خۆزگەیەکی بەسەرچوو

خۆزگەیەکی بەسەرچوو
دوای ئەزموونێکی دەوڵەمەند لەگەڵ خۆزگەی گۆڕانکاری لە دەسەڵات یان رووخانی ئەم رژێم و ئەو رژێمی داگیرکاری کوردستان، بەڵام تا ئێستاش زۆرێک لە سەرکردەکانمان کەڵک لەو مێژووە وەرناگرن و خۆزگە سیاسیەکانیان لەسەر رووخانی رژێمەکانیان هەڵدەچنن، ئەوەش یان ناحاڵی بوونە لە سیاسەت، یان ئەوەتا ئەو سەرکردانە بە دوای بەرژەوەندی حزبی و کەسیدا دەگەڕێن، ئەگەرنا رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان چ بە هەڵبژاردن گۆڕانکاری لەناو خۆیاندا بکەن یان بە کودەتا یەکتری بگۆڕن، یەک روانینی هاوبەشیان بۆ دۆزی کورد و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد هەیە، ئەویش لەناوبردنی کوردە و بەس.
سەددام حوسێن رۆی و مالیکی و عەبادی هاتن، ئیمپراتۆری عوسمانی رووخا و ئەتاتورک و چیلەر و ئەردۆغان هاتن، شای ئێران رووخاو ئاخوندەکانی ئێستا هاتن، ئەرێ سەرکردە و سیاسیەکانی کورد کەی لەو راستییە دەگات؟! ئەرێ لە خۆیان پرسیوە لەم هەموو هاتن و رۆیشتنەی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان کورد چی دەستکەوتووە؟
هەموویان بکوژی کورد و دوژمن و داگیرکاری کوردستان دەرچوون، دەیانی تریش بێن و بڕۆن هەر بکوژی کورد و دوژمن و داگیرکاری کوردستان دەردەچن، بۆیە هەر کەس و لایەنێک خۆزگەکانی لەسەر گۆڕنکاری یان رووخانی رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان هەڵچنێ تەمەنی باڵادەستی دوژمنان و ژێردەستەیی کورد درێژ دەکاتەوە.
لە رووخانی رژێمی بەعس و تەقینەوەی کێشە سیاسی و مەزهەبیەکانی نێوان شیعە و سوننە، نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە سەرۆک کۆمارەوە تا پەرلەمانتاران ئەوەندەی خەمی ئاشتەوایی نێوان شیعە و سوننەیان هەبوو، ئەوەندە خەریکی بەدیهێنانی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و تەنانە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووریان نەبوو، ئەوە لە کاتێکدایە پەرتەوازەیی دوژمنان لە بەرژەوەندی کورد دایە و پێچەوانەکەشی لە بەرژەوەندی دوژمنان دایە، بۆیە دەبێ هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرکردە و سیاسیەکانمان بە تایبەتی ئەو راستییە بزانن، کە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی داگیرکاراندا و گۆڕینی ئەو دەسەڵاتدار بەو دەسەڵاتدار کێشەی کورد چارەسەر ناکات، چونکە تورک و فارس و عەرەب بە هەموو جیاوازیە سیاسی و تەنانەت دوژمنایەتی نێوانیشیان لە یەک دیدگاوە لە پرسی کورد دەڕوانن، دەبێ سەرکردە و سیاسیەکانمان لەوە بگەن کە تاکە رێگا چارەیەک بۆ کورد رێکخستنی ناوماڵی خۆیەتی، بۆیە پێویستە لەباتی ئەوەی خۆزگە بۆ رووخانی دەسەڵاتی دوژمنان و گۆڕینیان بە دەسەڵاتێکی تر بخوازێ، پێویستە ناوماڵی خۆی رێکبخات و بەدیهێنانی خۆزگە نەتەوەییەکانی بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی بسپێرێ.
Top