خویندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان

خویندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان
له ڕاستیدا هه‌ڵبژاردن گه‌ڕانه‌وه‌ی پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ ڕای گستی وهاوڵاتیان،جۆرێك له‌كایه‌ی سیاسی نێوان ده‌نگده‌رو ده‌نگ پێدراوه‌ له‌پێناو نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه‌ یاسای وئه‌خلاقیه‌ی كه‌تیایدا ده‌نگده‌ر ئازاد بووه‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی ئیراده‌ی تاكه‌كه‌سی خۆیداو پێدانی به‌شێك له‌و ئیراده‌یه‌و به‌خشینی مافی نوێنه‌رایه‌تی به‌ده‌نگ پێدراوبۆسه‌ر ڕێچكه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له‌موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا،ئه‌وپه‌یمان و به‌ها مۆڕاڵیه‌ی نێوان ده‌نگده‌رو ده‌نگ پێدراو كاتێك كاراو ئه‌كتیڤ ده‌بێت كه‌شه‌رعیه‌ت ومه‌شروعیه‌ت ئامانجه‌كه‌ی بێت وبه‌دوایدا بگه‌ڕێت،ئه‌و ڕه‌وایه‌تیه‌شی كه‌دروست ده‌بێت گه‌ل سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی بۆ زه‌مه‌نێكی موعه‌یه‌ن له‌پێناو خێری گشتیدا،له‌چوارچێوه‌ سیاسیه‌كه‌یدا ئه‌م چه‌مكه‌ داننانه‌ به‌ماف وبنه‌ما سروشتیه‌كان كه‌ مرۆڤ وه‌ك بونه‌وه‌رێك ئازاده‌ له‌موماره‌سه‌ كردن ونه‌كردنی،هه‌ربۆیه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌ڵته‌رناتیڤی جه‌نگ و توندوتیژیه‌ بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان گروپه‌ سیاسیه‌كانی وڵات به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌مێكی نوێی حوكمڕانی له‌داهاتودا،له‌زانستی سیاسیدا ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات گرنگیه‌كی زۆری پێده‌درێت چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسی حوكمڕانی وده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌،له‌هه‌موشیان گرنگترهه‌ڵبژاردنه‌ كه‌به‌مه‌ده‌نیترین ئامرازی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت،كه‌واته‌ هه‌ڵبژاردن ناوبژیوانێكی بێلایه‌نه‌ بڕیارله‌سه‌ر سه‌نگ وقورسایی حزبه‌كان ده‌دات،به‌وجۆره‌ ده‌توانین له‌ماهیه‌تی هه‌ڵبژاردن بگه‌ین،كه‌واته‌ تایبه‌تمه‌ندی وڕه‌گه‌زه‌ جیاكاره‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆن وێنابكه‌ین؟له‌به‌رمه‌بنای ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و واقعه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌قۆناغێكی ته‌واو جیاوازدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌تایبه‌ت كه‌سیسته‌می جیهانی ودۆزی ناوخۆی ونێوده‌وڵه‌تی گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌،ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی چه‌ندین فاكته‌ر:
فاكته‌ری یه‌كه‌م: له‌ڕوی نێوخۆییه‌وه‌:
1– هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌قۆناغێكی جیاوازدا گوزه‌ر ده‌كات،به‌هۆی پلۆڕالیزمی سیاسی وفره‌ی له‌ده‌ركه‌وتنی هێزی تازه‌ی سیاسیدا كه‌بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری له‌پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن،جگه‌له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تی توندی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ری پێكدادانی هێزه‌كان ده‌كرێت له‌ئاست وشێوازی جیاوازدا،به‌هۆی ناكۆكی ناوخودی حزبه‌كان وحزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا.
2- زیادبونی ده‌نگی ناڕازی گه‌ل له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا،زۆربه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان به‌ده‌ست(گه‌نده‌ڵی وقه‌یرانی سیاسی ودارایی ونه‌بونی خزمه‌تگوزاری وسه‌روه‌ر نه‌بونی یاساوئازادی سیاسی)ده‌ناڵێنن،له‌ڕابردودا ئه‌گه‌ر كۆمه‌نست وڕادیكاڵه‌كان ده‌نگی ناڕازیبونایه‌ ئه‌وا له‌ئیستادا هاوڵاتیان به‌پاڵپشتی چه‌ندین حزب وده‌زگای میدیایی شه‌قامیان كردوه‌ته‌ سه‌نگه‌ری به‌دیهێنانی داواكاریه‌كانیان.
3- له‌ڕوی ته‌كنیكی وڕۆتینیاتی ئیداریه‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌ له‌سه‌رئاستی عێڕاق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌،بۆیه‌كه‌مجاره‌ كاربه‌سیسته‌می بایۆمه‌تری ده‌كرێت كه‌له‌ئیسپانیاوه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌،ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌رچاوی ده‌بێت ودڵنیاییه‌كی ڕێژه‌ی ده‌دات به‌ هاوڵاتیان ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی غه‌ش و فێڵی هه‌ڵبژاردندا،سه‌ره‌ڕای دانانی كه‌سی شیاوتایبه‌تمه‌ند سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌.
4- كاتێك به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كان ولایه‌نه‌كان ده‌بنه‌ سه‌نته‌روئامانج سه‌رجه‌م هاوڵاتیان وپرسه‌گرنگه‌كان ده‌بنه‌ئامرازله‌وێوه‌ قه‌یرانی متمانه‌و سه‌رجه‌م گرفته‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ئاسۆی چاره‌سه‌ری نابینرێت،ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتێكدایه‌كه‌ ئه‌خلاقی سیاسی له‌ئاستێكی نزمدایه‌،سیاسیه‌كان وخودی حزبه‌كان نه‌خاوه‌نی دادپه‌روه‌ریه‌كه‌ی ئه‌فلاتونن ونه‌خاوه‌نی خۆشگوزه‌رانیه‌كه‌ی ئه‌رستۆن به‌شێوه‌یه‌ك هێڵه‌گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ شێوێنراوشكێنراون،ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌داهاتودا به‌دیارده‌كه‌وێت.
فاكته‌ری دووه‌م: له‌ڕوی نێوده‌وڵه‌تیه‌‌وه‌:
له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عێڕاقه‌وه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خراپترین دۆخدا گوزه‌ر ده‌كات،چونكه‌سێیه‌كی خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌وگوشارو گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ره‌،له‌ڕوی دیبلۆماسیه‌وه‌ به‌ته‌واوی په‌راوێزخراوه‌،ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وكۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی ته‌واو به‌پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی وئازادی سیاسی ومافی مرۆڤ ده‌ده‌ن له‌هه‌رێمی كوردستان،به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی ڕابردودا كه‌هه‌وڵی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری هه‌بووبه‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌رپوكانه‌وه‌ ڕوی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆكۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕونبوه‌وه‌،ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان زیاترگرنگی به‌پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن،له‌لایه‌كی تره‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له‌خراپترین ئاستیدایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێران وتوركیا جیا له‌به‌زاندنی سنوری ئاسمانی ووشكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی ئیحتیواكردنی ده‌ده‌ن،هه‌موئه‌وپرسانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وڕاستیه‌ن كه‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان له‌قۆناغێكی ته‌واوجیاوازبه‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌وبواره‌دا ده‌توانم ئاوابڵێم كه‌ئه‌زمونێكی دورو درێژمان له‌هه‌ڵبژاردندا نیه‌،هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی(2005 )ی عێڕاقیش سه‌ره‌تای گۆڕانكاریه‌كی نوێ بوو به‌ئومێدی بنیادنانه‌وه‌ی عێڕاقێكی نوێ كه‌ماوه‌یه‌كی دور نه‌بوو كۆتای به‌حوكمی دیكتاتۆریه‌ت وتۆتالیتار هاتبووهیوای گه‌لی كورد ڕزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ی خاكی كوردستان بوو به‌ڵام دوای دوو خولی په‌ڕله‌مانی ئه‌وئامانجه‌ تاوه‌كوئێستا نه‌هاتوه‌ته‌دی،ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتێكدایه‌كه‌ دۆخی ناخۆی كوردوبارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نیه‌ هه‌ربۆیه‌جیاوازی وماهیه‌تی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌جێگه‌ی گرنگی پێدانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌به‌شداربووه‌كانی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وئه‌زمونێكی باشیشه‌ بۆزانینی سه‌نگ وقورسایی لایه‌نه‌به ژداربووه‌كان.
Top