ئایا بەراستی شەڕی ساردی نوێ دەستیپێكردووە؟
April 4, 2018
وتار و بیروڕا
نزیكەی چوار ساڵ دەبێت، واتە دوای ئەوەی كە رووسیا كریمیای داگیر كردو چین دەستپێشخەری رێگای نوێی ئاوریشمی خستەڕوو، قسە و باسێكی زۆر كراوە لەبارەی ئەوەی ئایا شەڕێكی ساردی دیكە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا بەڕێوەیە. تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا، مانشێتەكان بانگەشەی ئەوەیان كرد كە «شەڕی سارد لە ئارادایە» و باسیان لە «شەڕی ساردی نوێی پوتین» كرد و هۆشداری ئەوەیان دا كە «ترەمپ ئامادەكاری دەكات بۆ شەڕێكی ساردی نوێ». بەڵام ئایا بە راستی ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ رابردوو؟ سیاسەتی هاوچەرخ پڕە لە لێكچوواندنی هەڵە و پێدەچێت پرسی گەڕانەوەی شەڕی سارد یەكێك بێت لەو لێكچوواندنانە.
لە ترۆپكی خۆیدا، شەڕی سارد بریتی بوو لە سیستمێكی جیهانی كە تێیدا وڵاتان دابەش ببوون لەنێوان بەرەی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤییەتدا. ئەم شەڕە، هەموو پرسێكی پەیوەست بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكانی رەنگڕێژی نەكرد لە جیهاندا، بەڵام كاریگەری بەسەر زۆربەی ئەو پرسانەوە هەبوو. لە بنەڕەتدا ئەم شەڕە ناكۆكییەكی ئایدیۆلۆژی بوو لە نێوان سەرمایەداری و سۆشیالیزمدا كە لە سەدەی بیستدا لە ئارادا بوو، كە تێیدا هەر لایەنێكی ناكۆییەكە سەرسەختانە پابەند بوو بە سیستمی ئابووری و حوكمڕانیی تایبەت بە خۆیەوە. هەروەها بریتی بوو لە سیستمێكی دووجەمسەری كە دەبوو سەركەوتنی یەكجارەكی، یان شكستی یەكجارەكی تێدا بەدی بێت، واتە هیچ لایەك وێنای سازشێكی درێژخایەنی بۆ ئەوی دیكە نەدەكرد. شەڕی سارد شەڕێكی توند و یەكلاكەرەوە و زۆر مەترسیدار بوو. سیستمەكانی چەكە ناوكییە ستراتیژییەكان دەبوونە هۆی تێكشكاندنی هێزە باڵا ركابەرەكان، تەنانەت ئەگەر بە مانای وێرانكردن و كاولكردنی نیوەی جیهانیش بوایە. لە ئێستادا كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بە راددەیەكی گەورە تەمومژاوی و پڕ لە تەحەددین، بەڵام بە ئەندازەیەكی گەورە دوورن لەو رەهاگەرییەی لە سەروەختی شەڕی سارددا هەبوو. كەواتە ناوزەدكردنی بارگرژییەكانی نێوان هێزە گەورەكان لە سەدەی بیست و یەكدا واقیعەكەمان بۆ روون ناكاتەوە، هێندەی ئەوەی ئەو واقیعە دەشارێتەوە. ئەمە جۆرێكە لە تەمەڵیی زاراوەسازی كە ناكۆكییەكانی ئەمڕۆ بەراورد دەكات بە ناكۆكییەكانی رابردوو، كە زۆربەی شرۆڤەكاران شارەزاییان هەیە لەبارەی ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت. ئەگەرچی زۆرێك لە دەنگدانەوە و ئاسەوارەكانی شەڕی سارد هێشتا لە ئارادان.
سیاسەتی دەرەكیی دوژمنكارانە و رێگرانەی رووسیا لە سایەی دەسەڵاتی سەرۆك پوتیندا لەو هەستەوە سەرچاوەی گرتووە كە وڵاتەكەی شەڕی ساردی دۆڕاندووە لە ساڵانی هەشتاكاندا و دوچاری ئاسەوارەكانی تێكشكانەكەی ساڵانی نەوەتەكان بۆتەوە. زۆرێك لە رووسییەكان، رۆژئاوا بە بەرپرسیار دەزانن لەبارەی ئەو پشێوی و داڕووخانەی لە سەردەمی سەرۆكایەتی بۆریس یەڵتسین دوچاری وڵاتەكەیان بۆوە. هەروەها ئەوان پەرۆشی ئەو رێزەن كە یەكێتی سۆڤیەت وەك هێزێكی باڵا (سوپەرپاوەر) هەیبوو (ئەگەرچی ژمارەیەكی كەمیان پەرۆشی ئەو مەینەتییانەن كە لە سایەی خودی دەوڵەتی سۆڤیەتدا بەسەریاندا هات). ئەوان خوازیاری سەرۆكێكی بەهێزن كە باوەڕیان وایە رێزی شایستەی بۆ رووسیا گەڕاندۆتەوە، هەروەها ئەوان پێشوازی لەو سەقامگیرییە ناوخۆییە دەكەن كە باوەڕیان وایە پوتین بۆ رووسیای دەستەبەر كردووە. لەلایەكی دیكەوە، چین باوەڕی وایە كە گەشە ئابوورییە بێ پێشینەكەی، پێگەی هێزێكی باڵادەستی پێداوە لە ناوچەكەدا- واتە چیتر ئامرازێك نییە بەدەستی هێزەكانی دیكەوە بە چەشنی ئەوەی لە سەروەختی شەڕی سارددا لە ئارادا بوو. ئەگەر شەڕی سارد جڵەوی چینی كردبێت، ئەوا رۆژگاری دوای شەڕی سارد دەستی چینی واڵا كردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سەربەخۆ كاربكات، كە ئەمە باوەڕی زۆرێك لە چینییەكانە. لە هەمان كاتدا، سەركردەكانی پارتی كۆمۆنیستی –چین- سەرگەرمانە دیراسەتی ئەوە دەكەن كە چۆن یەكێتی سۆڤیەت داڕووخا، ئەویش لە پێناوی ئەوەی وڵاتەكەیان لە تووشبوون بە چارەنووسێكی هاوشێوە لا بدەن. چین و هەموو لایەكی دیكە كێشەی كۆریای باكووریان بە میراتی لە شەڕی ساردەوە بۆ ماوەتەوە، بە هەمان شێوە بێزارییەكی قووڵ هەیە لەبارەی ئەوەی زۆرێك لە چینییەكان بە هەژموونی جیهانی ئەمریكای دەزانن.
بەلای ئەمریكاوە، دەنگدانەوەی گەورەی شەڕی سارد ئەو هەستەیە- كە زۆر بەهێزە لە نێو دەنگدەرانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا، بەڵام لە شوێنی دیكەش بەدی دەكرێت- كە لایەنەكانی دیكە سوودیان لە ئەمریكا وەرگرتووە. واتە بەپێی ئەم لێكدانەوەیە، لە میانەی شەڕی سارددا، ئەمریكا بە نرخێكی هەرزان ئاسایشی بۆ باقی جیهانی سەرمایەداری دەستەبەر كرد، بەمەش هاوپەیمانەكانی ئەمریكا سوودیان لە دارایی و كاری ئەمریكا وەرگرت، بەڵام شتێكی كەمیان لەبەرامبەردا بەخشی. زۆرێك لە دەنگدەرانی ئەمریكا هەست دەكەن كە وڵاتەكەیان- كە شەڕی ساردی بردەوە- لەبەرامبەردا هیچی بەدەست نەهێنا. ئیدارەی ئێستا تەركیزێكی زیاتر لەسەر بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی ئەمریكا دەكاتەوە.
ئەمانە ئەو لایەنانەی شەڕی سارد بوون كە ئەو جیهانەیان دروست كرد كە ئێستا تێیدا دەژین. بەڵام لە ئێستادا كاروبارە نێودەوڵەتییەكان دۆخی شەڕی ساردیان تێپەڕاندووە.
چونكە رۆژگاری دووجەمسەری بەسەر چووە. ئەگەر لە ئێستادا سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاراستەیەكدا بڕوات، ئەوا ئاراستەی فرەجەمسەری گرتۆتەبەر. دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكان كەم دەبێتەوە. چین بەهێزتر دەبێت. ئەوروپا دوچاری چەقبەستوویی بووە. رووسیا هێزێكی ناڕازی مشەخۆرە و لە پەراوێزی ئەو سیستمەی ئێستادایە. بەڵام وڵاتانی دیكە، وەك هیندستان و بەرازیل زیاتر دەستڕۆیشتوو دەبن لە ناوچەكانیاندا.
چیتر ئایدیۆلۆژیا فاكتەری یەكلاكەرەوە نییە. چین و ئەوروپا و هیندستان و رووسیا و ئەمریكا لەسەر چەند پرسێك ناكۆكن، بەڵام نەك لەسەر بەهای سەرمایەداری و بازاڕەكان. چین و رووسیا هەردووكیان دەوڵەتی خۆسەپێنن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن حكومەتێكی نوێنەرایەتییان هەیە. بەڵام هیچ یەكێكیان هەوڵەكانی نەخسۆتەگەڕ بۆ ئەوەی مۆدێلەكەیان بگوازنەوە بۆ شوێنەكانی دیكە، بە چەشنی ئەوەی لە سەروەختی شەڕی سارددا كردیان. تەنانەت پێدەچێت ئەمریكاش- وەك پەرەپێدەری سەرەكیی بەها سیاسییەكان- كەمتر مەیلی ئەوەی هەبێت ئەم كارە بكات، بەتایبەتی كە ترەمپ دروشمی «سەرەتا ئەمریكا»ی بەرزكردۆتەوە.
هەروەها ناسیۆنالیزم لە هەڵكشاندایە. ئێستا سەرجەم هێزە مەزنەكان پێداگیری لەسەر ناسنامە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیان دەكەن و وەك خەسڵەتی سەرەكیی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە دوای ئەوەی دوچاری زەحمەتی بوونەوە لە بەهێزكردنی پێگەی خۆیاندا، دوای ئەو وێرانكارییەی لە هەردوو جەنگە جیهانییەكەدا دوچاری بوون- كە پاڵنەری ناسیۆنالیستییان هەبوو-، لەگەڵ شەڕی سارددا كە جەختی لەسەر ئایدیۆلۆژیا نانەتەوەییەكان دەكردەوە. ئەوانەی لە سەروەختی شەڕی سارددا بانگەشەیان بۆ نێودەوڵەتیبوون دەكرد، باسی ئەوەیان كرد كە پۆلێنكردنی نەتەوەیی گرنگییەكی كەمتر و كەمتری هەیە. بەڵام رۆژگاری دوای شەڕی سارد دەریخست كە هەڵە بوون. چونكە ناسیۆنالیستەكان، لە نێو داروپەردووی بانگەشە ئایدیۆلۆژییە گەورەكانەوە بۆ باشتركردنی دۆخی مرۆڤایەتی گەشەیان كرد.
ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە ئێستادا دروست بووە هەرچیەك بێت، ئەوا ناتوانین بڵێین شەڕی ساردە. رەنگە سیستمێك بێت كە پڕ بێت لە ناكۆكی و بە ئاراستەی رووبەڕووبوونەوە هەنگاو هەڵبگرێت، بەڵام پەنابردن بۆ بەكارهێنانی زاراوەی شەڕی سارد وەك كۆڵەكەی هاوبەشیی هەر شتێك كە حەزی پێ نەكەن، شتێكی بێمانایە. لەبری ئەوە دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین لەو تێبگەین كە چۆن پەند و عیبرەتی رابردوو كاریگەرییان هەیە لەسەر بیركردنەوەمان لەبارەی ئێستاوە. ئەگەر بمانەوێت مێژوو بەسەر دروستكردنی سیاسەتدا پیادە بكەین، ئەوا دەبێت هێندەی هەستیارییمان بۆ لێكچوونەكان هەیە، هێندەش هەستیار بین لە ئاست جیاوازییەكاندا.
نووسینی: ئۆد ئارنی وێستاد
لە سایتی فۆرێن ئەفێرز بڵاوكراوەتەوە.