بایکۆتی ریفراندۆم و چوونە ناو کەژاوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێوەرێک بۆ کوردایەتی و عێراقچێتی

بایکۆتی ریفراندۆم و چوونە ناو کەژاوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێوەرێک بۆ کوردایەتی و عێراقچێتی
لە بانگەشەی ریفراندۆم و باگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق شتێکی زۆر پێچەوانە و دژ بەیەک دەبینم، ئەویش ئەوەیە لە بانگەشەی ریفراندۆم ئەو حزبانەی ژێردەستەییان رەتدەکردەوە و بە پەرۆشەوە خەڵکیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاندەدا، ئێستا لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق تا ئاستێکی بەرز سست و بێدەنگن، بە پێچەوانەوە ئەو حزبانەی لە ریفراندۆم لە بن لێوانەوە خەڵکیان هاندەدا بۆ بایکۆت و دەیانگوت: نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئێستا وەک شیری سەر ئاگری کابانی گەڕۆک هەڵچوون و شەقامیان پڕ کردووە لە درووشم و لۆگۆی کوردایەتی و ماراسۆنی قافڵەی سەیارە و هەلەهەلە کێشان و ئاهەنگ گێڕان، ئەوە لای من بووە پرسیار و ئەوەش وەڵامەکەیەتی:
ئەو حزبانەی لە کاتی ریفراندۆمدا باگەشەی (بەڵێ)یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، بڕوایان بە کوردایەتی هەیە و چارەسەری پرسی کوردیش لە سەربەخۆیی کوردستاندا دەبینن، عێراقیبوون بە سەرچاوەی نەهامەتیەکانی کورد دەزانن و عێراقچییەکانیش بە دەرچوون لە خواستە نەتەوەییەکان و بە دەستکێش و چاوساغی دوژمنان دەزانن، بە پێچەوانەوە حزب و قەوارە دژە ریفراندۆم و سەربەخۆییەکان هەستی عێراقچێتیان تا ئاستی عاشق بوون جووڵاوە.
لێرەدا دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە بەرەی ریفراندۆم و سەربەخۆخوازی کوردستان لە مێژوودا ژیاون و بۆ داهاتوو گیانیان بەخشیوە، بە پێچەوانەوە بەرەکەی تر بە کەژاوەی عێراقچێتی مێژووی خوێن و خەباتی دەیان ساڵە کورد و نەهامەتیەکانی ئەنفال و کیمیا و کاولکاری کوردستان بۆ بەغدای عرووبە دەگوازنەوە.
Top