چاكسازی حكومەتی هەرێم و پیلانی دووبارە نیسان 01, 2018

چاكسازی حكومەتی هەرێم و پیلانی دووبارە نیسان 01, 2018

رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، بە شێوەیەكی گشتی دێن و تێپەر دەبن گۆڕانكاری زۆر روو دەدەن، كە زیاتر ئەو گۆرانكارییانە پەیوەستن بە بەرژەوندی وڵاتە زلهێزەكان و بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی كە بە جۆرەك لە جۆرەكان پەیوەستن بە مافی كوردەوە، ئەگەر سەیری تەنیا چەند مانگەگ پێش ئەو ماوەیە بكەین، دەبینین كە بە هەموو شێوەیەك كوردستان كەوتە بەر پلان و پیلانی دوژمنكارانەی دەوروبەر، ئەویش بە بەكارهێنانی ئالیكی ناوخۆیی.
لە رووداوەكانی 17ی شوبات، ئەوەی كە رویدا لە نەتیجەی قەیران و هەبوونی پاشكەوت نەبوو، بەڵكوو ئەو كاتیش بۆ مەبەستی موزایەدەی سیاسی بوو، كە تیایدا كۆمەڵەك گەنجی ئەو وڵاتە گیانیان لە دەستدا، لە خوێنی ئەو خێر لەخۆ نەدیوانەشدا كۆمەڵەك كەسی هەڵپەرست گەیشتنە پارلەمان.
ئەگەر سەیری رووداوەكانی ئەو كات و ئێستا بكەین، دەبینین كە هەمان سیناریۆ لە قاڵبی هەمان بارودۆخ بە بێ‌ جیاوازی دووبارە دەبێتەوە، لەوانەش هەمان ئەو حیزبانەی كە داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسییان دەكرد، بە هەمان پرۆپۆزەڵە هاتونەتە مەیدان و هەمان داخوازییان بە سوود وەرگرتن لە شەپۆلی نارەزایەتییەكان هەیە.
بەڵام ئەوەی كە لە بەر چاو ناگیرێت هۆكاری دروست بوونی ئەو بارودۆخانەیە بە بێ‌ ئەوەی رەچاوی ئەوە بكرێت ئاخۆ هۆكاری دروست بونی چی بووە؟ بەراست ماف لە لای كێیە و دەبێت لە كێ‌ بسەندرێت؟
لە راستیدا لە پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا هەر لە پێناو كۆكردنەوەی دەنگی هەڵبژاردنیش زۆرینەی عەرەب بە شیعە و سونیشەوە لە پارلەمانی عێراق كۆمەڵێك بڕیار و یاسایان دژی كوردستان دەركرد تەنانەت كۆمەڵێك ئەندام پارلەمانی كوردستانیش لەو ریزەدا بوون و ئەجیندای دوژمنانیان بە ناوی تۆڵە سەندنەوە لە بڕی كوردستان جێبەجێ‌ دەكرد، بە بێ ئەوەی سەیری دەرهاویشتەكانی ئەو بارودۆخە بكەن.
بڕینی موچە و قوتی خەڵك ئەو بابەتە نەبوو كە حكومەتی هەرێم داهێنانی بۆ كردبێت، بە ڵكو دەستی دەرەكی بە هاوكاری كەرەستەی ناوخۆیی، ئەو بارودۆخەی خوڵقاند، ئەوانەش پێویست بە ئاماژە بۆ كردنیان ناكات.
سەرەرای هەموو ئەو بارودۆخانە و هێرشی داعش و شاڵاوی بەربڵاوی ئاوارەكان لە رۆژئاوا و ناوەراستی عێراق و هەموو ئەو ناوچانەی كە كەوتبونە بەر هێرشی دڕندانەی داعش، كوردستان لە قەیرانێكی قورسی ئابوری بە هۆی داتەپینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە و موچەی كوردستان تێپەری دەكرد.
حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بارودۆخە نەخوازراوە كۆنترۆڵ بكات، هەستا بە راگەیاندنی سیاسەتی پاكسازی و چاكسازی و زكهەڵگۆشینی كە لە هەموو دوونیا لە كاتی قەیرانەكاندا باوە، ئەویش تەنیا لە بەرژەوەندی كوردستاندا بوو بەس.
بەڵام خیانەتی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی لە 16 ئۆكتۆبەر بە رێككەوتنەكی ژێر بە ژێر كوردستانیان تووشی بارودۆخەكی دژوار كرد و بە هاوكاری هەمان ئەو دوژمنانە و بە هەمان كەرەستەی ناوخۆیی لە هەوڵی سرینەوەی حكومەت و نیشتمان و تەنانەت نەتەوەی كورد بوون، بەڵام دووربینی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم هەموو ئەو پیلانانەی تێكشكاند و سەرەڕای ئەو پەراوێز خستن و ئابڵۆقەی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان تواندرا زۆرترین هەنگاو بە ئاراستەی چاكسازی بنرێت، ئەوانەش خۆیان لەو پرۆژە نوێیەی حكومەتی هەرێم دەبینییەوە كە لە بارەی موچە ئەنجامدرا، ئەگەرچی پاشكەوتیش نەمێنێت و موچەكانیش باشتربن ئەوانەی كە یاری بە قەزا و قەدەری خەڵك دەكەن لە و بارودۆخە لە پێناو بە دەست هێنانی دەستكەوتی حیزبی بەردەوام دەبن.
Top