لەوانەیە شەڕی ئیسڕائیل و ئێران تەواوی سووریا و لوبنان بگرێتەوە

لەوانەیە شەڕی ئیسڕائیل و ئێران تەواوی سووریا و لوبنان بگرێتەوە
بەلای كەمەوە دە ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران و ژمارەیەكی هاوشێوەی سەربازی سووری كوژران كاتێك چەند مووشەكێك -كە ئەگەری ئەوە دەكرێت فڕۆكەیەكی شەڕكەری ئیسڕائیل ئاڕاستەی كردبن- لە یەك كاتدا چەند شوێنێكیان لە باكووری سوریا و لە پارێزگاكانی حەما و حەلەب كردە ئامانج كە لە هەمووی گرنگتر، دامەزراوەیەكی ژێرزەمینی بۆ دروستكردنی مووشەكی سووری بوو، كە بەپێی راپۆرتەكان بە هاوكاری كۆریای باكوور، لە نێو چیایەكدا و لە نزیك گوندی تەقسیس لە باشووری حەما دروست كراوە.
ئەم گورزە بووە هۆی دروستبوونی تەقینەوەیەكی لاوەكی كە بریتی بوو لە تێكشكانی 200 مووشەك و تەقینەوەیەك كە هێندەی زەمینلەرزەیەكی بچووك دەبوو. لەو كاتەوە سەرچاوەی هەواڵگرییەكان باسیان لەوە كردووە كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، چەند فڕۆكەیەكی سەربازی و بارهەڵگری ئێرانی چەكی ستراتیژییان بۆ گوندی تەقسیس گواستۆتەوە لە نێویاندا مووشەكی بالیستی و كروز.
هەموو ئەم گورزانە لە كاتێكدا ئەنجامدران كە باس لەوە دەكرا، ئێران خەریكی خۆئامادەكردن بووە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئیسڕائیل لە وەڵامی چەند گورزێكدا، كە لە 9 ی نیساندا ئەنجامدران و بوونە هۆی كوشتنی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران لە نێو بنكەی تی فۆری سووریا. لەم رۆژانەی دواییدا و دوای ئەوەی هێزەكانی موعارەزە دەستیان بەسەر سەكۆی رۆكێتی ئێرانیدا گرت لە نزیك بەرزاییەكانی جۆلانەوە، جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران حوسێن سەلامی هەڕەشەی « لەناوبردنی» ئیسڕائیلی كرد لە میانەی هەر شەڕێكی داهاتوودا.
لە ئێستادا ئیسڕائیل و ئێران هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕێكی سەرتاسەری نادەن، بەڵام هەردوولایان دەستیان داوەتە گرتنەبەری چەند رێكارێك بۆ بەرپەرچدانەوەی یەكتر، كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت، مەترسی ئەوەشی لێدەكرێت كە لە ئەنجامدا ببێتە هۆی بەرپابوونی شەڕێك كە رەنگە تەواوی سووریا و لوبنان بگرێتەوە و زۆر گەورەتر بێت لە رووی كاولكاری و كوشتارەوە لە شەڕی 2006ی لوبنان. بەڵام گومان لەوەدا نییە كە ئێران دەست بۆ تۆڵەكردنەوە دەبات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: كەی؟ رەنگە چاوەڕوانكردن تاوەكو تەپ و تۆزی هەڵبژاردنەكانی لوبنان دەنیشێتەوە، كارێكی مانادار بێت بۆ ئێران، بەڵام كاتێك گوتارەكان هەڵدەكشێن، ئەوا رەنگە لۆژیكە ستراتیژییەكەش بەهێز بێت.
پێدەچوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتنیاهۆ سوور بێت لەسەر ئاشكراكردنی زانیاری «دراماتیكی» لەبارەی پڕۆگرامە ناوكییەكەی ئێرانەوە، ئەویش دوای سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (مایك پۆمپیۆ) بۆ قودس و دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل (ئەڤیگادۆر لیبەرمان) سەردانی واشنتۆنی كرد.
لە نێو جەرگەی ئەم بارگرژییانەدا زەحمەتە غیابی رووسیا نادیدە بگرین.







لە سایتی
ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبۆتەوە
Top