پێگەو سەنگی کورد لە سەرەتای چەنگی دژی داعشەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی (١٢)ی مانگی داهاتوو...
April 19, 2018
وتار و بیروڕا
داعش یان بەناو (دەوڵەتی ئیسڵامی لەشام و عێراق) یەک لەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە بوو کەهیچ بەهاو قیەمێکیان نەبووە و نییە. داعش لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانی سەرنجی هەمو جیهان بخاتە سەرخۆی بەهۆی کردەوەی تیرۆرستی و وەحشی گەریانەی کەئەنجامی دا، ئەوە بوو بە ماوەیەکی کەم توانی دەست بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سوریا و عێراقدا بگڕێت و تەنانەت بووە خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و بەهێز و زۆڕێک لەبنکە سەربازیەکانی ئەم دوو وڵاتەی خستە ژێر ڕکێفی خۆی، لەکاتێکدا هەریەک لەعێراق و سوریا خاوەنی هێز و سەربازگە و چەکی قورس بوون.. تائەو کاتەی هێرشیان کردە سەر خاکی پیرۆزی هەرێمی کوردستان، زۆر بەئاسانی هەرشوێنێک مەبەستیان بوایە دەستیان بەسەردا دەگرت. ئەمە لەلایەک گەندەڵی و فشۆڵی هیزە عێراقیەکانی دەر دەخست لەلایەکیش بێ باکی سەرانی عەرەبی دەرخست بەرامبەر بەخاک و نەتەوەی خۆیان، بەجۆرێک ئامادە نەبوون بۆیەک چرکەش دڵسۆزانە بەرگری بکەن، تەنانەت دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق کە نەینەوا بوو لە چاوتروکانێکدا ڕادەستی چەکدارانی داعشیان کرد و تەواوی خەڵکی ئەو ناوچانە کەوتنە ژیانێکی لێوان لێو لەمەرگەسات و ئاوارەیی و دەر بەدەری.
دوای ئەوە داعش بەوە نەوەستاو هێرشی کردە سەرخاکی پیرۆزی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک هەر گرووپ و ڕێکراوێکی تر و وەک هەمیشە ئەمە بوە خاڵی لاوازی گرووپێکی تیرۆرستی کەجیهان بەدەستیەوە دەیناڵاند، بەهۆی ئەو بەرگریە بوێرانەیەی کەهێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆک (مسعود بەرزانی) کردی، گورزێکی وەهای
لێدان تەنانەت عێراقیش پەنای بۆ هێزی پێشمەرگە هێنا بۆ سەندنەوەی بەشیک لە ناوچە داگیرکاوەکانیان لەدەستی داعش و تەنانەت ئەم هێزە سەربازیە پڕ چەکەی عێراق، کاتێک بە پێی پەتی و بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک لە دەستی داعش ڕایانکرد بەشیکیان لەڕێگەی فرۆکەخانەی هەوڵێری پایتەختەوە گەیەندرانەوە بەغداد، لەڕاستیدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەوەش زیاتر بوو کە تەنها بەرگری بکەن، بەڵکو هەرێم باوەشی بۆ هەموو ئەو ئاوارە عەرەبانەش کردەوە کە بەهۆی جەنگی داعشەوە لەسەرزێدی خۆیان وەدەرنران کە تائێستاشی لەگەڵ دابی تاکە شوێنی ئارام بۆ ئاوارەکان- هەرێمی کوردستان تاکە فریاد ڕەس٫ وە هاوکاریش بەتەنها لە لایەن حوکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، وە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی.. وە دووربینانەی سەرکردایەتی کوردستان وای کرد لەگەڵ پەلاماردانی خاكی پیرۆزی کوردستان زۆرینەی وڵاتانی دونیا بێنە سەرخەت و لەنێویشیاندا ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەسا و ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی تر کەوتنە بەرەی هەرێمی کوردستان و لە ئاکام دا بەرەیەکی نێو دەوڵەتی لەدژی داعش پێکهێندراو بە پێشڕەوی هیزی پێشمەرگەی کوردستان تواندرا نەک هەر خاکی باشوری کوردستان بەڵکو کۆبانێ و چەند ناوچەیەکی تریش لە خۆر ئاوای کوردستان لە چنگی چەکدارانی داعش ڕزگار بکرێن و ئەفسانە و تەختی داعش سەراو ژێر بکرێن، هەرێمی کوردستان توانی سەرنجی جیهان بە گشتی و وڵاتانی زل هێز بەتایبەتیتر بەلای خۆیدا ڕا بکێشیت، وە فڕۆکەخانەکانی کوردستان بوون بە کاروان سەرای سەرکردە دیارەکانی جیهان، لەوێوە کێشەی کورد چووە قۆناغێکی تر لەسەر ئاستی جیهان.
گەلی کوردستان چەندین ساڵ لە خەبات و دەربەدەری و ئاوارەیی و ئەنفال و کیمیا باران.. بەرەنجامی خۆنەویستی و بوێری کورد بوونە لەپێناو ئازادی و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ، دواجار کورد توانی زۆر بەسەرکەوتوویی گشتپرسی ئەنجام بدات و تاپۆو سەنەدی نیشتیمانەکەی بخاتە گیرفانیەوە، ئێمەی کورد پەیاممان بۆ هەموو دونیا، پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان بوو، ئەم بڕیارە بووە هۆی بەئاگا هێنانەوەو ڕاچڵەکاندنی تەواوی جیهان، تائێستاش ڕاپرسی میللەتێکی ستەمدیدە، مانشێتی زۆرێک لە میدیا جیهانیەکانە. جەنابی سەرۆک بارزانی شانازیەکی مەزنی بەخشی بە گەلەکەی، کە سەرە ڕای هەموو نەهامەتیاکان دەست بەرداری ئامانجی سەر بەخۆیی نابین، بەداخەوە دان نەنان و دژایەتی ئەم پڕۆسەیە لە لایەن دوژمنان و نەیاران پەڵەیەکی ڕەش بوو بەنێو چاوانی ناحەزانی گەلی کورد، وە بە ئەنجام دانی پڕۆسەی گشت پرسیی زۆرێک لە کێشەکانمان یەک لا کردەوەو ناسنامەی کوردبوونی کەرکوکو ناوچە داگیرکراوەکان دووبارە کردوە، ئەگەر لەدەستمان دابوایە دووبارە بونەوەی ئەم هەلە ئەستەم دەبو، دەرئەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە لە ئایندەدا دەر دەکەون کە ئاخۆ چیمان کردووە و چیمان بەدەست هێناوە، هیچ گوومان لەوەدا نیە بەئەنجام دانی ئەو پڕۆسەیە ڕوو بەڕووی زۆر سزای هەرێمی و بگرە نێو دەوڵەتیش بووینەوە، بەڵام چۆکمان دانەدا و ئیرادەی ئەم گەلەمان تەسلیمی هەڕەشەی دوژمنەکانمان و پڕوپاگەندە بێ بنەماکانی کەسانی کورتبینو هەرزەکاری سیاسی نەکرد و خۆڕاگر بوین. وەک هەمیشە وا خەریکە ئەو دەرگایانەی بەڕوومان دا داخرابوون هەر خۆمان دەیان کەینەوە و هەڵدەستینەوە سەر پێی خۆمان، ئەوانەی موزایەدەیان بەم پرسە ستراتیژی و نیشتیمانیە دەکردوو گرەویان لەسەر کەوتنی هەرێمی کوردستان کردبوو، ئەگەر ویژدانیشیان وەک چاویان دانەخستبێ دەیبینن نەک هەر نەکەوتین بەڵکوو هەزاران هەنگاو بەرەو پێش چوین هەموو دیوە ئەرێنیە کانی گشت پرسی بە تێپەڕ بوونی کات دەردەکەون و ئەم شانازیە تەنها بۆ کوردو سەرکدایەتیەکەیەتی. دەمان زانیو بینیمان لە ناو خۆو لەدەرەوە کەسانێک دژمان وەساتان و بگرە کاریان لەسەر شکستپێهێنانی ئەم پڕۆسەیە کرد بەڵام سەر کەوتوو نەبوون، هەموو دەوڵەتانی دونیاش کاتێک ویستوویانە سەر بەخۆبن، هەر وەک ئێمەیان کردوە و باجەکەشیان داوە، برسیی بوون، ماندوو بوون، شەڕکردن... بەڵام دوا جار سەرکەوتوون، یەک ڕیزی نێو ماڵی کورد خاڵی سەرکەوتنە کە ئەوە بەتەنها بە پارتی و سەرکردایەتیەکەی ناکرێ، بەڵکو دەبێ ئەم ئیرادەیە لای هەموو هێزو لایەنێکی سیاسی کورد بوونی هەبێت، ئەوە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە ئەو دۆخە هەستیارەی ئێستا کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەگوزەرێ سەرەتای گۆڕانکاریەکی گەورەیە لە ناوچەکەدا، کە واپێش بینی دەکەم لە بەرژەوەندی کورد بەکۆتا بێ، بە تایبەتی ئەگەر هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی تر وەک پارتی هەستی بەرپرسیارێتی و نیشتیمانپەروەرێتیان لە هەگبەدا هەبێت.
ڕووداوەکانی دوای ٢٥/٩
دەوڵەت بوونی کورد لە باشوری کوردستان کە بۆ ئێمە ئامانجێکی ستراتیژیەو لە پێناوی دا چەندین شۆڕش مان کردوەو ئەم حەقەی کە بەبێ ویستی خۆمان لێمان زەوەت کراوە دەمان هەوێ بیگێڕینەوە ، وەک دەرکەوت ئەوە بۆ عێڕاق و عێڕاقیەکانیش ڕووداوێک نیە کە بە ئاسانی بچنە ژێر باری، بۆیە ئەوەی لە دوای گشت پرسی حوکومەتی عێڕاق کردی، هەمووی چاوەڕوان کراو بوو، جگە لە هێرشەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ کە بەهەموو پێوەرێک کارێکی قێزەوون بوو، بە هاوکاری دەستێكی ناپاکی ناوخۆیی دەرهەق بە کەرکوک و خورماتوو کرا، هەموو ئەوانەی هاوکاری هێزە عێڕاقیەکانیان کرد وئامادە نەبوون بۆ یەک خولەکیش بەرگری بکەن و کەرکوک و دووزیان بەو دۆخە گەیاند! نازانم چۆن ڕوویان دێ جارێکی تر هەوڵی کاری سیاسی و چاڵاکی بدەن!. لە کاتێکدا کە دەسڵاتێكی سەپێنراوی سەربازی بە فەرمانێکی نایاسایی بەسەر ئەو ناوچانەدا حوكمێکی ناڕەوا، دوور لە هەموو بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان بەسەر کەرکوک و خورماتوو ناوچەکانی تر دا سەپێندرا، هەر ئەوەش نا، بەڵکو ئەو هێزەی کەرکوکی داگیر کردوە.. هەستاون بە داماڵینیی تەواوی ڕەمزو پیرۆزیی ئاڵاو وێنەی سەرکردەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک و ناوچەکانی تری داگیرکراو کە بووە بە مۆڵگەی ئەو هێزە میلیشیا بەزیوانەی جەنگی داعش، کە باوەشی پێشمەرگەیان کردە چەپەرو فریاد ڕەسی خۆیان و بێ ئەمەکیش بوون، ئەوەی جێگای سەر سوڕمانە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەر لە چرکە ساتی ڕووداوەکان هەستی بەم مەترسیانە کردو سنووری تەحەدییەکانی بۆ دیاری کردن و ئەوە بوو لە بازگەی پردێ پەندێکی وای پێدان کە بیریان بێتەوە ڕوو لە هێزێک وەستاون و مومکین نیە قبول بکات پلانە کانیان بپێکن. هیچ لایەن و حزبێکی تری باشوری کوردستان دەنگیان نیە لە ئاسات ئەو هەموو کارەسات و پێشیل کاریەی لە هەمبەر خۆیان و ئەندام و لایەنگرانیان و هاوڵاتیان کراوەو دەکرێت!. وە ئامادەیشن بانگەشەی هەڵ بژاردنیش لە ژێر چەپۆکی ئەم بارو دۆخە ناسەقام گیرو شێوێندراوەدا ئەنجام بدەن و زۆر شەرمنانە لە ژوورە تاریکەکان وەک ئەوەی خۆیان بە زیاد بزانن بەدزیو زۆر بە پەنهانی خەریکی کاری حیزبین، ئەوە لەکاتێک دایە کە پارتی و بەڕێز نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیانەوە لە نێو خۆو هەم لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی خەریکی تێپەڕاندن و پوچەڵ کردنەوەی ئەم پلانانەن کە بۆ بچوک کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لاوز کردنی پێگەی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیڕاقدا کە لە ١٢ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت داڕێژراون و کاریان بۆ دەکرێ ، لەمەشدا تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوونەو توانیویانە تەواوی ئابلوقە سیاسی و ئابووری دیپلۆماسیەکان بشکێنن و هەر بەم نزیکانەش هیزی پێشمەرگە بگێڕێنەوە بۆ ناوچەکانی بەر لە رووداوەکانی( ١٦)ی ئۆکتۆبەر، هەرلەم ڕێگایەشدا هەم پارتی بایکۆتەکەی خۆی کۆتایی پێ دێنی، کە لە ناووچە دابڕاوەکان بۆ هەڵبژاردنەکان ڕای گەیاندوە لە دژی داگیر کاری و پێشێل کاری و ئەو دۆخە سەپاوەی ئەم ناوچانە، وە تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە کانیش دەتوانن بەسەر بەرزی و لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە کەشێکی ئارامدا بانگەشەو چاڵاکیەکانیان بکەن.
هەڤاڵان هەر چەندە نێو ماڵی کورد پەرتەوازەیی پێوە دیارە، وەلێ هیچ کام لە هێزو قەوارە سیاسیە عێڕاقیەکانیش لەدۆخێکی باشدا نین، جگە لەوەش شیعەو سوننە تەنها لەئاست پرسی کورد یەک دەنگن، کەچی لە ناو خۆیاندا لە ڕکابەریەکی سەخت دان ، بەجۆرێک هەریەکە بەسەر چەندین گروپ و بەرەی جیا جیا دا دابەش بوون و زۆربەشیان بارگاوی کراوی سیاسەتی دوژمن کارانەی وڵاتانی ئیقلیمین، ئەوەش خاڵێکی لاوازی ئەوانەو دەکرێ کورد بەسود وەرگرتن لەو بارودۆخەی ئەوان نێو ماڵی خۆی رێک بخاتەوەو هەر ئەوەش وادەکات کە دەنگەکانی لەوە زیاتر پەرتەوازە نەبێت و سنورێک بۆ پلانە جۆر بە جۆرەکان دابنێ ، ئەگەرچی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی باشوری کوردستان دەرەنگ کەوتووەو هەندێک شتمان لەدەست داوە، بەڵام زەمینی هیواو ئومێد ماوەو دەکرێ لەماوەیەکی کەمدا کار بکرێ بەئاراستەی کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی کورد لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچە داگیرکراوەکان بە تایبەتی، ئەوسا دەکرێ هیوا لەسەر پێگەیەکی بەهێز بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانمان لە نێو کابینەی داهاتووی حکومەتی عێڕاق و پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە فاشیە هەڵبچنین.