کورد و ھەلۆێستێکی ئاڵۆز لە داھاتوو دا(سایکۆلۆژیای ئاسایشی نەتەوەیی)

کورد و ھەلۆێستێکی ئاڵۆز لە داھاتوو دا(سایکۆلۆژیای ئاسایشی نەتەوەیی)
رەنگە یەکێک لە خاڵە ناکۆک یان کێشە و گرفتە مەزنەکانی داھاتووی نێوان کورد و عەرەبی سوننە و شیعە لە سیاسەتدا و گۆڕەپانی ململانێی پەرڵەمانی، شان بە شانی بابەتەکانی پەیوەست بە خۆدی کوردستان و کێشمەکێشەکانی ھەولێر و بەغدا، و لە ھەمووشیان گرنگتر بودجەی کوردستانیان و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و میزانیەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ... تاد، بابەتی ئاڵۆزی بڕیاردان و ھەلۆێستەکانی بەرامبەر بە مان و نەمانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمان و بە تایبەت ئەمریکیەکان بێ لە عێراق.
ھەر چەند ھاوکێشە سیاسیەکان زۆر ئاڵۆزن و تەنھا بە خۆێندنەوەیەک ناتوانرێتن پەردەی لەسەر لابدرێ، و بەدەرچوونی وڵاتی ئەمریکا لە پەیماننامەی ٥+١، ھێشتان ناتوانرێتن پێشبینی زۆر شت و رەفتار و بڕیاری سیاسی ناوچەیی و جیھانی بدرێتن، تەنانەت وڵاتانی زلھێزیش ناتوانن پێشبینی ھەندێ شتی کتوپڕ و ناکاوی بکەن، بۆ نموونە مردنی سەرکردەیەکی وڵاتی ئەمریکا یان ئێران، و یان روودانی سەرھڵدان و راپەرینێک لە ئێران و لەوانەشە خۆدی ئەمریکا، یان گۆڕینی رای یەکێک لەو سەرکردانە یان ھەر شتێکی دیکە، و تەنھا لەوانەیە ئەو وڵاتە زلھێزانە ئەلترناتیڤی جیاوازیان لە پرۆژە و بەرنامەی کار و چاڵاکییە سیاسییەکانیان دابنێن نەک ئەنجامێکی کۆتایی بۆ ھەر رووداو و رەفتارێکی سیاسی و دیپلۆماسی و لەشکەری، بەڵام وێرای ئەوانە ھەمووی وەک دەڵێن " خیارە ژ توویتکی دیارە "، و پێدەچێ دوای ھەلبژاردنەکانی ئەم خووڵەش " ھەمان ئاش و ھەمان کاسە " و ھەمان ناکوکی و ناتەبایی و ململانێ و دیکتاتۆرێکی دیکە و دیکتاتۆریەتێکی نوێ و بە ناو و دروشم و پرۆگرام و ئایدۆلۆژیا و فەرھەنگێکی جیاواز دێتە نێو گۆرەپانی سیاسەت، و بەبێ رەچاوکردنی برایەتی و دۆستایەتی و رێزگرتن لە بەرامبەر و "شەراکەت"، دروشمی " من و نەتەوە و زمانم لە تۆ پیروزترە " و " زۆرینە و کەمینە "و ...ھتد،جلەوی کارەکان دەگرنە دەست. ئەوە رەشبینی و سادەباوەری نیە، بەڵکۆ ئەو خوێندنەوەیە کە ساڵانێکە ئەزموونی ھەر تاکێکی ئەم وڵاتە نیشان دەداتن. ئەمە نیشانەی رەشبینی نیە، بەڵکۆ ئێمە زیاتر لە ھەر کەس پێمان خۆشبوو ھاونیشتمانیانی ئەم وڵاتە، تەنانەت جیھانیش بەتێکرا و بێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و نەژادی و فەرھەنگێ و کەلتووری و ھزری بەختەوەرترینی مرۆڤەکان بن و ھەموومان لە ژێر سیبەری ئاشتی و ئازادی و ئارامی لەم کەشتیە شکاوەی ماندوو پێکەوە بژین، بەڵام ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ ھەندێ مرۆڤ و کەس و لایەن و گرووپی دڕندە ھەر جارێ خراپتر لە پێشتر بیرمان لە ھەموو ئەو شتە ناخۆشانە دێنن کە نەدەبوو ھەبن.
لە بەرامبەر ئەوەشدا و لە سۆنگەی ئەوەی کە ھاوپەیمانان و رۆژئاواش تەنیا بیر لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان لە ناوچە دەکەن، بەردەوام لەم گۆڕەپانە دا شکستخواردوون، چونکە لە لایەک نەیانتوانیوە کێشەکان بنبڕبکەن و دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەکرێ، و لە لایەکی دیکەشەوە چارەسەرییەکانیان زۆر کۆرتخایەن و ماوەیین و زوو ئێکسپایێر دەبن، بۆیە ھەموو نەتەوەکانی ناوچە و بە تایبەت کورد و خەڵکانیتریش تیایدا دەکرێنە قۆچی قۆربانی ھەلپەرستانەی ئەو پرۆژانەیان، کە زیاتر پشت بە رێژەی لەوانەیی ( ئیحتیمالات) دەبەسترێت نەک بنەمای بەھێزتر و ئەزموون.
بە ھەمان ئاراستەش نەتەوە خۆپەرێستەکانی ناوچەکەش لە پیلانگێڕی دژی ھەر کەسێک کە لە ناوچەیە بۆ ساتێکیش خۆیان لەو ھاوپەیمانانە نێزیک کردبێتەوە رژدتر دەبن و تەنانەت زۆر لە جاران خرابتر و دڕندانەتر ھەڵسوکەوت دەکەن، و پێداگری لەسەر ھەڵسوکەوتە تۆڵەسەنێرەکانی خۆیان دەکەن نەک وردبوونەوە لە ناخ و قوڵایی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ چارەسەرە مامناوەندییەکان، و بەتایبەت لەگەڵ نەتەوەی دێرینی کورد و خاوەنە رەسەنەکانی ئەم ناوچەیە کە لە ھەمان کاتدا جگە لە خۆپارێزی لە تووندوتیژی و ململانێ، ئەوەندەش حەز و ئارەزوو و خەسڵەتی ناشرین و ناکەڵتووری نەتەوەپەرێستی و دەمارگیری ئایینی-نەتەوەیی-ئایدیۆلۆژیکی ھەرگیز بەشێک نەبووە لە کەلتوورە جوانەکەی و ھەمیشە پێداگری لەسەر برایەتی و پێکەوە ژیان و ئاسوودەیی و برایەتی کردووە، کەچی ئەوان بە بیروباوەرە پارانۆیانەی پڕ لەگۆمانی خۆیان ھەر جارە و خرابتر لە پێشتر رەفتار و کرداریان ئەنجامداوە، و نموونەی دیاریشیان کارەساتەکانی ( ١٦ ) ئۆکتۆبەر و عەفرین بوون. ئەگەرچی ھەڵوێستەکانیان سەبارەت بە رۆژئاوا لە لابەلای بەرژەوەندییەکانیان ون بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و وێرای ھەموو ئەو بەرژەوەندی و کۆبوونەوەکانی ژێر بەژێر و لێدوانەکانی دیپلۆماسی، بەڵام زۆر ئاشکرایە کە تورکیا و ئێران و عێراق و زورَ وەڵاتی ناوچە وەک جاران ئەو روانینەیان بۆ رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکییەکان نیە، و خاڵە ھاوبەشەکانی ئەو سێ وەڵاتە و ناوچە لەگەڵ یەکتری زۆر زیاترە لەھی ئەوان لەگەڵ رۆژئاوا و ئەوەش لە ئاییندە دا ئەو وەڵاتانە زۆر لە یەکتر نێزیک دەکاتەوە بە تایبەت لە دژی مانەوەی ھاوپەیمانان لە ناوچە و عێراق. دیارە خاڵی ھەر بەھێزیش کورد و دەوڵەتێکە بەناوی کوردستان، کە کورد وێرای زۆر گرفتی دەرەکی و ناوخۆیی، لەوە دەچێ وا بە ئاسانی دەستبەرداری نەبێ و بە تایبەت پاش ئەو ئەنجامە دیرۆکیەی لە ریفراندۆمی ( ٢٥ / ٩ ) دەستیکەوتووە، و بەتایبەت ئەو بەرەیەی کە جەنابی سەرۆک بارزانی پێشەوایەتی دەکات و گەیشتن بەو مافە بە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ گرفتەکانی کوردستانیان دەبینێ، وێرای ھەموو کۆسپ و تەگەرەکانی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیھانی و بەڵێنەکانیان، کە ھەمیشە بینیومانە شتێک نەبووە جگە لە بڵقی سەر ئاو کە ماوەیەک ماوە و دواتر لە نێو چووە و ھەموومان ھاتووینەتە سەر خاڵی ژێر سفرەوە. لە کاتێکدا ئەوە ھەرگیز ئاواتمان نەبووە.
نەتەوەکانی ناوچە، کە جێگەی داخە، و بە پێژەوانە بانگەشە و ھەراوھۆریای راگەیاندن و قسەکانیان، کە نیشاندەری ئەوەن کە ھیچ شتێک لە مێژوو نازانن یان خۆیانی لێ لە گێڵی دەدەن و خۆیان بە خاوەنە رەسەنەکانی ناوچە و کورد و نەتەوە رەسەنەکانی دیکە بە میوان یان داگیرکەر و "تیرۆریست" ھەژمار دەکەن، تاوەک بە خەڵک و جیھان بڵێن ئەوان بەم بۆنەیەوە دژایەتی کورد دەکەن، زۆریان ھەر لە بنەرەت و سەرەتا دا یان میوان یان داگیرکەربوونە و لە چەند ساڵی رابردوو بە شێوازی نایاسایی و داگیرکردن و فرت و فێڵ و شێوازی دیکە ھاتوونەتە ناوچە و ئەمرۆ فەلسەفە لەسەر کورد و نەتەوە رەسەنەکانی لێدەدەن. ئەوان ئەمرۆ توشی لووتبەرزی سیاسی و نەتەوەیی ھاتوون و خاوەن ماڵ لە ماڵەکەی خۆی دەردەکەن، لە داھاتوو و لە پێناو رێگری لە دابەشبوونی وەڵاتە دیکتاتۆرە داگیرکەرەکانیان ھەر کارێک دەکەن و لارییان نیە تەنانەت زیانی زۆر گەورەتریش لە ھەموو کارەساتانی پێشووتر بە سەر کورد بێنن. تەنانەت زۆر ئاساییە بە یەک دەنگ و یەک ھەلۆێستداوا لەو ھێزانە بکەن کە ئەوان بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و جیھانیان و روژاندنی ھەستی مۆسڵمانانی شیعە و سۆننە، بانگەشەی ئەوەیان بۆ دەکەن کە ئێمەی نەتەوەی کورد و بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل یان ھەر کەسێک کە ئەوان حەزیان لێ بێ بۆ ناوزڕاندنی کورد بۆختانی پێوە بنێن، پیشان بدەن کە مەترسین بەسەر بەھا ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانیان، کەچی لە راستیدا وانیە و مەترسیەکە سیاسییە. چونکە کەس بە ئەندازەی خودی ئەو نەتەوانە مەترسیان لە سەر ئایین و کۆمەڵگا و وەڵاتانی خۆیان دروست نەکردوو و ھزاران نموونە دە توانن ئەو قسەیە بسەڵمێنن، لە ھەمووی بچووکتریش پشتەوانیانە لە رێکخراوە تووندھاژۆییەکانی ناوچەکە و لە ھەمووشیان دیارتریش رێکخراوی تیررۆریستی داعش بوو کە بە مەلیۆنەھا دۆلار لەم وڵاتانە ھاوکارییان وەردەگرت.
ئەو نەتەوە و وەڵاتە داگیرکەرانەی ناوچە، ئێستا و وەک ھەمیشە و زۆر جاری پێشووتر و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و تەنھا بۆ ئەوەی دەستیان لە داگیرکاری کراوەتر و ئاوەڵاتر بێ، رۆژئاواییەکان بە کۆسپی بەردەم پاوانخوازی و داگیرکاری خۆیان دەزانن، بۆیە لە ئاییندەیەکێ نێزیکدا دەنگی ھەموویان بەرزدەبێ تا ئەو ھێزانە لەم ناوچەیە بچنە دەرەوە، و پەرلەمانی عێراق، کە وێرای ھەموو وتارەکانی دیپلۆماسیانەیان کە دوورە لەم چەندە، بەڵام بێگومان ھەژموونی ئێرانی بەسەردا زاڵە،لەو بابەتە پیشەنگ دەبێ. ئەوە ئەزموونێکی کۆنی ناوچەکەیە و لەو کاتەی کە مەرجەعی شیعی لە ئێرانی پێش یەک سەدە لە دژی رۆژئاواو و بوونیان لەو وەڵاتە و ھەبوونی بابەتی ئۆلتیماتۆم ( واتا دادگەھیکردنی کەسانی بیانی لە وەڵاتی خویان )، کە ئەمرۆ جۆرێکی ئەو بیرکردنەوەیە داخوازی کۆمەڵگای رۆژئاوایە بۆ ئەوەی کە داعیشەکانی بیانی لە وەڵاتی خۆیان بدرێنە دادگەە، بوونی ھەیە. ئا لەم کاتە دا ھەلۆێستی کورد دەبێ چی بێ؟ ئەو رۆژئاواییەی ئاستەنگی ریفراندۆم بوون و ھەندێکیان لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەو کات و دواتری، و ئینجا پەیدابوونی ( ١٦ ) ئۆکتۆبەر سەر کاروانیان کرد یان ئەو داگیرکارانەی کە ھەر ساتێک لە دەستیان بێ ئەنفال و جینۆساید و حەلەبچە و گەرمیان و ... ھتد، کامیان ھەلبژێرین؟
لە دوای ھەڵبژارتنە لاوازەکەی ( ١٢/٥ ) ناوچەکانی ژێر دەستھەڵاتی حکومەتی ناوەندی، کە رێژەی بەشداربوون لە زۆر شوێن زۆر کەمتر لە %٢٥ بوو و ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی پرسیار و گۆمانە، و مۆرکێکی نەیاسایایبوونی دەخاتە سەر ئەنجامەکانی، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی ناوچەکانی باشوور (قەیس خەزعەلی) ئۆباڵی دەخاتە سەر شانی بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و بەتایبەت ناوی ئەمریکییەکانای ھێناوە. بۆچوون و رەفتاری ناوبراو لە چوارچێوەی تیۆرەکانی دەروونناسییدا دەچێتە نێو خانەی بیردۆزی ژوولیان رۆتێر، کە بەناوی سەنتەری کۆنترۆڵکردن (locus of control) ناسراوە، و ناوبراو دەچێتە نێو ئەو گرووپەی کە رەفتار و ھزر و ئەنجامیان و تەنانەت و بەتایبەت شکستەکانی دەخاتە ئەستۆی فاکتەر و ھۆکارە دەرەکییەکان، و بە پێچەوانەی گرووپی دیکەی کە فاکتەرە خۆدی (ئۆبجێکتیڤەکان یان objectives) بە ئەگەری دەرەنجامی کار و کردەوەکانی خۆیان دەزانن، ھەوڵ نادات و یان خۆی لێ لە گێڵی دەدات کە خۆدی دەستھەڵات و گەندەڵییە لەبن نەھاتووەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ھەندێ تاقەم و پیاوانی سیاسی و تەنانەت ئایینی لەم وڵاتە ھۆکاری سەرەکی بێزاری خەڵک و نەچوونیانە بۆ سەر سندۆقەکانی دەنگدان، نەک ئەمریکییەکان. بەڵام ئەوە واتای ئەوە نیە نکۆڵی لە کاریگەری ھێزە بیانییەکان بکرێت. مەزنترین بەڵگەش نەبوونی خزمەتگۆزاری لە شارەکانی باشووری عێراقە، کە بۆوەتە ھۆکاری زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی جەماوەری، و بە تایبەت ئەوانەی لە لایەن سەماحەتی سەدرەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و نیشانەیەکن بۆ ئەوەی بسەڵمێنن ھاوڵاتیان لەوپەڕی خراپی و نەھامەتیدا ژیان بەسەر دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتە دۆڕاوەکەی ناوچە و بە تایبەت ھەندێ کەس مەزنترین ھۆکارە، تەنانەت ئەو وڵاتەی کە پشتیوانی لە ناوبراو و بیروباوەرەکانی دەکات لە دژی ئەمریکییەکان، ئەو وڵاتەیە کە بە پێی ئامار و سەرچاوەکانی فەرمی لە ماوەی چڵ ساڵی رابردوو نزیکەی ٨٠٠ مەلیار دۆلاریان لە کیس میلەتی خۆیان بردووە و گەندەڵی تیایدا کراوە و تەخشان و پەخشان کراوە. ناوبراو، وەک دیارە و ھاوشێوە مرۆڤەکان بیردانکی لاوازە و زوو لە بیری کردووە، کە ئەو ھیزەی ئەو ئەمرۆ و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئاغاکانی دژایەتیان دەکات، ھەمان ئەو ھێزانەن کە باب و باپیرانی ناوبراو بەر لە چەند دەە ساڵێک لەو ناوچەیە پشتیوانیان لێکدەکردن و خزمەتکاری ئەڵقەلە گۆێی بەریتانییەکان بوون لە پێناو جێبەجێکردنی پیلانەکانیان لە ناوچە و لە دژی خەڵکی ھەژار و بێدەستھەڵاتی ئەم وڵاتانە. ئەگەر ناوبراو لە بیر خۆی بردوویەتی یان خۆی لێ لە گێڵی دەدات، بەڵام ئێمەمانان ئەوە لە بیرناکەین چونکە لە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا تۆمارکراوە. ئەمرۆ ناوبراو بوونی ئەو ھێزانە لە بەرژەوەندی خۆی نابینێ، و وەک باپیرانی ناتوانێ سوودیان لێ وەربگرێ بۆ چەوساندنی ھاونیشتمانیان و بەتایبەت کوردستانیان، بۆیە بە فیتی ئەوان ھەوڵەکانی چڕکردووە و " بە ھەر دوو لاق چۆوەتە نێو یەک پێڵاو "، کە دەبێ ئەمریکییەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن. نەمانەی ئەو ھێزانە دەبێتە ھەڕەشە لەسەر ناوچەکە، چونکە ئەو کات دەستی گەندەڵکاران لە چەوساندن و کۆشتن و شەڕ و تاڵانکردن و ململانێیەکان کراوەتر دەبێ.
پاش ئەو ناتوانی یان خەمساردی و لەوانەشە گەندەڵکاری، ئەوانەی لە دۆسیەی پەیوەندی نێوان ھەرێم و رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ھێزەکانی دیکەی لەشکەر و میلیشییا جیاوازەکانی کە ئێستا لە گۆڕەپانی ناوچە و وئەم وڵاتە تەڕاتینانێ دەکەن، بەرپرسیارن، دەبێ چ ئۆمێدێک ھەبێ کە حکومەتی ئاییندەی بەغدا بە بێ بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان مافەکانی کوردستانیان لەبەرچاو دەگرێ، و ھەمان ھەڵوێست سەبارەت بە وڵاتانی ناوچەکەش دەبێ پرسیاریان لێ,ە بکرێت. تا ئێستاش گۆمان لە رەفتارەکانیان ھەیە. لێدوانە دیپلۆماسییەکانی ئەم وڵات و لایەن و نەتەوانە ھیچ ئاسۆیەکی گەشی پێوە دیار نیە کە لە دوای دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان ئەوان بەزەیی بە کوردستان ببەن و پەندیان لە تاوانەکانی پێشتر وەرگرتبێ و بە چاوێکی دۆستانەتر تەماشەمان بکەن، بەڵکۆ مەترسی ئەنفاڵ و تاوانەکانیتر ھەر ھەیە. بۆیە باشترین ئەلترناتیڤ مانەوەی ئەو ھێزانەیە، یان بەلایەنی کەمەوە دەبێ نوێنەرانی ئێمە بیر لە چارەسەری دیکە بدەن.
دەبێ ھەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ راکێشانی ھێزەکانی ئاشتیپارێزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(UN)، یان ئەوانەی بە "کڵاو شینەکان" ناسراون، بۆ ناوچەکانی نێوان ھەرێم و عێراق، وەک ئەوەی لە زۆر شوێنی دیکەی جیھان، و ئەمەیان باشترین بژاردەی بەردەم نوێنەرانی کوردستانە لە بەغدا، و ھاوکات دەنگ نەدانە بە پرۆژەیەکی ھاوشێوەی دەرکردنی ھێزەکانی رۆژئاوا و ھاوپەیمانانی لە عێراق. ئەو پرۆژەیە کە سەرەداوەکانی دەمێکە دەرکەوتووە و جار نا جار باس دەکرێت و ئێستا بەھۆی ھەڵبژارتنەکان تۆزێک بێدەنگ کراوە، بەڵام بە فیتی ھەندێ کەس لە نێو رژێمی ئێران و بەشێکی نابەرپرسیار لە نێو مەرجەعی شیعە و لەوانەش ھەندێ لە سوننەکان، بەڵام لە ئاییندەدا و بە بێ دوودڵی و گۆمان، دوور یان نێزیک و زوو و درەنگ پێشکەش دەکرێ. باشترین دەرمان مانی ئەو ھێزانەیە لە ناوچەکە و لە عێراق بەتایبەت، و بوونیان یەکێک لە ھۆکارەکانی سەقامگیری و ئارامییە، و ھۆکاری سەرەکی نەسەقامگیری و فەرتەنە و ئاژاوە و کێشمەکێشەکانی ناوچەکە خۆدی دەستھەڵاتدارانی ناوچەکەن، زیاتر لەوەی کە ھاوپەیمانان بن.
بڕیاردانی کورد و کوردستانیان لەسەر مانەوەی ھاوپەیمانان، وێرای ئەوە کە نەتەوەکانی ناوچە بە داگیرکەر لە قەڵەمیان دەدات، بەڵام بۆ کوردستانیان ئەو بابەتە دیدێکی دیکەی ھەیە. چونکە ئەگەر ھەموویان داگیرکەرن و ھیچ جیاوازییەکیان نەبێ، ھەر ھیچ نەبێ بۆ ئێمەی کوردستانی پەندی باب و باپیرانمان کە گۆتوویانە " دوژمنی دوژمنم " باشتر لە ھەر یاسایەک دەخوات، و خۆ ئەگەر ھاپەیمانان بەرژەوەندیخواز بن و بۆ ئێمە دۆستی ھەمیشەیش نەبن، بەڵام بە لایەنی کەم ھەمیشە وەک تارماییەک لە سەر سەری ئەو نەتەوە خۆپەرێستانە دەبن و فشارە دەروونی و سیاسی و لەشکەرییەکانیان بۆ سەر ئێمە کەمتر و زیانەکانمان لەسەر دەستی ئەوان لە نزمترین ئاستتدا دەبن. ئێمە لە رووی سایکۆلۆژییەوە، و بە پێی ئەزموونی سەخت و ناخۆشی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ ئەو نەتەوانە، وا فێرکراوین کە متمانە بە دوژمن نەکەین و ھەمیشە لە ئاساییشی دەروونی خۆمان بترسین و ئەوە ھەمان ئەو فاکتەرەیە کە زانایانی دەروونناسی بە ھۆکارێک و فاکتەرێکی پێوەیست دەبنن بۆ ئەوەی بیر لە خۆپاراستن بکەینەوە و ئەو ترسە سروشتییە و لە ھەمان کاتدا بۆ مانەوە و لەنێونەچوونی ئێمەی کورد پێویستە.
*ئەم بابەتە بەدەستکارییەوە لە رۆژنامەی خەبات ژمارە (٥٥١٢) لە رێکەوتی چوارشەم (١٦/٥/٢٠١٨) لە لاپەڕە (٧- کاروباری سیاسەت) بڵاوکراوەتەوە.
* پ. ە. لە پسپۆری سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top