چاکسازی و پاکسازی (سایکۆلۆژیای سیاسەت )

چاکسازی و پاکسازی (سایکۆلۆژیای سیاسەت )
گەندەڵی ئەو نەخۆشییە کۆشندەیەی کە جۆمگە جیاوازەکانی سیاسەت و کەلتوور و ئایین و پەروەردە و ئابووری و کۆمەڵایەتی شارستانیەتی مرۆڤایەتیی پەکخستووە و لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆکاری لەنێوچوونی. وڵاتە جیاوازەکان، لە ئاستی زۆر بڵند بۆ نموونە عێراق، و تا ئاستی ناوەندی وەک ئەوەی لە رووسیا ھەیە، تا نموونەی وەک وڵاتانی پێشکەوتوو لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم نەخۆشیە کۆشندەیە بێبەش نین. ھەوڵە لاوازەکانی وڵاتان کە خۆیان لە ھەندێ گۆڕینی بە ناو چاکسازی و دەستوەردان لە یاسا و رێنماییەکاندا دەبینن تاوەکو ئەم ساتە نەیانتوانیوە رێگری لە دووبارەبوونەوەی گەندەڵی بگرن. ئەگەرچی سستی و خاوی و نەبوونی پێداگریی لایەنەکانی کە بە چاکسازی ھەڵدەستن بەشێکە لە ئاستەنگەکانی جێبەجێ نەبوونی و سەرنەگرتنی و بنبڕنەبوونی، و بەشێک لەو کەمۆڕییە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنەکانی پەیوەست بە چاکسازی خۆیان بەشێکن لە پرۆسەی گەندەلێ، و جگە لە فاکتەرەکانیتر ئۆبجێکتیڤ و سۆبجێکتیڤیتری دیکەی پەیوەندار بەو بابەتەوە.
بەشێکی گرنگی سەرنەگرتنی ھەوڵەکانی چاکسازیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاکسازی تیایدا جێبەجێ ناکرێت. پاکسازی بریتییە لە لابردنی ئەو کەس و لایەن و ئەلەمێنتانەن کە سەرچاوەی رەفتاری گەندەڵین لە بازنە و سنووری ئەو دیاردەیەدا. چاکسازی خۆی لە ھەندێ گۆڕانکاری لە بڕگەکاندا دەبینێ، کەچی لە قۆناغ و ھەوڵەکانی گەندەڵکاران بۆ بەرھەڵەستی و شکاندنی بەربەستی چاکسازی، ئەو گەندەڵکارانە ڕێگەی دیکە بەکاردێنن. بەڵام بە پاکسازی ئەو ڕێگەیەیا لێدەگیرێت چونکە لە راستیدا گەندەڵکاران خۆیان بوونەتە قوتابخانەیەک بۆ دانانی یاسای گەندەڵتر و پێگەیاندن کەسانیتر و دروستکردنی گرووپی دیکە و بڵاوترکردنی بازنەی سنووری کاری مافیایی خۆیان و ڕاکێشانی بەشێکی دیکە بۆ نێو ئەو زوونە. مێژوو و ئەزموون زۆر بە باشی ئەو راستیەی سەڵماندووە.
بەڵام پاکسازی گۆرزێکی کۆشندەیە لە پەیکەری درۆینی گەندەڵی و گەندەڵچییەکان. لە پاکسازییدا ئیتر مۆھرە و کەسە سەرەکییەکان لەو بازنە دەردەکرێن و یان بە تووندترین شێوە سزا دەدرێن و ھەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی گەندەڵییان دەستکەوتووە زەوت دەکرێت و دەخرێتە سەر پشکی حکومەت و مۆڵکی گشتی و بۆ سوودی کۆمەڵگا بەکاردەھێنرێتن. ئیتر زانکۆی پێگەیاندنی گەندەڵکاری پەکدەکەوێ و ئەو ماسوڵکانەی کە لە جەستەی کۆمەڵگایان وەراندوویانە و بە تووندی بەستوونی، ئەو ھێزەی جارانی نامێنێ، و ناچار خۆی لە خۆیدا بەرەو کزی و نەمان دەچێ.
بۆیە دەبێ تەنھا پشت بە چاکسازی نەبەسترێت و خۆشباوەریی نەنوێنرێتن کە مرۆڤایەتی بە چاکسازی دەتوانێ بە یەکجارەکی گەندەڵی بنبڕ بکات، بەڵکۆ تەواوکەری چاکسازی پاکسازییە، ئەگەریش لێی گرنگتر نەبێ.
ھەمیشە ئەو وڵات و سەرکردە و پارتانە براوەی جەنگی دژی گەندەڵی بوونە کە لە یاس و پرۆگرامی خۆیاندا بەو پەڕی زۆردارییەوە بەرەو رووی تاکە گەندەڵکاران بوونەتەوە نەک ئەوانەی تەنھا پشتیان بە گۆڕینی چەند بڕگەی یاسایی گەرمیان کردووە. ئەو سیاسەتە بەرزترین ئاستی نواندووە کە پاکسازی تیایدا بەر لە چاکسازی ئەنجام بدات. نھێنی راکێشانی ھەست و سۆزی جەماوەر و بەدەستھێنانی دەنگی زیاتریش ھەر لەم خاڵەدایە. بە پاکسازی چەند کەسێکی دەستنیشانکراو، کە ھەژماریان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێ، نەک زیان بە سیاسەت ناگات بەڵکۆ سەد ئەوەندەی دیکە خەڵک و مرۆڤ دەخزێنە نێو ریزەکانی. ئەمرۆ لە جیھانی سیاسەتدا رای گشتی و جەماوەر پێوەری سەرکەوتنی پارتەکانە. بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاکسازی متمانەی خەڵک بەو پارتە زیاتر دەبێ. ئاسوودەیی و ئارامی دەروونی بۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام بە چاکسازی خۆری ئەو ئاسایشە سایکۆلۆژییە ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشە دەمێنێتەوە، چونکە گەندەڵکاران دەتوانن تەکتیک و تەنکیک و سیستەمی کار و جەنگ و گەندەڵکارییان بگۆڕن. بەڵام ئەگەر خۆیان بوونیان نەبێ واتە گەندەڵیش بوونی نابێ. گەورەترین ھەڵەی سیاسیش ھەر ئەوەیە کە بەپێچەوانەوە بیربکرێتەوە. تا پاکسازی نەبێ سیبەری تارمایی گەندەڵکاران بوونی دەبێ.
*پسپۆرێ ئەکادیمی لە زانستەکانی سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ.
Top