خیانەت بە تامی خەبات
March 24, 2018
وتار و بیروڕا
رەنگە خەڵکانێک بپرسن چۆن خیانەت حەڵاڵ دەکرێ و بە تامی خەباتیش بە خەڵکی دەفرۆشرێتەوە؟! لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێم: لەو چەند ساڵەی رابردوودا زۆر شتی حەرام حەڵاڵ کراوە و بە تامی حەڵاڵیش دەرخواردی خەڵکی هەژار دراوە، بەو سیاسەتەی کە حەرامی پێ حەڵاڵ دەکەن کەسانێکی دەمشڕ و جنێوفرش بازاڕی بەرژەوەندیەکانیان گەرم بووە و لە هیچەوە بوون پاڵەوانە، ئەوەتا بەرەڵایی بە تامی دیموکراتی دەرخواردی خەڵک درا و کۆمەڵێک میدیاکاری دەمشڕ و جنێوفرۆشی کردنە سیاسەتمەدارو نانی خۆیانیان پێ خستە رۆنەوە، ئاژاوەگێڕی و بەردەفڕکێ و هەڵکوتانەسەر و سووتاندن تێکەڵ بە خواست و داواکاری رەوای خەڵک کراو بە تامی خۆپێشاندانی مەدەنی بە شەقام فرۆشرایەوە، بەوەش ئاشتی کۆمەڵایەتیان خستە ژێر پرسیارو کاری پێکەوەیی و کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی نەتەوەییشیان پێ لە بەین برد، خیانەتیش وەک هەر یەکێک لە چەمکەکانی دیموکراتی و خۆپیشاندانی مەدەنی و زۆر چەمکی تر جوانکاری بۆ کراوە و بە تامی خەبات بە خەڵکی ژێردەستەی کوردستان دەفرۆشرێتەوە، رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بانگەشەی ئارامی بۆ کەرکوکی داگیرکراو بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییە کە خیانەتکاران خیانەت بە تامی خەبات بە خەڵک دەفرۆشنەوە.