لە پێشوازی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا

لە پێشوازی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا
(رەمەزان) مانگی خێر و بەرەکەتە کە خوای گەورە وەک وێستگەیەک بۆ خواپەرستی و پاکبوونەوەو لێخۆشبوون بە یەکیک لە بنەما سەرەکیەکانی ئاینی ئیسلامی داناوە، بە رۆژووبوونی مانگی رەمەزان چاکترین چارەسەرییە بۆ تەندروستی مرۆڤەکان لە ھەمان کاتیشدا ھۆکارێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و یارمەتیدان و دەستگیرۆیی ھەژاران و نەداران، وێرای بەھێزکردنی لایەنی روحی و ئیمانی و ھەولدان بۆ کردنەوەی لاپەرەیەکی تازە لە نێوان یەزدان و بەندە، کە ئەمەیان جیاوازە و کەمتر لە مانگەکانی تردا بەدیدەکرێت.
یەکێ لە خەسلەت و تایبەتمەندیە ھەرە جوانەکانی گەلی کوردستان کە نیشانەی ئایین پەروەریەتی رێزگرتنە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز کە سالانە بە جوانترین شێوە لە پێشوازی دادەبن کە زۆر بەروونیش سیمای دینداری بەسەر جەستەی کوردستانیان بەدی دەکرێ وجیاواز لە مانگەکانی تر مزگەوت و تەکیەو خانەقاکان ئاوەدان ترن و خەلکی خواپێدراویش دەستکراوەترن سەرقالی کاری خێرخوازین بۆیەش گرنگە ئەمسالیش لەگەل ھاتنی مانگی رەمەزان دا بەجوانترین شێواز پێشوازی بکەین تا ھەموو کات (رەمەزان) وەک مێوانێکی بە قەدر لەناومان دابێت بۆیەش بە پێوسیتمان زانی لە پێشوازی ئەم مانگەیەدا ھەلوەستەیەکی کورت لە ھەمبەر چەند خالێکدا بکەین

یەکەم: پێویستە ھەول بدرێت ژینگەیەکی پاک بۆ مزگەوتەکان فەراھەم بکرێت کە لە ماوەی ئەم مانگەیەدا مزگەوتەکان ئاوەدانتر و قەرەبالغترن کە ئەمەش وا دەخوازێت باشتر راچاوی پاک وخاوێنی مزگەوتەکان بکرێت تا ئەو خەلکەی سەردانی دەکات ھەست بە کەشێکی ئارام و ژینگەیەکی پاک بکات.

دووەم :بەھیچ جۆرێک ئەم مانگەیە نەقۆزرێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی شتومەک و کەل وپەل کە بەداخەوە بویتە نەریتێکی نەشیاو لەگەل ھاتنی مانگی رەمەزان و یاد و بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان بازارەکان دەقۆزرێنەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەلەکان بەم کارەش بازرگان و دوکاندارەکان دیارترین مەبەست و ئامانجی مانگی رەمەزان لە یاد دەکەن پێویستە زیاتر ھاولاتیان دەستی یارمەتی و ھاوکاری بۆ یەکتر درێژبکەن نەک لە ھەولی قۆرخکردنی بازارەکان دابن .

سێیەم : لە مانگی رەمەزان دا پێویستە زیاتر موسلمانانی کوردستان دوعا و نزاو پارانەوە بکەن چونکە بە پێی فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام ھەموو دوعاو نزاو پارانەوەیەک گیراو دەبێت چونکە دوعاکردن پەیوەندی نێوان خوداو بەندە بەھێزتر دەکات بۆیەش ئەرکی مرۆڤی رۆژووگرە کەمتەرخەمی نەکات لە دوعا و پارانەوەکان وە ھەموو کات ھێزی پێشمەرگەو خاکی پیرۆزی کوردستانی لە یادبێت کە ھەمووشمان قەرزداری دلێری و گیانفیدایی ئەوانین کە لە دوێنێ و ئەمرۆ و سبەی پیرۆزترین ئەرکیان لەسەر شانەو پارێزەری خاک و کەرامەت و شکۆی گەلی کوردستانن .

بەو ئومێدەین رەـەزانی ئەمسال ببێتە مایەیی خێر و خۆشی بۆ ھەموولایەکمان و دەرچوون لە ھەموو گرفت و قەیرانەکان و پتەوترکردنی یەکرێزی و یەکدەنگی لایەنە کوردستانییەکان خوای گەورە خواپەرستی و دینداری ھەموو لایەکمان قەبول بکات.
Top