سندوقە رەشەكەی كەوتنی كورد

سندوقە رەشەكەی كەوتنی كورد
لە مێژووی كورددا، چەندان كەوتن و هەستانەوە هەن، بەڵام گرنگ وەڵامی ئەو پرسیارانەیە، ئایا لە كاتی كەوتندا چۆن بیرمان لە هەستانەوە كردۆتەوە؟ ئەدی لە كاتی هەستانەوەدا حیسابمان بۆ ئەگەری كەوتن كردووە؟ بە دوای هۆیەكاندا گەڕاوین، یان هەر خۆمان داوەتە دەستی قەدەر؟
لە رووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەدا، گەڕان بە دوای سندوقی رەش، بە گرنگترین ئەرك دادەندرێت، كۆشش دەكرێ تا دەدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی هۆی كەوتنەخوارەوەكەی بزانن، سوود لە هەڵە و هۆیەكان وەربگرن و كاری لەسەر بكەن، ئێمە لە هەموو كەوتنێكدا قوربانی زۆر دەدەین، هەموو جاریش ئەوەندەی خەریكی هەڵڕشتنی فرمێسك و گوتنی لاوك و حەیرانین بە سەر ناسۆریی كەوتنەكەماندا، كەمتر بە لای ئەوەدا دەچین كە چۆن چۆنی بیر لە هەستانەوە بكەینەوە، چونكە كەوتنەكانمان ئەوەندە بێ ئومێدمان دەكەن، رەشبینی بە تەواوی جێگەی ئومێد دەگرێتەوە، هەروەختێكیش رەشبین بووین، تەنیا بیر لەوە دەكەینەوە پلان بۆ گونجان لەگەڵ دۆخی سەپێندراو دابنێین.
حزبەكان هۆكاری سەرەكیی بڕست لێ بڕینمانن، لەبەر هەڵاتن لە بەرپرسیاریەتی، هەوڵی ئەوە دەدەن هەر لە ساتەوەختی هێدمە (سەدمە) دا بمانهێڵنەوە، لێرەوە توانا و بەرگەگرتنی حزبەكان بە ئاشكرا دەردەكەوێ، ئاخر حزبەكان هەوڵی ریفڕاندۆمیان ئەوەندە ناشرینكرد، وێنەیەكیان پیشانی دەرەوەی كوردستاندا كە لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ناكۆكی لەسەر سەربەخۆیی هەیە، ئەمەش كوردستانی بە لاواز پیشان دا، لە راستیدا ناكۆكی لەسەر ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی لە نێوان حزبەكاندا بوو، وێڕای گرووپی خیانەتكار، حزب و گرووپی دیش هەبوون، شاییان دەزگیدا دەگەڕا، لە ناو ئەو نەهامەتییەی بە سەر خەڵكدا هات، گڤەی سمێڵیان دەهات، پێیان وابوو ئەوان سەركەوتوون و حزبی بەرامبەریان دۆڕا، دوای 16ی ئۆكتۆبەریش بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر، داوایان لە بەغدا دەكرد مووچەی خەڵكی كوردستان نەنێرن.
ئەو حزبانە دەیانەوێت لە سەر جەستەی ماندوو و شەكەتی هاووڵاتیان و برینی گەورەی نیشتماندا دەسكەوت بچننەوە، كاریان لەسەر ئەوە كرد، نەك هەر ئێستا، مێژووشمان رەش بكەن، هیمەتی باووباپیرانمان بە هیچ لە قەڵەم بدەن، ئەمەش حاڵەتێكە لە ناو هیچ میللەتێكی دیكەدا وێنەی نییە، ئاخر كە لە ساڵی 1948 بڕیار درا دوو دەوڵەت بۆ جوو و عەرەب (ئیسرائیل و فەلەستین) دابمەزرێت، عەرەب رەتیانكردەوە، لەوكاتەوە تائێستا هەر هەوڵ دەدەن، سێ شەڕی دۆڕاویان لەگەڵ ئیسرائیل كردووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دوای دابەشبوونی فەلەستینیش لە نێوان فەتح و حەماسدا، كەسێكیان نەهاتووە بڵێ یاسر عەرەفات و هەموو ئەوانەی لە پێناوی فەلەستیندا كاریان كرد هەڵەیان كردووە و جوێنیان پێبدەن.
حزبەكانمان دۆخێكیان خوڵقاندووە، لە جیاتی ئەوەی پێشبڕكێ لە سەر دۆزینەوەی سندوقی رەشی كەوتنەكانمان بكەن، سنوور بۆ خاكفرۆشی و نەهێشتنی بەرژەوەندیی حزبی دابنێن و لە دۆخی هێدمەدا تێمانپەڕێنن، دێن كەوتن و باری گرانی خه‌ڵك بۆ حزبایەتیی سەقەت بەكاردێنن و دەیانەوێ سەركز بین.
Top