هەرێمی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی پر هیوا و پێشكەوتن
April 5, 2018
وتار و بیروڕا
جگە لە دوژمنان و داگیركەران ئەوەی تا بە ئەمرٍۆ كوردی لە گەیشتن بە مافەرەواكانی دوور خستۆتەوە نەبوونی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی تا نەتەوەیەكی 40 میلیۆنی بێ دەوڵەت و لەت لەت بێ.خاك و نیشتیمانی نەتەوەی كورد دوور لە ویستی خۆی لە رێكەوتنێكی زڵهێزان دابەشكراوە بەسەر چەند وڵاتێكی نەتەوەی جیاوازعەرەب – تورك – فارس و تاكە نەتەوەیە بەو رێژە گەورەیە بێ دەوڵەت بێت لە دونیادا. بەڵكو تەك ئەوەشدا زۆرترین جەنگ دژی كراوە و لەوپێناوەشدا قوربانی زۆر و زەوەندی داوە بۆ بوون و مانەوەی خۆی. مێژووی خوێناوی ناوچەكە گەواهی دەری ئەو راستیە،وەك ئەنفال و كیمیاباران و كوشتنی بەكۆمەڵ و بێ بەشی لە ماف و خواستەكانی.لە بەرانبەر ئەوەشدا كورد بەشێوازی جیاواز جیاواز رووبەڕووی ئەو هەموو دوژمنكارانە بۆتەوە تا گەیشتن بەوەی یوئێن بڕیاری 688ی دەرحەق بە پێشێلی مافی كورد دەركرد و ناوچەی پارێزراوی دامەزراند لە هەرێمی كوردستان1991،چونكە زۆرینەی زۆری كورد و كوردستانیان لە راپەرٍینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991 گوتارێكی تەواو یەكگرتویان نیشاندا و كۆڕەویان ئەنجامدا بەرەو چیاكان كۆچیانكرد، ئەوەش تەواو راستگۆیی گەلی كوردی نیشاندا بەوەی دوژمنایەتی دەكرێت و كەس دۆستیان نیە جگە لە چیاكانی كوردستان.پاش كەمتر لە ساڵێك لە كۆڕەوەی كورد لە 19/5/1992 گەورەترین پرۆسەی دیموكراسیان ئەنجامدا، بە هەڵبژاردنی گشتی بۆ رابەری نەتەوەیی و پەرلەمانی كوردستان، سەریشكەوت و پاشان ناوچەی پارێزراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان بووە نەوەیەك نەك بۆ كوردستانیان بەڵكو بۆ تەواوی ئەو لایانە سیاسیەكانی كە ئۆپۆزیسۆنی رژێمی عێراقی پێشوو بوون و ئیستا عێراقی نوێ بەڕێوەدەبەن.
كوردستان تا رادەیەكی زۆر سەرەڕای شەڕی ناوخۆیەك گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی هەر باڵا بوو، ئەوەش بوو كە لە عێراقی نوێ لە نووسینەوەی دەستوری گشتی مافە نەتەوەییەكان زۆرینەی بەرجەستەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی كەش و هەوای دیموكراسی لە كوردستان و عێراق هەموو روانگەكان چووە سەر چاكسازی و نەمانی گەندەڵی، چونكە گەندەڵی هێندە گەورە نیە كە حكوومەتی بۆ بڕوخێرێت وەك ئەوەی ئێستا بانگهێشتی بۆ دەكرێت.
هەرێمی كوردستان بناغەی سیستەمی دیموكراسی ئامادەی هەیە و زۆریش بەباشی دەتوانرێ كاری دیموكراسیانەی لەسەر بكرێ، بەڵام ئەم شێوازی گوتارەباشترین چەكی دەستی سیاسیە هەرزەكانە نەك كاری ستراتیژی، چونكە هێشتا هەرێمی كوردستان لە قۆناغی راگوزەرە و بواریش هەیە تاكاری چاكسازی بۆ بكرێ، لەتەك ئەوەشدا جگە لە زۆر لەو كاراكتەرانەی بەشداری كارا بوون لە بەڕێوەبردنی هەرێم بەڵام ئێستا واخۆیان نمایش دەكەن كە فریادڕەسن و بەشدارن لەپەرت بوونی گوتاری كوردستانی؟!!. بۆیە نابێ چیتر ستراتیژی و بەرژوەندیی باڵاكانی گەلێك كە دەیان ساڵە لە پێناو رزگاریخوازی كوردستان هەزاران قوربانیی بەخشیووە و دەبەخشێ..
سەقامگیری ، ئاشتیخوازی و بوونی دەیان سەرچاویی كانزایی بە تایبەت نەوت و غاز وایكردووە كە سەرنجی چەند كۆمپانیایەكی گەورەی بواری ئابووری بەلایی خۆیدا رابكشێت.
هەرێمی كوردستان راستە لەو هاوكێشەیە وەك دەوڵەت مامەڵە ناكات، لێ وەك قەوارەیەكی دیاروفاكتەرێكی بایەخدار - بەدەزگا شەرعیەكانیەوە - چ لەسەر ئاستی دەرەكی و نێودەوڵەتی یا هەرێمایەتی دەتوانێ ئەو رۆڵە ببینێ بۆ گەشەكردنی لەرووی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و رۆشنبیریەوە، لەبەرئەوەی پێگەیەكی جیۆسیاسی و جوگرافی گرنگی هەیە بۆ ئەو پرۆسەیەی مامڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا.سیاسەتی دەولی و پەیوەندیە نێودەولەتییەكان زیاتر لە بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانەوە سەرچاوەدەگرن، كە ئەمەش چەمكێكی ریالیستانەیە لەو هاوكێشەیەدا، بۆیە لەسەر ئاستی پەیوەندیە هەرێمایەتیەكانیش بەهەمان شێوە چەمكی بەرژەوەندی وئاڵووێری سودمەندیی دوولایەنە گرنگەوبەردەوام دەبێ جا چ لەرووی سیاسی بێ یا ئابووری یا بوارەكانی دیكە.
گرنگی ئەو پرۆسەیە و بەردەوامیی لە رووی پراكتیكیەوە سەركەوتووە و درێژەدەكێشێ ئەگەر هاتوو لایەنەكان بە پلانێكی تۆكمە و درێژخایەنەوە كاری بۆ بكەن و ئەنجامی بدەن، هەروەها لە رووی شوێن و جوگرافیەوە زەوینەی گونجاوو زیاتر و چاكتری بۆ رەخساوەو كردەنی ترە لە رووی جموجووڵەوە.
ئەو پرۆسەیە، كە رەنگە زیاتر لەرووی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و رۆشنبیریەوە بێ، لێ ئەو بوارانە دەبنە هۆی ئەوەی لەئایندەدا ستراكچەرە سیاسیەكە بەهێزتر بێ و هەنگاوی چاكتر بنێ بۆ دەسكەوتی زیاتر، هەروەها بەدیوێكی دیكە سەقامگیریی سیاسی بۆ ناوچەكە بخاتەوە. سەرٍەرای گشت ئەو هەرٍەشە و مەترسیی و لەمپەر و كۆسپانەی بەردەم پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان ،بەڵام قەوارەی هەرێمی كوردستان بەهێز و جێی متمانەیە.