سیاسەت کردن لە سەر حیسابی ئەوانی تر..
April 23, 2018
وتار و بیروڕا
ئاشکرایە کە نکۆڵی لە هەبوونی چەندین قەیران و گیرو گرفت ناکرێ لە کوردستان لە ڕووی سییاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، وە فەرهەنگی.. چ لە ڕابردوودا٫ وە چ لە ئێستاشدا کە بوونەتە هۆکارگەلێکی سەخت و دژوار لە هەمبەر ژیان و پێکەوە بوون لە هەموو کایەکاندا، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنیان هەم لە لایەن حوکومەتی هەرێم و هەمیش بەشێک لە لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان، جێی داخە کە کێشەکان بەکۆتا نەهاتوون و ئومێدێکیش نابینم، چون کۆی چارەسەری قەیرانەکان بە یەک ڕیزی نێو ماڵی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی دەکرێ و بۆ ئەو کۆدەنگیەش ئاسۆیەک بەدی ناکرێ!. وەلێ هەوڵ و پلانی زۆریش لە ئارادان بە ئاراستەی نەهێشتن و بە کۆتا هێنانی هەر کێشەو گرفتێک، وە بۆ یەکبوون و یەکێتی لایەنە سیاسیەکانیش..، کە هەر کوردێکی دڵسۆز خۆزگەی بۆ دەخوازێت.
بەڵێ ٢٧ ساڵ لەحوکومڕانی کوردی و بەتایبەتی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی، وە PDK کەپشکی شێری بەرکەوتووە لە ئەرک و بەرپرسیارێتید، بەڵام بێخەوش و بێگەرد نەبووەو دەربارەی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گەشەکردن و پێشڤەچوونی کوردستان لە هەموو سێکتەرە جیا جیاکاندا ناکرێ نادیدە بگرین، سەرپێ کەوتنی هەندێ لەو ڕەوت و لایەنانە کە لە ئێستادا بەناوی خەمخۆری گەل، وە بۆمەرامی شەخصی و ئەجێندای دەرەکی دەستیان وەسیاسەت داوە و کەوتوونەتە بنکۆڵ کردنی ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی کە لە سایەیدا بەدەست هاتوون نموونەن لە هەبوونی چەمکی دیموکراسی و ئازادی و قبوڵکردنی پێکەوە ژیان کە پارتی دیموکراتی کوردستان فەراهەمی کردووە بۆ گەلی کوردستان.
ئاخر سیاسەتی تەندرووست بریتی نیە لە ناشرین کردن و تەشهیرکردن بە ئەم و ئەو لە پێناو دەستکەوتنی دەسەڵات، بەڵکو بریتیە لە کێبڕکێیەکی شەریفانە کە بەرمەبنای کارو پرۆژەو پلانی خزمەت گوزاری باشتری هەبێ بۆ خزمەتکاری زیاتری میللەت و وڵات،
جێی داخە کە دەبیندرێ و هەستی پێ دەکرێ دیاردەیەک کە بووە بە مەترسی لە سەر ئاسایشی نیشتیمانی.. ئەویش بەشێک لە لایەنی سیاسی تازە دەرکەوتوو لەسەر حیسابی ئەو حکومڕانیەی 20 ساڵی ڕابردوو خۆیانیان وەگەر خستووە..، بوونەتە ئالاتێک کە کۆنتڕۆڵەکەیان لە بەردەستی وەڵاتانی داگیرکارو دووژمنی گەلی کورد و کوردستان دایە، ئەوان بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆیانیان هەڵدەسوڕێنن و بوونەتە هۆکار بۆ تێکدانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وە هەر هەوڵێکیشیان لە پێناو لاوازکردن و ناشرین کردنی ئەزموونی سەدساڵەی پڕ لە خەبات و خوێنبەخشینی بزافی ڕزگاریدەری کورد دایە و لەو پێناوەشدا بەردەوام ماکینەی ڕاگەیاندنەکانیان زەرەر بە پڕۆسەی سیاسی و بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان دەگەیەنێت.