دوو ئەقڵی جیاواز و دوو پەروەردەی پێچەوانە

دوو ئەقڵی جیاواز و دوو پەروەردەی پێچەوانە
زؤر جاران رووداوەکان دەرگا بە رووی چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەکەنەوە، زۆر جارانیش بە پێچەوانەوە رووداوە کۆمەڵایەتیەکان کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ئاڵۆزتر دەکەن، ئەوەش پەیوەندی بە ئەقڵ و پەروەردەی کەس و بنەماڵە و دەستە و گرووپە سیاسیەکانەوە هەیە، ئەگەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و دلۆڤان بارزانی لە تیشکی چرای ئەو راستییە بدەین، کاریگەری ئەقڵ و پەروەردە کردن بەسەر رووداو و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەردەکەوێ.
لە کاتی بەخاک سپاردنی رووفاتی نەوشیروان مستەفا و پرسەکەی، دۆستان چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئەو رووداوە دەرگای چارەسەر بە رووی کێشەکاندا بکاتەوە، دوژمنانیش بە دیوەکەی تردا لەو رووداوەیان دەڕوانی، ئەوەبوو ئەقڵی سەقەتی هەڵسووڕاو و سەرانی بزووتنەوەى گۆڕان و ئەو پەروەردەی سیاسی و نەتەوەییەی لە رێکخەری کۆچ کردوویان وەرگرتبوو، بە هایوهوو کردن و هەلهەلە کێشان لە بەشێکی زۆری میوان و بەشداربووان، ئومێدی دۆستانیان زیندە بەچاڵ کرد و خەونی دوژمنکارانەی دوژمنانیشیان هێنایەدی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە پرسەی کاک دلۆڤان بارزنی بینیم ئەقڵێکی جیاواز و پەروەردەیەکی پێچەوانە بوو، دۆست و دوژمن بە روونی هەستیان بەوە دەکرد کە ماڵباتی بارزانی نەمر لە پرسەی کۆچی دلۆڤان بارزانیدا کار بۆ ئەوە دەکەن بەو پرسەیە دەرگای چارەسەر بە رووی کێشە سیاسیەکاندا بکەنەوە، چونکە رێزێکی زیاتر لە هایهووکەر و هەلهەلەکێش و هاوپەیمان و هاوبیرەکانیان دەگیرا، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە ئەقڵی کوردانە و پەروەردەی سیاسی ماڵباتی بارزانی نەمر رووداوە کۆمەڵایەتیەکان و کۆچ کردنی ئازیزانیشیان دەخەنە خزمەتی پرسی کورد و ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان و بنیاتنانەوە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی.
Top