قوتابی و پشووەکان

قوتابی و پشووەکان
داھێنەروپیاوکاری ئەمریکی تۆماس ئەدیسۆن دەلێ " کات سەرمایەی ھەر مرۆڤێکە و تاکە شتێکە کە ناتوانی بیدۆڕێنێ"
ووتە و قسە لەسەر کات گرنگی و بایەخی کات زۆر ھەیە ، پێویستە لەسەرەتادا فێر بکرێن و ڕابھێنرێن لە سەر بە فیڕۆ نەدانی کات و زانینی بە کارھێنانی چ لە کاتی دەوام و خوێندن و قوتابخانە چ لە کاتی پشوودان ، ئەوەی من دەمەوێ لێرە باسی بکەم کاتی پشووە بە تایبەتی ئەو وەرزەی بەھار پشووی خوێندن زۆرە و قوتابیان نزیکەی بۆ ماوەی دوو ھەفتە لە پشووی بەھاریدان ، ھەردەم پشوو تام و چێژ و سوودی ھەیە بە تایبەت دوای ماندووبوون و کاری زۆر و چڕ و قورس ، بەڵام پشوو لەسەر پشوو یان پشووەکان لە یەک نزیک بن قوتابی تووشی بێ بەرنامەی و بێ سەلیقەیی دەبی َ و ناتوانێ سوود لە پشووەکان وەکو پێویست وەربگرێ ، پشووی بەھار مانای زۆری ھەیە بۆ قوتابییە خۆشەویستەکانمان و کەس و کارییان کە بەرنامەی گەشت و سەردان و دەرچوون بۆ سروشتی کوردستان دادەرێژن و ئەنجامی دەدەن و لەو پشووەدا دەتوانن کاتێکی خۆش و پڕ جۆش بە سەر ببەن چ لە گشت کردن یان سەردانی ماڵی خزم و ھاوڕێیان یان پشوودانی ماڵەوە و چاوخشاندنەوە بە ھەندێ پەرتووکی بە سوود و لە ھەمان کاتیشدا بارگاوی کردنی ووزەی نوێیە بۆ چوونەوە قوتابخانە و توانراوە ھەناسەدانێکی باشی بدەن دوور لە فشار و گوشاری خوێندن و تاقیکردنەوەکان و ئەرکی ماڵەوە و ھەروەھا پڕاکتیزە کردن و پیادەکردنی ئارەزوو خواستەکانی خۆیان و لەگەڵ ھاوڕێ و کەس وکارەکانیان .
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پشووی زستانە و وەرزی یەکەم و پشووی بەھار و ھاوینمان ھەیە ھەوڵ بدرێ پشووەکان ئەوانەی لە ھەفتەیەک زیاترن زۆر لە یەک نزیک نەبن ، بەڵکو قوتابی بتوانێ سوود لەو پشووانەوە وەربگرێ ، چونکە پشوو تام و چێژی خۆی ھەیە ھەردەم دوای ماندووبوون کەچی بە داخەوە دوو ساڵە لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی قەیرانی دارایی و کۆمەلێ کێشەی تر نیوەی قوتابخانەکانی کوردستان بۆ چەند مانگێک لە بایکۆت کردنن و دەوام ناکەن و دەرگای قوتابخانەکان داخراوە و قوتابیان لە ماڵەوەن بە ناچاری و دوور لە خواستی خۆیان لە پشوون زەرەرمەندی یەکەم قوتابیاننن بە تایبەتی ئینجا مامۆستا کۆمەڵگەش زیانیان بەردەکەوێ و بەدڵنیایی ویژدانیان ئاسودە نییە و ئەو قوتابیانە پشووەکانیان لێ تێکەل بووە و پڕۆگرام و بابەتی زۆریان بە سەردا ماوەتەوە و سوودیان نەبینیوە لە بابەتەکان، بۆیە گرنگە بە ھەموو لایەک لە پێشی ھەموویان وەزارەتی پەروەردە ھەموو ھەوڵەکان بخاتە گەڕ بۆ دەوام کردنەوەی قوتابخانەکان و ھێنانەوەی قوتابیەکان بۆ پۆڵەکان جوانترکردنی پشووەکان و رێکخستنی کاتەکان چونکە ھەروەکو ئینگلیزەکان دەلێن ئەوەی کاتی ھەیە ژیانی ھەیە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top