ئەمن دەیڵێم و ئێوەش بێ منەت بن
April 25, 2018
وتار و بیروڕا
لە ساڵی ١٩٩٢و لە کاتی هێناوەوەی رووفاتی نەمران بارزانی نەمر و کاکە ئیدریس، بینیمان سلێمانییەکان چۆن خرۆشابوون، هەموومان لە بیرمانە کە چۆن سلێمانیەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە هاواران دەکرد و دەیانگوت:ــ
مەیبەنەوە بۆ بارزان
دەیخەینە سەر چاوانمان
یان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی شەهید (خاڵە عەفان) سلێمانی راپەڕی، تەنانەت راپەڕینەکە بە شێوەیەک ترسی خستە ناو دڵی نەیارانی پارتی و بۆ دامرکاندنەوەی ناچاری کردن راپەڕیوان بدەنە بەر دەستڕێژی گولە و (١٣) کەسی راپەڕیو شەهید بکەن، بە واتایەکی تر نەبەزی ئەحمەد بچکۆل گوتەنی (عاشوورایە و سلێمانی لە خاچ دەدرێ) ئەو رووداوانە و زۆر رووداوی تریش بەڵگەی پارتی بوونی راستەقینەی ئەو شارە کوردپەروەرەن، لێردا دەپرسین: ئایا پارتی هیچ جارێک ئەو رووداوانە و پارتی بوونی سلێمانیەکانی هێناوەتە پێش چاوی خۆی و بەدوای ئەو درزەدا گەڕاوە کە خراوەتە نێوان پارتی و سلێمانییەکان؟
لێرەدا بە پێویستی دەزانم زۆر بە کورتی و لە دوو خاڵدا هۆکاری درزەکە و راستەرێی گەڕانەوەی پارتی و وەرگرتنەوەی پێگەی شایستەی خۆی لەو شارەدا بخەمەڕوو.
١:ــ زۆرێک لە بەرپرسەکانی پارتی لەو سنوورە و بە تایبەتیش بەرپرسە باڵاو بڕیار بەدەستەکان، لەو ئاستەدا نەبوون بە تیشکی شۆڕگێڕی و کوردپەروەری رێبازی بارزانی نەمر بتوانن تەمی ئەو ئیرهابە فکریەی سەر ئەو سنوورە بڕوێننەوە و رێبازی بارزانی نەمر و سەرەوەریەکانی بە نەوەی تازە ئاشنا بکەن، بە واتایەکی تر بە چەکی کوردایەتی و لەناو سەنگەری لە شکان نەهاتووی رێبازی بارزانی نەمردا، نەیانتوانیوە شەڕی ئەو گرووپانە بکەن کە لە سەنگەری عێراقچێتیدا شەڕی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان دەکەن.
٢:ــ هەر ئەو بەرپرسانە ئەوەندەی خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی و گیرفان و خزمخزمێنە بوون، ئەوەندە خەریکی پارتایەتی و گەیاندنی رێبازی بارزانی نەمر نەبوون. بۆیە چارەسەر ئەوەیە پارتی گۆڕانکارییەکی ریشەیی بکا و رێبازی بارزانی نەمر بداتە دەست ئەو شوێنکەوتووانەی کە بە ئامانەتەوە دەتوانن بیگەیەنن.