داگیركەران بزانن مێژوو سەڵماندی " ئاگر وئاسن" ناتوانێ لە مافەرەواكانمان پاشگەزمان بكاتەوە ..
March 19, 2018
وتار و بیروڕا
نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ كە عێراق هێشتا پێویستی زۆری بە كوردستانە تا ئەم ساتەش سەرچاوەی سەرەكی ئاوی عێراق لە كوردستانە ئابووری ناسەكان دەڵێن شەڕی داهاتوو لە سەر ئاوە چونكە ئاو هیچی لە نەوت كەمترنییە . عێراق لە دووایی شەڕی داعش و وێران بوونی بەشێكی زۆری شارە سونە نیشینەكان نەیتوانیوە دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەكان درێژ بكات و بتوانێ سەرچاوە سەرووشتیەكان بەگەڕ بخاتەوە . بە تایبەت بۆڕییەكانی گواستنەوەی نەوت بە دوونیایی دەرەوە هەر بۆیە پێویستی زۆری بە بۆڕی گواستنەوەی نەوتی كوردستانە و دەبێ لەم رێگایەوە بەشێكی نەوتەكەی هەناردە بكات .
هەر بۆیە پایە گرنگەكانی دەوڵەت لە كوردستان هەن و ئێمە خاوەنی سامانێكی سرووشتی زۆرین و دەكرێ لە داهاتوو بە پلان و بەرنامەیەكی وورد سوود لە هەموو سەرچاوە سەرووشتیەكانمان وەربگرین . تازە جارێكی تر نە عێراق و نە هیچ ووڵاتێكی ناوچەكە ناتوانن كورد بگەڕێننەوە سەردەمانی زوو . ئێستا كوردستان لە سەر نەخشەی جیهان خاوەن سامانێكی سرووشتی گەورەیە و ناوەندێكی ئابووری و سیاسی گرنگی ناوچەكەیە . ئەوەی ئایندەمان بەهێز تر دەكات یەكگرتوویی حزبە سیاسیەكان و پێكەوە كاركردنمانە . ئەگینا مێژوو رەحممان پێ ناكات گەر یەكریز و یەك دەنگ نەبین ئەوا تەنیا گەلی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم دەبێ . بۆیە پێوستە بۆ رووداو و پێشهاتەكان خۆمان ساز و ئامادە بكەین ، بارودۆخی ناوچەكە و عێراق ئاڵۆز و ناجێگرە و رۆژهەڵاتی ناوین بە دەست دەیان كێشەی كەلەكەبوو و چارەسەر نەكردنی دۆزی كورد دەناڵێنێت . بۆیە دەبێ بەهێزتر لە جاران و بە ئیرادەی پۆڵایین بەرەو ئامانجەگەورەكەمان هەنگاو بنێنین ..
میللەتی كورد ناحەق نەبووە لەسەر ئەنجامدانی ئەم پڕۆسە دیموكراسی و یاسایی ودەستوورییە و لەم بڕیارەشیدا سەركەووتوو بووە و ئامانجەكەی پێكاوە و توانیویەتی سەنەدێكی یاسایی بۆ مافە رەواكانی دابینبكات كە دەتوانێت لە داهاتوودا وەك بەڵگەیەكی دەستووریی و یاسایی پاڵپشت بە یاسا نێودەوڵەتییەكان پشتی پێببەستێت.
پێش ریفراندۆمی سەربەخۆیی كورد زۆر هاواریی كرد كە ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەم شۆڤێنیستییانە بژین و ئەوانە بە هیچ شێوەیەك لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و مافەكانی گەلان و پێكەوەژیان تێناگەن و جگە لە قۆڵبادانی كورد و گاڵتەپێكردن زیاتر هیچیتر بە كورد رەوا نابینن ، بۆیە ئێستا دەبێ تاكی كورد بگاتە ئەو قەناعەتە كە تۆبەی گورگ مەرگە و لە زەلیلكردن زیاتر هیچیتر لەم رژێمە شۆڤێنییە چاوەڕوان ناكرێت، ئیتر پێویست ناكات هەموو رۆژێك چاوەڕوانی سەردێڕی هەواڵەكان بكەین بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ ئاغای عەبادی چی دەفەرمووێت و چیمان بۆ دەنێرێت و بە ماڵی خۆمان چ خێرێكمان پێدەكات.
ئیتر پێویستە كورد لە جیاتی ئەم هەموو چوەڕوانییە هێز و توانای خۆی كۆبكاتەوە و خۆی بۆ هەموو ئەو ئەگەرانە ئامادە بكات كە خەریكە لە ناوچەكەدا ڕوودەدەن بە تایبەتی لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین و ئەو بەرگرییە پۆڵایینەی شۆڕەسوارانی كورد و نزیكبوونەوەی سوپای پاسداران و ئیتلاعاتی ئێرانی لە سنووری ئیسرائیل و رەوانەكردنی فڕۆكەی سیخوریی بێفڕۆكەوان بۆ سەر ئەم وڵاتە و خستنەخوارەوەی فڕۆكەی ئێف شازدەی ی ئیسرائیلی لە لایەن ئەم هێزانە و چۆنییەتی خستنەخوارەوە و چۆن و بە چ چەكێك و هاتنە سەرهێلی ئەمەریكا بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و دوا پێشهاتەكانی ناوخۆی عێراقی حەشدی شیعی و سووریا لە ژێر هەژموونی ئێران و گڕگرتنی ناوچەكە بە گشتی، ئیتر ئەم هەموو پێشهات و گۆڕانكارییانە كارێك نییە چاوەڕواننەكراو بێت و كەس خۆی بۆ ئامادە نەكردبێت، سەرٍەتایی ئاماژەكان و گۆرانكارییەكانی بە گۆرینی بەرپرسانی وەزارتی دەرەوەی ئەمەریكا و كەسانی توند لە هەمبەر سیاسەی رژێمی ئێران و نزیك لە ترامپ ئەویش پۆمپیۆ وەك وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پێشوویی سی ئای ئەی یە ، كە لە سەرٍەتا كار بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی یەمەن و تێكشكاندنی سەربازی حوسیەكان. ڕێگرتن لەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا و حیزبوڵڵا بەرهەمی شەڕی سوریا بچنەوە. توندكردنەوەی ئابلۆقە ئابووریەكان لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاتیەكان و ئاڵ و گۆڕ لە واقیعی ئێراندا . لێدانی حیزبوڵڵا و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنی . لێدانی ڕژێمی سوریا وەك بەشێ لە لێدانی هاوپەیمانەكانی
بە كورتی ئامانج لەو جەنگە چاوەڕوانكراوەدا لاوازكردنی پێگەی ئێران و سنورداركردنی ڕووسیا و لێدانی هاوپەیمانەكانیانە لە ناوچەكەدا. هەڵبەت عێراقیش لەم چوارچێوەدا ، جۆری كاردانەوەی حكومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان جۆری نەخشە و كاردانەوەی هاوپەیمانیەتەكە دیاریدەكات.
ئەوەش ناوچەكە دەخاتە بەردەم قۆناغ و هەل و مەرجێكی نوێوە . هەموو ئەوەش دەخوازێ كورد و هێزە سیاسیەكانی خوێندنەوەی پێشوەختەیان بۆ گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراوەكان و ڕەنگدانەوەیان بەسەر مەسەلەی كوردستان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەر یەك لە پارچەكاندا هەبێت و خۆی بۆ ئامادە بكەن. بۆ ئەوەی بە ئەزموون وەرگرتن لە جەنگ دژی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هوشیار بن بەبەرژەوەندی یەكانیان و خۆ دوور گرتن لەوەی ببنە ئامرازێكی ڕووت لە ململانێیەكی خوێناویدا كەس و گروپ و هێز و نەتەوە زیندووەكانیش ، هەمیشە دەرفەتەكان لەنێو قەیرانەكاندا دەدۆزنەوە، هێز و گەلانی زیندوو نابن بەقوربانی پیلانگێڕی و ناشهێڵن شكستیان لە هەل و مەرج و لە چوارچێوەی هەوڵ و دۆخێكی دیاریكراودا، ببێت بە كەوتن و ئامادەیی بۆ پێخوستبوون. كورد لەنێو دڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە، گۆڕانكارییەكانیش لەم ناوچەدا، هیشتا لەسەرەتادان، زۆر شت ماوە ڕوو بدەن. بەڵكۆ گۆڕانكارییەكان بەپێی پلان و كات و شوێنی خۆی كە بەرنامە بۆ داڕێژراوە ئامادە كراوە و دەڕوات بەڕێوە، ئیتر پێویستە كورد لەو بەرنامە گۆڕانكارییەی ناوچەكە تێبگات و خۆی كۆبكاتەوە و خۆی بۆ ئەگەرەكان و پێشهاتەكان ئامادە بكات و بەرنامەی تایبەتی خۆی بۆ دابڕێژێ بۆ ئەوەی بتوانێت كورتترین هەل بقۆزێتەوە و ئامانجەكانی بپێكێت.