سیاسەت ودیپلۆماسی سەركەوتوویی حكومەتی كوردستان بۆ پاراستنی شكۆ و دەسكەوتەكان..

سیاسەت ودیپلۆماسی سەركەوتوویی حكومەتی كوردستان بۆ پاراستنی شكۆ و دەسكەوتەكان..
گشت ھەوڵ وتێكۆشانەكانی سەركردایەتی سیاسی كورد و حكومەتی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڕینی واقیعێکی سەپیندراوە بەسەر گەلی کوردستان ، کە ئەمڕۆکە ھاونشتیمانیان رووبە رووی گەمارۆ وسزایەكی نارەوا و بەپاساویی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە رووی سیاسی و ئابڵوقەی ئابووری ، سەربازی ... ھتد بوونەتەوە کە دەسەڵاتدارانی عێراقی بۆ شکاندنی شکۆ و ئیرادەی گەلی کوردستان سەپاندوویانە ، ئەوەی لە دوورو نزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆخە سەپێندراوە بێت بۆی روون دەبێتەوە ، کە چۆن دەوڵەتمەدار توانیوێتی ئابڵوقە ئابوری و سیاسیەکە بشکێنێت و وێنای پێگەی بارزانی و کوردستان بە دەربخات لە چۆنێتی ئەم سەردانە دیبلۆماسیانە و دووپاتکردنەوەی پشتگیری وڵاتانی زلھێز و خاوەن بڕیار بۆ مافە دەستووریەکانی کوردستانیان و ھەموو پێشبینی و خوێندنەوەکان شرۆڤەی ئەم ھەوڵە دیبلۆماسیانەی سەرۆک وەزیران بە ئەرێنی لێک دەدەنەوە و ھەنگاو و کۆششەکان بۆ چارەسەر کردنی ناخۆشیەکانی و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەیە کە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر کوردستاندا سەپاوە و جارێکی دیکە کوردستان بەرەو بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و باشتر کردنی بژێووی ژیانی ھاونشتیمانیان و پێشکەوتنی زیاتر ھەنگاو دەنێت و نەیارانیش تووشی شکست و ملکەچی دانان بە مافی رەوای گەلی کوردستان دەکات وهەرێمی كوردستان، بە هۆی سەقامگیری و ئاسایشەوە كە یەك لە دەستكەوت و شانازیە گەورەكانی حكومەتی كوردستان ، وا خەریكە لە بواری ئابووری و سیاسیشدا هەنگاوی كاریگەرو بەرچاو دەهاوێژێت بۆ پێشەوە. ئەم قسەیە راستە، ئەگەرچی كوردستان تا ئێستا نە دەوڵەتێكی سەربەخۆیەو نە وەك دەوڵەتی سەربەخۆیش دەجولێتەوەو نە ئامرازو توانستەكانی دەوڵەتیكی سەربەخۆی پەیدا كردوەو نە مێژوویەكی درێژیشی هەیە لە بواری ژیانی نەتەوەیی ئازاددا.
جێگەی خۆیه تی ئاماژە بۆ ئەو راستیە بكەین كە یەك لە كێشەكانی كورد، زۆر جار، ئەوەیە خەڵكانەكەی بە تەنگ دروست كردنی پرسیارەوە نین و زۆر بەلایانەوە مەبەست نیە بپرسن: چۆن ئەم سەقامگیریە دروست بووە؟ لە چییەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە؟ كێ دروستی كردوە؟ چۆن دەپارێزرێت؟ هەروەها، ئەگەرچی ئەوا چەندین ساڵە، خەڵكی كوردستان لە سای حكومەتەكەیان، بەوپەڕی ئارامی و دڵرەحەتی و ئاسوودەیی، لە بواری ئاسایشدا، ژیان بەسەر دەبەن؟ ئەگەرچی، زۆر جار لە میدیاكانی جیهاندا، هەرێمی كوردستان وەك نموونەی دوورگەیەكی ئارام و بوژاوەو زیندوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە عێراقدا لە قەڵەم دەدرێت؟ بۆ ئەوەی بایەخی ئەو حاڵەتە ئارامەی كوردستان بە دیققەت بزانین و هەروا بە ساكاری تەماشای نەكەین، رەنگە وا چاك بێت، لێرەدا، چەند لایەنێكی گرنگ لەبەر چاو بگرین كە یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی بە بەرچاو روونیەكی زۆرترەوە ئەو زەحمەتیانە ببینین كە حكومەتی كوردستان لە بواری پاراستنی ئاسایشدا روو بە رووی دەبێتەوە: كوردستان كەوتۆتە هەڵكەوتەیەكی جوگرافی و ستراتیژیی گەلێك سەخت و زەحمەت و ئاڵۆز. لە لایەك عێراق بەو هەموو ئاڵۆزیە ئەمنیەی تێیكەوتووە. ئێران و سوریا بەو هەموو كێشەو گرفتانەی هەیانە لە گەڵ ئەمریكاو عێراق و كوردو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. توركیا بەو هەموو هەڕەشەو لەشكركێشی و توندوتیژیانەی هەیەتی و زۆر جار یەخەی كورد دەگۆێتەوە. بێگومان، بەڕێوەردن و دامەزراندنی پارچە زەمینێكی هێمن و ئارام و پڕ ئاسایشی وەكو كوردستان، لە ناوەندی هەڵكەوتەیەكی جوگرافی و سیاسیی وەها ئاڵۆزو پڕ كێشە كارێكی زۆر سەخت و دژوارە.
دووەم، بێجگە لە تەوقی ناوچەیی، كورد لە ناو عێراقیشدا چەندین جۆرە دوژمنی سەرسەختی هەیە كە هەر هەموویان هەوڵ بۆ شكست پێدانی تاقی كردنەوە دیموكراسیەكەی دەدەن و دەیانەوێت بیسەلمێنن كە كورد بە بێ سەرپەرشتی كردنی راستەوخۆی عێراق توانستی پاراستنی ژیانی رۆژانەی خۆی نیە. ئەوی راستی بێت، كۆنترۆڵ كردن و رێگە گرتن لەی نەخشەو پلانی رەشی ئەو دوژمنانە، هەروا كارێكی ئاسان نیە، بەڵكو زۆر زەحمەت و ئاڵۆزو قورسە.هەندێك لایەنی ئاراستەكراو و قورمیشكراو و میدیاكانیان ، لەوانەی چاویان بەرایی ئەوەیان پێ نادات شتەكان وەكو خۆی ببینن، نەك هەر بە لایانەوە گرنگ نیە باس لەو دەسكەوت و شانازیە گەورانەی خەڵك و حكومەت بكەن. بگرە بەلاشیانەوە گرنگ نیە هەڵسوكەوت و قسەو رەفتارەكانیان چەند زیان بە كوردو دیموكراسیی كوردستان دەگەیەنێت. بۆیە، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن دڵی كۆمەلانی خەڵك لە بەرامبەر حكومەتەكەی خۆیان كرمێ بكەن و نەهێڵن كارو بەرنامەو خزمەتە مەزنەكانی ئەو حكومەتە ببینرێت.
راستە، كوردستان هێشتا زەحمەتی و سەختیی زۆری لە پێشە. راستە، كەموكورتی، لێرەو لەوێ زۆرە. راستە ئێمە میللەتێكین ئەوا چەند ساڵێكی كەمە بووینەتە خاوەنی خۆمان و تا ئێستا ئەو شارەزاییەمان لە لا كەڵەكە نەبووە كە بتوانین بێ كەموكورتی چالاكی و كارەكانمان رابپەڕێنین. بەڵام زۆر لەوانە راستتر ئەوەیە كە دەبێت لەم قۆناخە ناسكەدا پشتگری ئەو ئازادی و دیموكراسی و بوژانەوەو بەرەوپێشەوە چوون و ئەمن و ئاسایشە بین كە حكومەتی كوردستان و جەنابی سەرۆك وەزیران رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ كوردو كوردستانیان دابین كردووە.
.
Top