گۆڕانکاری گەورە و ئەقڵی بچووک
March 28, 2018
وتار و بیروڕا
وەک دیارە رووداوەکان گەورەن و گۆڕانکاریەکەش گەورە دەبێ، گومان لەوەدا نییە کوردیش دەکەوێتە بەر ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە، پرسیار ئەوەیە: ئایا کورد شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە کردووە و تا کوێ خۆی ئامادە کردووە؟ ئایا خۆی دەخاتەوە بەر تیخی لۆزان و سایکس بیکۆیەکی تر، یان هەموو ئەو مافە نەتەوەییانە وەردەگرێتەوە کە لە رێککەوتنی سیڤەر بۆی دیاری کرابوون؟
ئەوەی جێگای سەرنجە زۆرێک لە حزب و لایەنە کوردستانیەکان بە ئەقڵێکی بچووک شرۆڤەی ئەو رووداو و گۆڕانکاریە گەورەیە دەکەن کە بە رێوەیە، دەستیان کردووە بە شەڕی کۆکردنەوەی دەنگ و پشتیان لەو ئامانجە نەتەوەییانە کردووە کە کورد بە کەناری ئارامی و دڵنیایی دەگەیەنێ، ئەوە لە کاتێکدایە چەندی دەنگ کۆبکەنەوە بەبێ پشتیوانی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی لە دەنگێکی زەلیل و چاو لە دەستی داگیرکاران زیاتر دەستکەوتێکی تری نابێ، کۆکردنەوەی دەنگ مافێکی رەوای هەر حزبێکی سیاسییە، بە مەرجێ ئەو دەنگانە لە رووی داگیرکاران کۆدەنگی و یەکهەآڵوێستی نەتەوەییان لە پشت بێت، نەک وەک ئەوەی هەندێ حزب و لایەنی کوردستانی بۆ کۆکردنەوەى دەنگ هاوشێوەی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان شەڕی ئەو ریفراندۆمە دەکەن کە لە لۆزان و سایکسبیکۆیەکی تر دەمانپارێزێ و دەرگای سیڤەرمان بە روودا دەکاتەوە.
دەبێ ئەو لایەنانە بە ئەقڵێکی گەورەتر خوێندنەوە بۆ رووداوەکانی ئێستا و گۆڕانکاریەکەی داهاتوو بکەن و بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی بۆ رووداوەکان و گۆڕانکاریە گەورەکە بڕوانن، دەبێ ئەو راستییەش بزانن چارەسەری کێشەی کورد لەوەدا نییە ئەو حزب چەند پەرلەمانتار دەنێرێتە بەغدا و ئەویتریان چەندی دەچن، چونکە کێشەی کورد لە بەغدا بە ژمارەی پەرلەمانتارنی حزبی چارەسەر نابێ و پەرلەماتاران ژمارەیان چەند بێ، ئەگەر کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبێ دەبنە پێخوستی گۆڕانکاریە گەورەکە، دەبێ لەوەش دڵنیا بن گۆڕانکاریەکە نەخشەی سیاسی ناوچەکە دەگۆڕێ و عێراق و سوریا لێکهەڵدەوەشێنێ و تورکیا و ئێرانیش بچووک دەکاتەوە، ئەوەش حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەخاتە بەردەم ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی، ئەنجامدانی ئەو ئەرکەش کاتێک بەرهەمی دەبێ کە نەتەوەییانە هەنگاو بنێن و خوێندنەوەی نەتەوەییانەش بۆ رووداوەکان و گۆڕانکاریەکە بکەن.