پاراستنی پارتی بۆ وادەکات

پاراستنی پارتی بۆ وادەکات
پاراستنی پارتی حزبەکانی سلێمانی تووشی نەخۆشی دەروونی و لەرزوتای سیاسی کردووە، هەر رووداوێک لە بازنەی خواست و ئامانجە سیاسیەکانی ئەوان دەرچێت دەڵێن: دەستی پاراستنی پارتی لە پشتە، نەخۆشی و دڵەراوکێی حزبەکانی سلێمانی بە جورێکە خۆیان کەرتبوون دەکەن و هەردوو کەرتەکەش دەڵێن: ئەو کەرتبوونە دەستی پاراستی پارتی لە پشتە، بزووتنەوەی گۆڕان شاسوار بەوە تاوانبار دەکات کە پاراستن بێ، شاسواریش گۆڕان بەوە تاوانبار دەکات کە لە ترسی ئەو گۆڕان لە پارتی نزیک بۆتەوە و لە ژوورە تاریکەکان کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ پارتی ئەنجام دەدات، ئەوە لە یەکێتی و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح گەڕێن، کۆمەڵی ئیسلامیش بە پەرداخی بزووتنەوەى گۆڕان ئاو دەخواتەوە و یەکگرتووی ئیسلامیش بە نزیک بوون لە پاراستنی پارتی دەکافرێنێ، تەنانەت سەرکردەو و بەرپرسەکانیان تووشی کێشەی خێزانیش ببن دەڵێن: لە ژیانماندا کێشەمان نەبووە و ئەوە پاراستنی (پارتی)یە تووشی کێشەی کردووین، ئەرێ پاراستنی پارتی تۆ چیت و بۆ وا لەو حزبانەی سلێمانی دەکەی؟! ئەرێ ئەو حزبانەی سلێمانیت بۆ تۆقاندوون؟!
نەخۆشی و لەرزوتای حزبەکانی سلێمانی لەوەدایە دژایەتی پارتیان کردووە بە ئایدیای خۆیان و شکست پێهێنانیشیان کردووە بە ئامانج، ئەو ئایدیا و ئامانجە سەقەتەش ئەو رایەی لەلا درووست کردوون کە پێیانوایە چەندی دژایەتی پارتی بکەن لە هەڵبژاردنەکان ئەوەندە زیاتر دەنگ کۆ دەکەنەوە، هەڵپەی دەنگ کۆ کردنەوەش نەک هەر دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانی لە بیر بردوونەوە، بەڵکو بۆ دژایەتی پارتی و سواڵی دەنگ ئامادەن هێز لە دوژمنانیش وەربگرن و وەرشیان کردووە، ئەرێ پاراستنی پارتی تۆ چیت و بۆ وا لەو حزبانەی سلێمانی دەکەی؟! ئایا دەزانی ئەو حزبانەی سلێمانیت وا ترساندوون باوەشی دوژمنانیش وەخۆیان ناگرێ؟! ئایا دەزانی حزبەکانی سلێمانی مسیان بەسەردا بتوێننەوە تۆی پاراستن دەردەچی؟!
Top