پیاوە مەزنەکان هەڵگری خواستی نەتەوەیین و لە بەرپرسیارێتی راناکەن

پیاوە مەزنەکان هەڵگری خواستی نەتەوەیین و لە بەرپرسیارێتی راناکەن
پێچەوانەی پیاوە مەزنەکان چەند کەسێکی بچووک و بوودەڵە بۆ شاردنەوەى بچووکی خۆیان و خۆدزینەوە و پشت کردنە خواستە نەتەوەییەکان و پابەند بوون بە رێککەوتنە ژێر بە ژێرەکانیان لەگەڵ دوژمنان و داگیر کارانی کوردستان بەردەوام بیانوو دەگرن، لە سەرکەوتنەکانیش سینگ دەردەپڕێنن و لە کاتی شکست و تەنگانەش لە بەرپرسیارێتی رادەکەن، ئەگەر شەڕی داعش و پرۆسەی ریفراندۆم بکەینە پێوەری ناسینەوەی پیاوە مەزنەکان و کەسە بچووکەکان، زۆر بە ئاسانی دەتوانین پۆلێنی پیاوە مەزنەکان و کەسانی بچووک و بوودەڵەی سیاسی بکەین، جا ئەگەر هەڵگری خواستی نەتەوەیی و رانەکردن لە بەرپرسیارێتی ناسنامەی پیاوە مەزنەکان بن، ئەوا سەرۆک بارزانی پیاوە مەزنەکەیە و نەیارەکانیشی بچووک و بوودەڵەکانن.
سەرۆک بارزانی سەربەخۆیی کوردستانی بە مافێکی رەوای زەوتکراوی خەڵکی کوردستان دەزانی، بۆیە وەک پابەند بوون بە خواستە نەتەوەییەکان و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک، ریفراندۆمی بە تاکە بژاردەی سەندنەوەى ئەو مافە زەوتکراوە دەزانی، بە پێچەوانەوە نەیارە بچووک و بوودەڵکانیش لە بەینی ئاسمانی بەڵێ و نەخێری زەوی لە دەرەوەی خواستە نەتەوەییەکان گەمەی دەستکەوتی حزبییان دەکرد، نەیارانی سەرۆک بارزانی و دژانی سەربەخۆیی کوردستان، بەوەشەوە نەوەستان و بە بیانووی جیاواز و لە پێناو دژایەتی کردنی سەرۆک بارزانیدا کەوتنە دژایەتی کردنی خواستی لە مێژینەی کورد کە سەربەخۆیی کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان کرد بە دوو بەرە، بەرەی یەکەمیان خواستی ٩٣% خەڵکی کوردستانیان دایە بەردەم گێژەڵووکەی پێلانێکی نێودەوڵەتی، بەرەی دووەمیشیان وەک رازی بوون بەو پیلانە و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و درێژەدان بە ژێردەستەیی و پاراستنی هەیمەنەی سیاسەتی داگیرکاری دوژمنان خۆیان کرد بە کەڕەی شەربەتفرۆش.
دوای سەرکەوتنی پیلانەکە هەردوو بەرەکە دەنگ و خواستی خەڵکی کوردستانیان دایە بە تانەوە و تەشەر و ریفراندۆمیان وەک تاوان دایە قەڵم، وایان دەردەخست کە کورد بە داوا کردنەوەى مافە زەوتکراوەکانی تاوان دەکات، بەوەش جگە لەوەی بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانیان بۆ کاتێکی تر دوا خست، رەوایی دانیش بوو بە مانەوەی کورد بە ژێردەستەیی و ئەو کوشتوبڕەی خەڵکی کوردستان لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان بەسەری هاتووە و لەمەولاش بەسەری دێ.
Top