کورد لەبەردەم کێبڕکێ و ململانێکانی داهاتووی عێراقدا
April 5, 2018
وتار و بیروڕا
هەرچی ئەمەریکایە دووجار شیعەی عێراقی لە شیو و دۆڵی ژێردەستەیی و دۆزەخی نەهامەتی رزگار کردووە و گەیندوونیە لوتکەی دەسەڵات، جارێک لە سەردەمی سەددام حوسێن و جارێکیش لە سەردەمی پەلاماری داعش، ئەوەی جێگای سەرسووڕمان و پرسیارە دوای گەیاندنیان بە لوتکەی دەسەڵات، شیعەی عێراق فەرشی سووریان بۆ ئێرانی دوژمنی سەرسەختی ئەمەریکا راخستووە و بە ئەمەریکای رزگارکەریشیان گوتووە فەرموو بۆ دەرەوە.
گومان لەوەدا نییە ململانێی ناو لایەنە شیعەکان بۆ گەیشتە دەسڵات و شەڕی بردنەوەی گرەوی باڵادەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا، عێراق دەکەنە گۆڕەپانی بەریەکەوتنی توندی دژەکان، پرسیار ئەوەیە کورد لە کوێی ئەو بەریەککەتنە توند و چاوەڕوانکراوانە دەبێ؟ وەک ئەمجارە بە ئەقڵی گرووپگرووپێن و پەرتەواوازەیی سیاسی و ئامانجی حزبی دەچێتە ناو بەریەککەوتنەکان؟ یان پەند لە مێژوو وەردەگرێ و بە هێزی کوردایەتی و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و ئامانجی نەتەوەییەوە؟
هەرچەندە رووداوەکانی دوای هەڵبژاردن دەبنە وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، بەڵام ئەو گرووپانەی حزب لە نەتەوە بە پیرۆزتر دەزانن و لە پێناو رشتنی خواستی کۆنەقین و بە مەبەستی راستکردنەوەی باری لاری سیاسی خۆیان، یان لەژێر گوشاری دەرەکی لە بەغدا کەوتنە گەرەلاوژەی حزبی، پێناچێ ئەوانە کەڵکیان لە مێژووی شکستەکانیان و تاوانی دەرچوون لە بازنەی ئامانجی نەتەوەیی وەرگرتبێ، ئەوەش بە هەڵوێستیانەوە دیارە و بۆ تۆڵە کردنەوە هێشتا دەستبەرداری هێز وەرگرتن لە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان نەبوون، هێشتا تەپڵی حزبی دەکەوتن و بە زۆڕنای کۆنەقین و توندڕەوی ئایدۆلۆژیادا دەتووڕێن و پیرۆزیەکانی کوردبوون و کوردایەتی لە چڵکاوی حزبایەتی هەڵدەکێشن.