ئامۆژگارییەکی بە پەلە بۆ برایانی گردەکە
March 25, 2018
وتار و بیروڕا
گۆڕانخوازان گلەیی لەوە دەکەن کە ناوە ناوە هەڵسووڕوانیان بەجێیان دێڵن، ئەوانیش دەیان دەنە بە رێژنەی جنێو و دوای تەخوین کردن تۆمەتی جاسووسیشیان دەدەنە پاڵ، برایان ئەوانە نە خیانەتیان پێ کردوون و نە جاسووسیشیان بەسەرەوە کردوون، لە دڵسۆزیمەوە حەز دەکەم پێتان بڵێم: ئەوانە دوای ئەوەی تێدەگەن کە لە گەڵیان راستگۆ نین و ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن رێبازی رەوانشاد، لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دژ بە کوردبوون و کوردایەتی لەسەر خەتە و دەیەوێ شوێنکەوتووانی فێری دوو شت بکات:ــ
یەکەم:ــ کوردبوون و کوردایەتیت لەلا بکاتە دێوەزمە، چونکە پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمر خەڵک لەسەر کوردبوون و کوردایەتی گۆش دەکەن، ئەویش واتا نەوشیروان مستەفا جگە لە دژایەتی ماڵباتی بارزانی نەمر هیچ ئامانجێکی تری نەبووە، بە هۆی دژایەتی بۆ ماڵباتی بارزانی نەمر بۆتە دوژمنی سەرسەختی کوردبوون و کوردایەتیش، بۆیە ئەو کوردپەروەر و ئاقڵمەندانەی دوای بزووتنەوەى گۆڕان دەکەون، دوای ئەوەی لە بەرنامەکەی دەگەن وەک وەڵامدانەوەی ئەو سیاسەتە خراپ و چەواشەکاریە دەگەڕنەوە ناو پارتی.
دووەم:ــ هەوڵدەدەن بیکەنە کەسێکی دەمشڕ و جنێوفرش، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو رەوشەتە جوانەکانی دادەماڵن و دەیکەنە جنێوفرۆشێکی بازاڕی، ئەگەر پێشیان نەکرایە جنێوفرۆش جنێوی پێدەدەن، ئەوەش لە هەڵوێستی هەڵسووڕاوانتاندا رەنگی داوەتەوە، جا ئەوانەی دەبنە هەڵسووڕاو ئێوە زەختیان لێدەکەن جنێوفرۆش بن، کەسانی تێگەیشتووش ئەو مەرجەی ئێوەی پێ قوڵ ناکرێ و بە ناچاری لێتان دوور دەکەوێتەوە و ئێوەش دەیدەنە بەر رێژنەی جنێو و هەموو جۆر سووکایەتیەکی پێدەکەن.
بۆیە وەک برایەک پێتان دەڵێم: ململانێی پارتی بکەن و ئەوە مافێکی سیاسی خۆتانە، بەڵام دوژمنایەتی کوردبوون و کوردایەتی مەکەن، چونکە نەوشیروان مستەفا بە دوژمنایەتی کوردبوون و کوردایەتی جگە لە زنجیرە شکستێک هیچی تری دەست نەکەوت و ئێوەش لە شکست زیاتر هیچتان دەست ناکەوێ، بۆ دەمشڕی و جنێو فرۆشیش، لە بەرژەوەندی خۆتانە و بۆ خۆشتان وا جوانترە واز لەو کلتورە بێنن، چونکە کلتوری جنێوفرۆشی دوورە لە بەها و کلتوری جوانی کورد.