پارتی هەڵەیە و نەیار و ناحەزەکانی راستن
May 5, 2018
وتار و بیروڕا
زۆرێک لە پارتیەکان و بەشێکی بەرپرسە باڵاکانیش لە دەرەوەی رێبازی بارزانی نەمر و بێ رەچاوکردنی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانی، وا پێناسەی پارتی بوون دەکەن کە ناوت لە ئۆرگانێکی حزبی هەبێ و پابەندی ئەو رێنماییە حزبیانەش بیت کە لەو ئۆرگانەوە دەردەچن، بە پێچەوانەوە دیدێکی تر هەیە کە دیدی نەیار و ناحەزەکانی پارتییە، ژیرانەتر بۆ پارتی بوون دەڕوانن، ئەوان پارتی بوون لە بەرگری کردن لە کوردبوون و کوردایەتی کردندا دەبینن، پێیانوایە هەرکەسێک هەڵگری هەر بیروبۆچوونێکی سیاسی و حزبی بێت، ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان بە تاوان و عێراقچێتی بە رەوا نەزانێ، ئەوا پارتییە و پارتی بوونی وەک تاوانێکی گەورە دەدەنە پاڵ، واتا لای ئەوان کوردبوون و کوردایەتی و رەتکردنەوەی ژێردەستەیی بە باڵای پارتیەکان بڕاوە و بەس، لێرەدا دەپرسم: ئایا پارتیەکان هەڵەن کە پارتی بوون ناو نووسیندا لە ئۆرگانێکی حزبیدا بەرتەسک دەکەنەوە، یان نەیار و ناحەزەکانی کە سنوورەکانی پارتی بوون تا ئاستی کوردبوون و کوردایەتی کردن و نەتەوەیی بوون فراوان دەکەن؟
من سەد لە سەد پارتیەکانم پێ هەڵەن و رای نەیار و ناحەزەکانی پارتیم پێ راستە، پێموایە ئەوان لە پێناسە کردنی پارتی و پارتی بوون سەرکەوتوو ترن لەو پارتیانەی کە پارتی بوون و پارتایەتی لە بوونی ناو لە ئۆرگانێکی حزبیدا دەبینن، چونکە نەیار و ناحەزەکان پارتی بوون لە هەڵوێستی کوردانەدا دەبینن، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە هەر کەسێک لەناو هەر حزبێکی سیاسیدا هەڵوێستێکی کوردتانە بنوێنێ دەڵێن: ئەها فڵان کەسیش بوو بە پارتی.
ئەگەر کەمێکیش بگەڕێینەوە بۆ رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و خوێندنەوەی بۆ چارەسەری پرسی کورد، تێدەگەین کە زۆرێک لە پارتیەکان و بەرپرسە باڵاکانیش کەوتوونە هەڵەیەکی گەورەی سیاسی و دەبێ رەخنە لە خۆیان بگرن و بە خۆیاندا بچنەوە، دەبێ داوای لێبووردن لە رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و مێژووی قوربانیدانی ئەو دوو زاتە و پارتی بکەن.
ئاخر کەی بارزانی نەمر لە خەبات و تێکۆشانیدا بڕوای بە لیست و لیستکاری هەبووە؟! ئەو بڕوای بە بەرگری کردن لە کورد و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و ستەمکاری هەبووە، جا ئەو بەرگریکار و دژە زوڵم و ستەم و ستەمکاریە خاوەنی هەر ئایدیا و بیروبۆچوونێکی سیاسی و حزبی بووبێ.
رێبازی بارزانی نەمر بەقەد جوگرافیای هەموو کوردستان و خواستی هەموو کورد فراوان بووە، ئەی نەیفەرمووە: بە لاماوە گرنگە ئاڵای کوردستان هەڵبکەم، جا گرنگ نییە ئەو ئاڵایە لە مهاباد یان دیاربەکر یان قامیشلو یان لە هەولێر دەبێ.
ئاخر کەی سەرۆک بارزانی لە هەڵوێستەکانیدا باسی پارتی بوون و حزبایەتی کردووە؟! هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی هەڵگری خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و وەڵامدەرەوەی ئەو زوڵم و ستەمە نەتەوەییە بوون کە بە درێژایی مێژوو لە کورد کراون،