نێچیرڤانی بارزانی چی بە حزبەکانی سلێمانی گوت؟
May 5, 2018
وتار و بیروڕا
ئێمە ئەو راستیەمان دەزانی کە وەڵام نەدانەوەی ئەو ئیرهابە فکریە و ئەو جنێوباران کردنەی پارتی و پەلاماردانی پیرۆزیەکانی، هەست کردنە بە بەرپرسیارێتی و پەرۆشییە بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد کە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیەتی، بەڵام هەموو ئەوانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەو ئیرهابە فکریە وایاندەزانی ئەوەی دەگوترێ راستییە بۆیە پارتی لێی بێدەنگە.
هەر ئەو بێدەنگیەی پارتی وای لەو کەس و لایەنانە کردبوو لەسەر ناشیرین کردنی مێژووی خاوێنی پارتی بەردەوام بن و لەو پەنایەشڕا جوانکاری بۆ مێژووی پیسی خۆیان بکەن، بەڵام کاک نێچیرڤان بارزانی توانی بە چەند خولەکێک هەموو ئەو ریسەیان لێ بکاتەوە بە خوری کە زیاتر لە نیو سەدەیە بە تەشی چەواشەکاری دەیڕێسن.
کاک نێچیرڤان بارزانی روون و ئاشکرا بە سلێمانیەکانی گوت: ئێمە شەڕ بۆ سلێمانی دەکەین و ئەوان شەڕیان بە سلێمانی کردووە, ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا کە کە لە سلێمانی دەسەڵات نەبوون و ئۆپۆزسیۆنێکی بەردەوام پەلاماردراو بوون، بەڵام ئەوەی توانیبێتمان و رێگریمان لێنەکرابێ ئیشمان بۆ سلێمانی کردووە و خەڵکی تر کردوویەتی بە هی خۆی، ئەگەر ئێمە یەکجار پارتی بین ئێوەی سلێمانی دووجار پارتین، ئەگەر ئێمە یەکجار بە وەفا بین ئێوە بە وەفاترن بۆ پارتی و رێبازی بارزانی نەمر، لەوەشدا مەبەستی ئەو ئیرهابە فکریە بوو کە لە پێناو لاواز کردنی پارتی لە سلێمانی خزمەت بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان کراوە، بۆیە فەرمووی ئیتر بەسە.