دوای چوار ساڵی تر نۆرەی منە

دوای چوار ساڵی تر نۆرەی منە
نەوشیروان مستفا دوای زیاتر لە چل ساڵ یەکێتی بوون وەک ئەوەی لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبێ کۆنە هاوڕێکانی خۆی کردن بە دوو بەش، بەشێکی لە هەرەمی دەسەڵاتی یەکێتی دەرهێنان و بەشەکەی تریشی بەجێ هێشتن و گوتی: ئەوانەی لەگەڵم هاتوونە دەرێ گۆڕانخوازن و ئەوانی تر گەندەڵن و قووتی خەڵک و سامانی گشتیان لە قوڕگی دێنەمەوە دەرێ و دەیاندەمە دادگا، دوای ماوەیەکی کەم هەردوو بەشەکەی رێکخستنەوە و گوتی: لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین.
بەرهەم ساڵحیش دوای دەیان ساڵ یەکێتی بوون و بانگەشە بۆ دیموکراتی و دادپەروەری ئەو حزبە، بە هەمان شێوەی نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک گەندەڵکاری ناو یەکێتی بە دوای خۆی داون و وەک ئاماژە بۆ نادیموکراتی و نادادپەروەری یەکێتی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادپەروەری دامەزرادووەو وەک بەقاڵی چاک های دیموکراتی و دادپەروەری دەکات.
لە ئێستاوە بە رای گشتی کوردستانی رادەگەیەنم کە دوای چوار ساڵی تر نۆرەی منە، منیش دوای دەیان ساڵ پارتی بوون و خەباتی شاخ و شار، چەند گەندەڵێک لەناو پارتی دێنمە دەرێ و دەڵێم: پارتی گەندەڵە و چیتر گەندەڵی قبوڵ ناکەم و ئەوانەی لەگەڵ منن گەندەڵ نین و ئەوانەی لەناو پارتی ماونەوە گەندەڵن و ئەو گەندەڵانە لە رەگ و ریشەوە هەڵدەکەنم، دوای گەمە کردن بە خەڵکی هەژار چۆن کاک نەوشیروان لەگەڵ یەکێتی رێککەوتەوە و دڵنیام کاک بەرهەمیش لە داهاتوودا رێکدەکەوێتەوە، منیش لەگەڵ پارتی رێکدەکەومەوە.
ئای کوردی هەژار! دوای ئەوەی بەرپرسە باڵاکان لە گەندەڵیدا دادەڕزێن، لە گەمەیەکی کەرتبووندا خۆیان دەکەن بە پێشڕەوی کاروانی چاکسازی و دواتر لە گەمەیەکی تردا رێکدەکەونەوە، دواییش کۆمەڵێک گرد و میترۆ و کارگەی چەمەنتۆ و قومارخانە لەسەر کوڕەکانیان تاپۆ دەکەن و دەڵێن: بای بای، نوقتە وەرنەوە سەری دێڕ.
Top