بۆ بەربژێرە دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراق

بۆ بەربژێرە دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراق
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا درووشمەکانتان کوردانە نەبوون، هیوادارم لە بەغدا هەڵوێستەکانتان کوردانە بن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا درووشمەکانتان بۆ شکاندنی یەکتری بوون، هیوادارم لە بەغدا هەڵوێستەکانتان بۆ پشتگرتنی یەکتری بن.
لە بانگەشەی هەڵژاردندا رقی عرووبە و زوڵمی بەغداتان لەبیر کرد، هیوادارم لە بەغدا کوردبوون و کوردایەتی و کوردستانتان لەبیر نەچێت.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا وێنەکانتان سەریان لە ناو هەوران دایە، هیوادارم لە بەغدا سەرتان نەخەنە لەناو گیرفانتان.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەگەڵ خەیاڵی حزبی و دەستکەوتی تایبەتی دەدوێن، هیوادارم لە بەغدا لەگەڵ واقعی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بژین.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە رۆژی رووناک و لەبەر تیشکی خۆر هاوار دەکەن، هیوادارم لە بەغدا لە کۆبوونەوە نهێنیەکان و ژوورە تاریکەکان سەر شۆڕ نەکەن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە بەڵێنی قەبە گرەو لە دەنگدەری چاو لەدووی هیوا دەبەنەوە، هیوادارم لە بەغدا و لەسەر مێزی رازاوە گرەوی کوردبوون و کوردایەتی نەدۆڕێنن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا نەک خۆتان، وێنەکانتان بۆ دەنگ پڕ بە چاوان چاو لە دەنگدەر دەبڕن، هیوادارم لە بەغدا لە بەرامبەر حەنان فەتەلاویەکان چاو دانەخەن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەبەر هاوار و شیڕەشیڕ و نەڕەنەڕی ئێوە کاسەی سەرمان کەوتۆتە ژان و گوێچکەکانمان کەڕوکاس بوون، هیوادارم لە بەغدا وەک عەلی باپیر و سەلیم شووشکەیی قڕوقەپ لەسەر کورسی پاڵ نەکەون.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا درووشمەکانتان کۆپی درووشمەکانی وشیار و سروە و ئاڵا و شوان داودی و کاوە محەمەد..ن، هیوادارم لە بەغدا هەڵوێستتان هەمان هەڵوێستی شاخەوان و ئەشواق و موسەننا و مەسعود خەیدەر.. بن.
Top