پارتی بانگەشەی بۆ چییە؟
April 29, 2018
وتار و بیروڕا
پارتی لە مێژوودا خاوەی (٧٢) ساڵ خەبات و قوربانیدانە، خاوەنی دەیان سەروەری مێژوویی و دەستکەوتی نەتەوەیی وەک رێککەوتننامەی ١١ی ئازارە، خاوەنی بەتاڵ کردنەوەی سیحر و جادووی راپەڕینە ناوچەییەکان و گرووپ گرووپێن و باڵباڵێنە، خاوەنی بە نەتەوەیی و نیشتیمانی کردنی شۆڕشی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانە، بە کوردی و بە کورتی خاوەنی درووشمی کوردستان یان نەمانە.
لە ئێستادا خاوەنی پرۆژەی گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، خاوەنی بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستانە، خاوەنی بڕیاری بەرگری کردنە لە دەستکەوتەکان و خوڵقێنەری داستانەکانە، خاوەنی بڕیاری بۆ گەل ژیان و بۆ گەل مردنە.
بۆ داهاتووش خاوەنی روانینێکی نەتەوەییە بۆ چارەسەری پرسی کورد، خاوەنی (بەڵێ)یە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و نەخێرە بۆ ژێردەستی، جا ئەگەر پارتی حزبی مێژوو و ئێستا و داهاتوو بێت، پێمناڵێن: بانگەشە و خۆناساندنی بۆچییە؟ ئەی ئەوەنییە مێژوو لە باتی ئەو بانگەشەی ناساندنی پارتی دەکات، ئێستا هاواری بژی پارتی و بارزانی دەکات، داهاتووش بوونی کورد لە هێزی پارتی و بەردەوامی رێبازی بارزانی نەمردا دەبینێ، تکایە لێگەڕێن نەیارانی پارتی چی دەڵێن با بیڵێن، وەڵامدانەوەیان بۆ مێژوو و ئێستا و داهاتوو جێبێڵن.