خەڵک و کاندید
May 10, 2018
وتار و بیروڕا
هەموویان دەیانگوت: هەڵگری خواستی ئێوەی دەنگدەرین و لە پێناو بەدیهێنانی ئەو خواستەش لە بەغدا تێدەکۆشین، بەڵام ئەو مافەی کە خوا لە یاسا ئاسمانیەکان و مرۆڤیش لە یاسا زەمینیەکان بە ئێوەی رەوا دیوە کە ریفراندۆم و بڕیاردان بوو لە چارەنووسی خۆتان، ئەوان نەک هەر بە ئێوەیان رەوا نەدی، بەڵکو سەنگەریان لێگرت و لە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان خراپتر شەڕیان پێ فرۆشت.
مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕی ئێوە و قوربانیدانی ئێوەی دەنگدەر، ئەو راستییەی سەلماندووە کە خواست و ئامانج و داهاتووی گەشی ئێوەی کوردپەروەر لە سەربەخۆیی کوردستان دایە، ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقیش سەلماندی کە خواست و ئامانجی لیست و قەوارە سیاسیە موزایەدەچیەکان و پەرلەمانتارانیان لە بەغدا گیرفان و بەرژەوەندی حزبی و وڵاتفرۆشی بووە، فرۆشتنی کەرکوک و بێدەنگی ئەو فراکسیۆن و قەوارە سیاسیانە لەبەر چاوە، دەنگدان بە حەشدی شەعبی و پشتکردن لە پێشمەرگەی پارێزەری ئێوەی دەنگدەر و ناوبردنی بە ئەنفالچی، ئەو راستییەی سەلماند لە رابردوو کام فراکسیۆن و حزب پارێزەری ئێوەی دەنگدەر بووە و لە داهاتووش کێ دەتان پارێزێ.
هەر دوێنێ بوو ئەو لیست و قەوارە سیاسیانەی ئەمڕۆ موزایەدەی خەمخۆری ئێوەی دەنگدەر دەکەن، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سبەی ئێوەی دەنگدەری سەربەخۆخواز بدەنە دادگای عرووبە، هەر دوێنێ بوو ئەو لیست و قەوارە سیاسیە موزایەدەچیانە دەنگ و بڕیاری ئێوەی دەنگدەری سەربەخۆخوازیان بە سەقەت ناو دەهێنا، بۆیە بەر لەوەی ئەوان ئێوەی دەنگدەر بدەنە داگا، پێویستە ئێوە سندووقەکانی دەنگدان بکەنە هۆڵی دادگا و دەنگەکانیشتان بکەنە دادوەر و دادگاییان بکەن، پێویستە بە دەنگەکانتان بەو کەس و لیست و قەوارە سیاسیە هزر و بیر سەقەتانە بڵێن: لە دنیادا نەبووە سەربەخۆخواز کاری سەقەت بکات، ئەوە ئێوەی ژێردەستەخوازن بە سەقەتی لە دایک و بوون و بە سەقەتی دەژین و بە سەقەتی بڕیار دەدەن و بە سەقەتیش دەمرن.