باسی مێژوو بکەی قەڵس دەبن

باسی مێژوو بکەی قەڵس دەبن
جارێکیان کۆلکە نوسەرێک بە (بەرنادشۆ)ی گەورە نووسەر دەڵێ: تۆ بۆچی دەنووسی؟ بەرنادشۆ دەڵێ: بۆ پارە دەنووسم، کۆلکە نوورەسەکە وەک جۆرێک لە گاڵتە کردن بە بەرنادشۆ دەست دەکات بە پێکەنین، دوای پێکەنینەکە بەرنادشۆش بە کۆلکە نووسەرکە دەڵێ: ئەی تۆ بۆچی دەنووسی؟ کۆلکە نووسەرەکە بە فیز و لەخۆ بایی بوونەوە دەڵێ: من بۆ ئەدەب و رەوشت و ئەخلاق دەنووسم، بەرنادشۆ دەڵێ: هەردووکمان هەقمانە و من و بۆ ئەوە دەنووسین کە نیمانە، من پارەم نییەو بۆ پارە دەنووسم، تۆش ئەدەب و رەوشت و ئەخلاقت نییەو بۆ ئەدەب و رەوشت و ئەخلاق دەنووسی.
کەرتبوونە بەردەوامەکانی یەکێتیش وای کرد کۆمەڵێک کەسی بێ ناو و نیشان لە پڕ دەرکەون و ببنە سیاسەتمەدار و وەک کارگ بە گرمە هەورێک هەڵتۆقن، ئەوانە مێژوویان نییە و بە باس کردنی مێژوو هەست بە کەمی و خاڵی لاوازی خۆیان دەکەن، بۆیە هەر باسی مێژوو بکەی وا دەزانن مەبەستت لەوانە و وەک شیری هەڵدەچن، بەوەشەوە ناوەستن و رێگری لەوە دەکەن خەڵکانی خاوەن مێژوو باسی مێژوو نەکەن.
بەرنادشۆ و کۆلکە نووسەرەکە، خاوەن مێژوو و بێ مێژووەکان یەک چیرۆکی وێکچوویان هەیە، ئەوان وەک بەرنادشۆ دەڵێ بۆ ئەوە نووسیویانە کە نەیان بووە، خاوەن مێژووەکانیش هەقی خۆیانە شانازی بە مێژوەکەیانەوە بکەن، بێ مێژووەکانیش کە ململانێی سیاسی و کەرتبوونی حزبی درووستی کردوون و لەوەش بچوکترن بتوانن مێژوو بۆ خۆیان درووست بکەن، بۆ شاردنەوەی ئەو خاڵە لاوازەی خۆیان هەقیانە بە باس کردنی مێژوو قەڵس ببن.
Top