووە، بۆیە خەڵکیش کاردانەوەیان هەبوو، سەرەڕای ئەمەش لایەنە سیاسییەکان بەربوونە پارتی و هێرشیان دەکردە سەر و ئەو بەرپرسیارێتییەش هەیان بوو لە ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جێیان هێشت، بۆیە خەڵکیش تۆڵەی خۆیان لەو لایەنانەی ڕۆڵیان لەم بابەتە هەبوو کردەوە.ئەو لایەنانە بە ئاشکرا لە کەناڵەکانی خۆیان باسی ئەوەیان دەکرد، کە داوایان لە حکوومەتی عێراق و مالیکی و عەبادی کردووە، بوودجە و مووچە نەنێرن، خەڵکێکیش گوێبیستی ئەم بابەتە بووە، چۆن دەبێ بێدەنگ بن بەرامبەر بە کەسێ، کە ئەم پیلانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان هەبێ؟.ئەگەر پارتی لە پردێ، مەخموور، مەحموودییە، تەلسقۆف بەرگری نەکردبا چی بەسەر هەولێر و دهۆک و زاخۆ دەهات؟، ئەمە پاساوێکی بێ بنەمایە کە دەڵێ شەڕمان نەکرد، بۆ ئەوەی وێران نەبێ، شەڕیان نەکرد ئینجا خورماتوو وەک ڕەقە و مووسڵی لێ هات، ئەگەر شەڕیان بکردبا ئێستا خورماتوو کەرکووکیش وەک هەولێر و سلیمانی و دهۆک و ئاوەدان بوو ، ئەوان شەرو بەرگریان نەکرد خیانەتیان کرد، بینیمان ماڵی کوردیان چۆن ئاگر تێبەردرا و ئەوەی بەسەر خورماتوودا هات کەمتر لە رەقەنەبوو.هەروەها گەلی كورد بینی كە چۆن هەندێ كەس ولایەن خراپتر لە دوژمنان و نەیارانی كورد لە هەوڵی ئەوە دا بوون بە پیلانگێری و كودەتا و دەیان نەخشەی شووم دەسكەوتەكانمان لە ناوببەن و كوردستان رادەستی داگیركەران بكەن .بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە رٍێبەرایەتی سەرۆك بارزانیی و پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەكان توانییان پیلانە شوومەكانیان مایەپووچ بكەنەوە و لووتی دوژمنان و كۆیلەكانیان تێشكاند..