یوسف محەمەد و دادگایی کردنی ریفراندۆمچیەکان

یوسف محەمەد و دادگایی کردنی ریفراندۆمچیەکان
یوسف محەمەد لە شەکر شکاندنێکی حزبیدا دەڵێ: دەبێ ریفراندۆمچیەکان دادگایی بکرێن، ئەو شەکر شکاندنە حزبییەی یوسف محەمەد وایکرد بپرسین: ریفراندۆم چییە و ریفراندۆمچیەکان کێن؟
ریفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک و رەتکردنەوەی هەر بڕیارێکی سەپێنراوە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ریفراندۆمچیش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە خەڵک لە ریفرادۆمدا بڕیاری لێداوە و دەنگی پێداوە.
ئەو ریفراندۆمەی لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی رابردوو گەڕانەوە بوو بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک لەسەر چارەنووسی خۆی، یەکەم جاریش بوو تاکی کورد لە نێوان دوو بژاردەدا بە ئازادی و بێ چاو سوورکردنەوە یەکیان هەڵبژێرێ، واتا لە نێوان سەربەخۆیی کوردستان و مانەوە بە ژێردەستەیی بڕیار بداو یەکیان هەڵبژێرێ، ئەوەبوو ٩٣% خەڵکی کوردستان ژێردەستەییان رەتکردەوە و سەربەخۆییان هەڵبژارد و ٧% خەڵکیش بە درووشمی یوسف محەمەدەکان بگەوجێندرێ و ژێردەستەیی هەڵبژێرن و سەربەخۆیی رەت بکەنەوە، کەواتە یوسف محەمەد دەیەوێ ٩٣% خەڵکی کوردستان دادگایی بکات، ئەوەش دادگایی کردنی راستەخۆیی سەربەخۆیی و خەڵات کردنی ژێردەستەییە.
جگە لەوەش یوسف محەمەد بەو شەکر شکاندنەی دەیەوێ مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و خوێنی شەهیدان و رەنج و خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی شۆڕشگێڕانی کورد دادگایی بکات، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو شۆڕشی لە پێناو بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستان و رەتکردنەوەی ژێردەستەیی کردووە، لەو پێناوەشدا چەند موو بەسەری یوسف محەمەد و نێر و مێی بنەماڵەکەیەوە هەیە، ئەوەندە شەهیدی داوە و زۆرترین خوێنی بەخشیوە و رەنج و قوربانی بێ سنووریشی داوە، جا ئەگەر یوسف محەمەد ریفراندۆچی و سەربەخۆخوازانی کوردستان دادگایی بکات، ئەوا دەبێ بارزانی نەمر و پێشەوا قازی و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و دکتۆر قاسملۆ و شەرەفکەندی و هەموو ئەو رەمز و پیرۆزیانەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بچنە بەردەم دادگا و ناو قەفەسی تاوانکاری، سەددام حوسێن و ئاخوندەکانی ئێران و کەمالیستەکانی تورکیش دادوەر بن و دوژمنویست و عەبادی دۆستەکانی وەک یوسف و هاوهەڵسووڕاوەکانیشی داواکاری گشتی و پارێزەری سیاسەتی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستان بن.
کاتێ یوسف محەمەد دەڵێ: دەبێ ریفراندۆمچیەکان دادگایی بکرێن، تکایە لێی مەگرن، چونکە یوسف محەمەد بە ڤایرۆسی کۆنەقین دووگیان کراوە، هەموو بوونەوەرە دووگیانەکانیش کاتێ ژان دەیانگرێ دەکەونە وڕێنە کردن و خۆشیان نازانن چی دەڵێن، یوسف محەمەدیش ژانی فڕێدانی کۆرپەڵەی کۆنەقین گرتوویەتی و وڕێنە دەکات، ئەگەرنا هەرگیز ئەو شەکرەی نەدەشکاند، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ٩٣% دەنگی خەڵکی کوردستان بوو، کەواتە ٩٣% خەڵکی کوردستان ریفرادۆمچین بە کاک عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەشیەوە، چونکە ئەویش دەنگی بە بەڵێ داو بە قەولی یوسف محەمەد ئەویش ریفراندۆمچییە و دەبێ دادگایی بکرێ، جا هەرکاتێک یوسف محەمەد پارێزبەندی رێکخەری گشتی لەسەر رێکخەرەکەی هەڵگرت و بردیە بەردەم دادگا، بۆی هەیە هەموو ریفراندۆمچی و سەربەخۆویستانی کوردستان بەرێتە بەردەم دادگاکانی تەتریک و تەفریس و تەعریب.
Top