مقاوەمەی ئیسلامی لە سووریا كۆپییەكی دەقاودەقی (حزبوڵا)ی لوبنانییە
May 7, 2018
وتار و بیروڕا
لە ساڵی 2012وە چەند گرووپێكی میلیشیای شیعە هاتوونەتە گۆڕەپانی شەڕی سووریا، لەكاتێكدا هەموو ئەو میلیشیایانە درێژەپێدەری (حزبوڵا)ی لوبنانی نین، بەڵام ژمارەیەك لەوانە هەمان رێبازی (حزبوڵا) پەیڕەو دەكەن و یارمەتییەكی زۆریان لەو حزبە وەرگرتووە. ئەو رێكخراوانە خۆیان بە (بەرگریی ئیسلامی لە سووریا) یان (حزبوڵا)ی لوبنانی دەناسێنن، بۆیە زۆر پێویستە ئەوانە وا بخوێنینەوە كە بەشێكی جیانەبووەوەی حزبوڵای لوبنانین.
پاشخانی ئەو رێكخراوانە
لە ماوەی نێوان 2012و 2013دا حزبوڵای لوبنانی دەستی كرد بە مەشق پێ كردنی گرووپگەلێكی جیاواز لە چەكدارانی شیعەی سووریا، زۆر لەو گرووپانەش لە سەرەتادا بە شێوەی میلیشیای تائیفیی لۆكال دەركەوتن، هەندێكیان لە دیمەشق و هەندێكی دیكەشیان لە حمس چالاكییان دەنواند، تا ئێستاش ئەوانی دیكە لە گوندە شیعەنشینەكانی نزیك حەلەب كاری خۆیان دەكەن، لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو رێكخراوانەشدا هەڵمەتی بەسەربازگرتن پەلی هاویشت بۆ دوورتر لە ناوچەكانی خۆیان. بەڵام لە ساڵی 2014 و 2015 رێكخراوێكی گشتیی سەرتاسەری پێكهات كە چەند گرووپێكی لاوەكیی لەخۆگرت و زۆرجاریش هەمان زمان و رێبازی حزبوڵای لوبنانییان پەیڕەو دەكرد و حەسەن نەسروڵای ئەمینداری ئەو حزبەیان بە پیرۆز دادەنا و لەپاڵ سەرانی (حزبوڵا)ی لوبنانی، یان لەژێر فەرمانی ئەو حزبەدا شەڕیان دەكرد، هاوكات جگە لە هێما تایبەتییەكانیان هەموو ئەو گرووپانە ئاڵاو هێمای حزبوڵای لوبنانی، یان دروشمی (بەرگریی ئیسلامی لە سووریا) یاخود «لبیك یا زینب»یان بەكاردەهێنا كە ئەمەی دوایی ئاماژەیە بۆ مەزاری كچی پێغەمبەر(د خ) كە دەكەوێتە نزیك دیمەشقی پایتەختەوە، هەروەها بەرگریكردن لەو مەزارە دژی جیهادییەكانی سوننە خاڵی بنەڕەتیی گفتوگۆ بوو لە رووی بەسەربازگرتنی جیهادیی شیعە لە خەڵكی سووریا، یان لە هاووڵاتیانی بیانی.
ئەمەش چەند نموونەیەكی دیاری گرووپە سوورییەكانە لە شێوەی (حزبوڵا):
هێزەكانی رەزا (لیوای ئیمام رەزا): یەكەم گرووپ بوو كە لەو وڵاتە پێكهات، زۆرجار چەكدارەكانیان لە گوندە شیعەنشینەكانی ناوچەی حمس بەسەرباز دەگیران، ئەم هێزانە لە زۆربەی ناوچەكانی سووریا بڵاوبوونەتەوە.
(ئەلغالبون): چەند (سریەیەكی بەرگریی ئیسلامیی سووریا)ن كە گرووپێكی گوماناوین لە بنەڕەتدا لە هاووڵاتیانی سووریا پێكهاتووە كە سەر بە هەردوو مەزهەبی شیعەو عەلەوین، یان لە شیعەی دیكەی سووریان، گرووپی (ئەلغالبون) زۆر گرنكی بە بەسەربازگرتنی چەكداران دەدات لە ناوچە بەرزاییەكانی نزیك كەنار، لە ساڵی 2015دا ئەو میلیشیایە لە جۆلان و دەرعا شەڕی دەكرد، لەم ساڵانەی دواییشدا گوتارەكانی تۆزێك خاو بۆوە، بەڵام لە چالاكییەكانی هەر بەردەوام بوو.
(لیوای ئیمام باقر)- لیوای باقر: ئەم گرووپە لە نێوان ساڵانی 2013 و 2015 دا دامەزرا، سەركردەو ئەندامەكانی لە هۆزە شیعەكانی سووریان، لیوای باقر هەوڵێكی زۆری دا كە چەكدار لە هۆزی گەورەی (ئەلبەقارە)ی سووریا پێكبهێنێت، لە نیسانی 2018دا جیهادی دژی ئەمریكاو هاوپەیمانە سوورییەكانی راگەیاند.
لە هەندێ رووەوە ئەو هەوڵەی كە حزبوڵای لوبنانی دەیدات لە چاودێریكردنی ئەو گرووپە تازەگەشەسەندووانە لە سووریا رەنگدانەوەی چالاكیی پێشووی ئەو حزبەیە لە عێراق، بۆ نموونە، عەلی موسا دەقدوق كە سەركردەیەكی حزبوڵای لوبنانییە- لە ساڵی 2007 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا لە بەسرە دەستگیر كرا- رەوانەی عێراق كرا، تاكو مەشق بە چەكدارانی بكات و هێرشەكان رێكبخات و ئاراستەی ئایدیۆلۆژی بداتە ئەو چەكدارانەی كە ئێران پشتگیرییان دەكات كە دواتر بەهێزترین میلیشیای شیعەی لە عێراق بە ناوی (عەسائبی ئەهل ئەلحەق)ی لێكەوتەوە، لە رووی هەیكەلبەندی و ئایدیۆلۆژیشەوە، عەسائب كۆپیكراوی حزبوڵای لوبنانییە، هەرچەندە لە كۆتاییدا تا رادەیەك لەو جیابۆتەوە.
بە بەراورد لەگەڵ گرووپەكانی وەك (عەسائب ئەهل ئەلحەق)دا دەبینین كە پێشبینی ناكرێ هەمان ئەو خۆدەرخستنەی حزبوڵای لوبنانی لە سووریا ببێتە هۆی چالاكیی بێلایەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە لە رووی جوگرافییەوە لوبنان لە سووریاوە نزیكەو مەودای كاركردنی حزبوڵاش سنووردارە لە سووریا، ئەمە سەرباری بوونی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان ئەو حزبەو كۆمەڵگەی شیعەمەزهەبەكەی سووریا. بۆیە دەبینین كە حزبوڵای لوبنانی لە رەوشێكی باشدایە كە دەتوانێت پارێزگاریی لە دەسەڵاتی خۆی بكات لە رووی ستراتیژی و تەكتیكییەوە بەسەر گرووپە سوورییە كۆپیكراوەكاندا، سەبارەت بە حزبوڵای لوبنانیش سووریا قووڵایی ستراتیژی و خەڵكی بۆ دەستەبەركردووە، كە بریتییە لە هێزی ناوخۆ بۆ دابینكردنی ناوچەی ئارام بۆ حزبوڵا لە لوبنان، وێڕای هێزێكی دیكەی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئیقلیمی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەبیی سوننە.
(حزبوڵا) بە ناوێكی دیكە
(هێزەكانی رەزا) نموونەیەكی سەرەكییە لەسەر باڵادەستیی حزبوڵای لوبنانی بەسەر یەكێتیی (بەرگریی ئیسلامی لە سووریا)، لە راستیدا پەیوەندیی زۆرە لەنێوان هەردووكیان كە چۆن (هێزەكانی رەزا) كە رەواج بۆ پەیوەندیی بەهێز دەكات لەگەڵ حزبوڵا، بۆتە لایەنی كارای كەم بێلایەنی، زیاتر لەوەی كە لقێكی پاشكۆی رێكخراوە لوبنانییەكە بێت.
بەپێی مێژووی كاری فەرمیی حزبوڵا، حەمزە ئیبراهیم حەیدەر لە 29ی حوزەیرانی 2013 لە كاتی سەركردایەتیكردنی هێرشێك لە گەڕەكی خالیدیەی نزیك حمس گیانی لە دەستدا، ئەم هێرشەش بە سوودوەرگرتن لە چەكدارانی حزبوڵا و چەند كەسایەتییەكی هێزی رەزا ئەنجامدرا، بەڵام سەبارەت بە حەیدەر، ئەوا پەیوەندیی ئەو بە هەردوو گرووپەوە زۆر روونە، ئەو سەركردەی گرووپێكی بژاردە بوو بە ناوی (فەوجی رەزوان)ی سەر بە حزبوڵا سەرباری هێزەكانی رەزا، كە لە ریكلامێكدا ستایشی سەركردەكەی كرد، كاتێ لە شەڕێكدا كوژراو ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرپەرشتیی دامەزراندن و راهێنانی ئەو میلیشیایەی كردبوو.
لە راستیدا تێكەڵییەك هەیە لە نێوان (حزبوڵا)ی لوبنانی و (هێزەكانی رەزا) كە چەند كەسێكی دیاری تێدایە وەكو عەلی فەوزی تەها ناسراو بە (حاجی جەواد) كە سەركردەیەكی حزبوڵای لوبنانیی شاری سوورە لە باشووری لوبنان. ناوی ئەو لە بڵاوكراوە نافەرمییەكاندا هاتووە لە فێس بووك لەلایەن لایەنگرانی هەردوو گرووپەوە كە گوایە سەركردەیە لە هێزی رەزا.
رەنگە ئەوەی زیاتر سەرنج رادەكێشێت ئەو پەیوەندییە بێت لەنێوان عەلی محەمەد بیز، ناسراو بە (ئەبو حەسەن بیلال) و (هێزەكانی رەزا)، بیز لە مانگی ئایاری 2017 لە حمس كوژرا، ئەو سەركردەیەكی دیاری حزبوڵای لوبنانی بوو و لە ئاقاری باشووری بەیروت نیشتەجێ بوو. بیز رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە شەڕو سەركردایەتیكردن و بواری لۆجیستی لە سەرتاسەری سووریادا، بە گوێرەی ژیاننامەی بێت كە لە پێگەیەكی سۆشیال میدیا بڵاوبۆتەوە یەكێك بووە لە گرنگترین سەركردەكانی بەرگری لە سووریا، لەپاڵ ئەوەی كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی هێزی رەزا و فەرماندەیەكی یەكە تایبەتییەكانی ئەو هێزە بووە، ئەمەو وێنەی جەنازەی بیز لە سۆشیال میدیای سەر بە (هێزەكانی رەزا)دا بڵاوكراوەتەوە كە بە (فەرماندەی شەهید) ناوی هێناوە.
بەسەربازگرتنی راستەوخۆ لە سووریا
لەپاڵ ئەو پاڵپشتییەی كە حزبوڵای لوبنانی بۆ هاوكۆپییە چەكدارەكانی لە سووریا دابینی دەكات، چەندین كەسی لە خەڵكی سووری- لوبنانی و شیعەی سووریای چەكدار كردووە، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بێنە ریز جەنگاوەرانی حزبەكەوە، ئەوانەش زۆرینەیان شیعەی دوازدە ئیمامین كە لە نزیك سنوور نیشتەجێن، بەتایبەتیش لە دەوروبەری هەردوو شاری حمس و قەسیر، دیارە ئەو شوێنانەش لە رووی جوگرافییەوە لە پێگەی حزبوڵا لە بیقاعی لوبنانەوە نزیكن، ئەمە وێڕای بەسەربازگرتنی ژمارەیەكی زۆری شیعە لە سەر هەردوو بەری سنوور.
لەم چوارچێوەیەدا گوندی (زیتا)ی سووری لەسەر ئەو بەری شارۆچكەی (قەسر)ی لوبنانی ئەو شوێنە بوو كە حزبوڵا خەڵكەكەی لێ بەسەرباز گرتن، هەرچەندە ئەو گوندە دەكەوێتە ناو خاكی سووریاشەوە، بەڵام زۆربەی دانیشتووانی زیتا شیعەی لوبنانین و پەیوەندیی خزمایەتییان لەگەڵ لوبناندا هەیە. دوابەدوای چەندین حاڵەتی رفاندن و كوشتنی تایفەگەری لە نێوان ساڵی 2012 و 2013دا دانیشتووانی ئەو گوندە میلیشیای تایبەتیان پێكهێنا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو جۆرە كردەوانە، دوای ئەوەی كە هێزە یاخیبووەكانی سووریا لە ساڵی 2012 داگیریان كرد، هێزەكانی حزبوڵا لە 2013دا توانییان جارێكی دیكە لەگەڵ چەند گوندێكی دیكەی دەوروبەری كۆنتڕۆڵی بكەنەوە، بەم شێوەیە حزبوڵا دەستیكرد بە پڕچەككردنی دانیشتووانی ئەو گوندانەو مەشق پێكردنیان تاكو ببنە گرووپی بەرگری بەر لەوەی لە كۆتاییدا بە تەواوی بێنە ریز چەكدارانی حزبەكەوە.
دەمەوێت لێرە باس لە یەكێك لە دانیشتووانی پێشووی (زیتا) بكەم، كە هاووڵاتییەكی شیعەی لوبنان-سورییە و تەمەنی 22 ساڵە، ناوی مەهدی عەبدوڵا ئیدریس-ـە كە بە (ئەبو سەلاح) ناسراوە، ئەو كەسە لە ریزی فەوجی رەزوانی سەر بە گرووپی بژاردەی حزبوڵا شەڕی دەكرد، ئیدریس لە تەمموزی ساڵی 2016 لە ناوچەی (هریرە)ی سەر بە شارۆچكەی قەلەمونی شاخاویی باكووری دیمەشق كوژرا، ئەو چەكدارە هەر لە سەرەتای قەیرانەكەوە لە هەموو شەڕەكانی بەرگری لە سووریا بەشداربووە، هەروەها چەندین چەكداری دیكەی (حزبوڵا) كە لە ناوچەكانی سەر سنوور هاتوون و كوژراون، لەوانە وائیل حوسێن زەعتەر، كە لە 2017 كوژرا، عەلی دیب زعێتەر، كە لە ساڵی 2015 كوژرا، كە هەردووكیان خەڵكی (حاویك) بوون، ئەو ناوچەیەی كە زۆرینەی خەڵكەكەی شیعەمەزهەبن و دەكەوێتە باكووری زیتا.
ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە كە حەسەن ملحەم ئەسەد كە لەنێو جەرگەی پارێزگای حمس گەورە بووە و شیعەیەكی سوورییە و خەڵكی گوندی رەبوەی نزیك حمسە، ئەسەد وەك فەرماندەیەك ناسراوە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە تێكەڵكردنی چەكدارانی سووریا لە ریزەكانی حزبوڵا زۆر زیادی كردووە، لە میانی وێنەكانی ئەو فەرماندەیەی بڵاوكرانەوە، ئاڵاكانی (بەرگریی ئیسلامی لە سووریا)یان تێدا دەردەكەوێت، ئەسەد لە رۆژی 12ی ئایاری 2017 لە شەڕێكدا كوژراو بە تەرمەكەی بە ئاڵایەكی سووری و یەكێكی دیكەی حزبوڵا پێچرابۆوە.
دەرهاویشتە سیاسییەكان
لەكاتێكدا كە حكومەتی ئەمریكا بەردەوامە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەسانەی سەر بە تۆڕەكانی حزبوڵای لوبنانین، پێویستە زیاتر سەرنج بدرێتە ئەوەی كە ئەوانە گرووپی سەربەخۆن، یان لەشێوەی حزبوڵا لە سووریا درووست بوون، لە راستیدا هەندێك لەو قەوارانە تەنیا لق، یان گرووپی سەربەخۆی سەر بە حزبوڵای لوبنانی نین، بەڵكو كەسانی بنەڕەتیی ئەو حزبەن، لە ئەنجامی ئەمەش پێویستە تێبینی رووداوی چاوەڕوانكراو بكرێت، بەوەی كە هاووڵاتیانی ئەمریكا بە شێوەیەك لە شێوەكان بچنە ریز چەند گرووپێكەوە كە چالاكی دەنوێنن لەژێر چەتری (بەرگریی ئیسلامی لە سووریا) یان (حزبوڵا) ی سووری، كە ئەوانە بەشێك بن لە حزبوڵای لوبنانی.