زۆرێک لە کاندیدەکان پێویستیان بە چوار خولە

زۆرێک لە کاندیدەکان پێویستیان بە چوار خولە
ئەوەندەی گوێبیستی لێدوانی کاندیدەکان دەبم و لە ئاستی رۆشنبیری و ئەزموونی سیاسی و هەڵوێستی کوردبوون و کوردایەتیان رادەمێنم، زۆرینەی هەرە زۆریان پێویستیان بە چوار خولی پەروەردە و فێرکاری هەیە و هەر خولێکیش ماوەی ساڵێکی پێویستە.
خولی یەکەم:ــ لەو خولەدا پێویستە فێری زمانی عەرەبی بکرێن، چونکە بەشێکیان نەک زمانی عەرەبی نازانن، لە زمانی کوردیشدا کۆڵەوارن.
خولی دووەم:ــ ئەم خولە کە خولی فێرکردنی کوردایەتی و کوردبوونە زۆر گرنگە، چونکە بەشێک لە حزبەکان و بە تایبەتیش خزبەکانی سلێمانی، نەک دۆست و ئەندامانی خۆیان فێری کوردبوون و کوردایەتی نەکردوون، بەڵکو وایان فێر کردوون لە ترسی کوردبوون و کوردایەتی خۆیان بخەنە باوەشی عرووبە و بە هێزی عرووبە بەرگری لە بوون و پاراستنی پێگەی خۆیان بکەن.
خولی سێیەم:ــ لەو خولەدا فێری ئەوە بکرێن کە پەرلەمانتاری ئەرکە و دەنگدەر لە متمانە پێدان دەتخاتە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی، نەک وەک ئەو پەرلەمانتارانەی کە پەرلەمانتاری بە ماف تێگەیشتوون و لە پێناو دەستکەوتی حزبی و تایبەتی فێری سیاسەتی بن عەبا کراون.
خولی چوارەم:ــ وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد زۆر لە کاندیدەکان پێیانوایە سیاسەت هەڵەوەڕی و جنێوفرۆشی و هەڵپەڕکێ و هەلهەلە کێشانە، ئەوەش دەخوازێ ئەوانە لە خولێکی سیاسیدا فێر بکرێن کە سیاسەت هونەری رووبەڕوو بوونەوەیە و بەرگری کردنە لە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەران دراون.
جا ئەگەر ئەوە کاندید بن بۆ پەرلەمانی عێراق و لەو ئەرکەدا چارەنووسی کوردیان بدرێتە دەست، ئەوا کورد تووشی زۆر رووداوی تری هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرێ، چونکە وەک گوتم زۆربەیان پێویستیان بە چوار ساڵ ساڵ هەیە تا ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی شایستەی ئەندام پەرلەمانی بن و دڵنیا بین کە بە پارە و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان نافرۆشن و وەک هاوهەڵسووڕاو و هاوبانگخوازەکانیان نابنە جاسووس بەسەر چارەنووسی دەنگدەرانیانەوە.
Top