هه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌ردۆغان

هه‌ڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌ردۆغان
له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕابردوو سه‌رگوزشته‌یه‌ك به‌ مێژوی ئیمپڕیالیستی عوسمانیدا بكه‌ین كه‌له‌ژێر خه‌لافه‌ت وتاج وسه‌ڵته‌نه‌تدا حوكمڕانیان كردوه‌و فراوانخوازیان ئه‌نجامداوه‌،ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت عوسمانیه‌كان مێژوێكی خوێناوی(ئه‌پاڕتایدی) پڕله‌جه‌نگ وكوشتاریان ئه‌نجامداوه‌ هه‌رله‌كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كوده‌گاته‌ سه‌ركوت كردنی شۆڕش وڕاپه‌ڕینه‌كانی كورد،له‌ئێستاشدا سه‌رانی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ژێرناوی(دادوپه‌ره‌پێدان)و له‌سه‌ر بنه‌مای(تۆرانیه‌ت)هێدی هێدی هه‌نگاوبه‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت وقۆناغی دوای دیكتاتۆریه‌ت هه‌ڵده‌گرن،ئه‌ردۆغان خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت وه‌ك سوڵتانه‌كانی عوسمانی فه‌رمانڕه‌وای ڕه‌های جوگرافیای ئه‌نادۆڵ بكات كه‌سه‌رده‌مانێك باج وسه‌رانه‌یان ده‌دایه‌ سوڵتانه‌كانی عوسمانی،به‌ڵام مه‌ودای خه‌ون وهه‌ستانه‌وه‌ كورته ‌بۆیه‌ ئه‌ردۆغان ناتوانێت له‌سیاسه‌تدا ڕیالیستی بێت ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی توركیاش هاوسۆزی جارانی نه‌ماوه‌وباوه‌ڕ به‌به‌ڵێن ودروشمه‌كانی كاڵ بوه‌ته‌وه‌،ئه‌و له‌خۆبایبون وبه‌ربه‌ریسم وغروریه‌ی ئه‌ردۆغان باگڕاوندوپاشخانێكی مێژوی قوڵی هه‌یه‌،درێژكراوه‌ی ئه‌وكلتوره‌ فاشیزم وئیمپڕیالیسته‌یه‌ كه‌چه‌ند عه‌یامێك پێش ئه‌و ده‌وڵه‌تی توركیای له‌سه‌ر بونیاد نراوه‌،ئه‌و سه‌ركێشیه‌ سیاسیه‌ی (عوسمانیه‌ نوێیه‌كان)ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له‌په‌ڕله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ تاوه‌كو ده‌گاته‌ له‌شكركێشی بۆسه‌ر ڕۆژئاوی كوردستان هه‌رله‌وچوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت،پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵه‌كوشنده‌كانی ئه‌ردۆغان چین؟كه‌ده‌كرێت هه‌موو ئه‌وانه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان لێبكه‌ین له‌داهاتودا وه‌ك كارتێكی به‌هێزنه‌ك ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ڵكو خودی ته‌یب ئه‌ردۆغانیش وابه‌سته‌ی چاره‌نوسێك بكه‌ن كه‌ژیان وچاره‌نوسی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی ئه‌نجامیداوه‌ گرنگترینیان:
1- مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ تیرۆر: دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌موسڵ وداگیر كردنی سێیه‌كی خاكی عێڕاق،توركیا به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌دا به‌ست،كه‌سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئازاد كردنی ئه‌ندامانی كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له‌موسڵ،په‌یوه‌ندی بازرگانی هه‌ر له‌كڕینی نه‌وتی داعش ویارمه‌تیدانی لۆجستی وچه‌ك له‌كاتێكدا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش به‌به‌شداری(80) وڵات پێكهێنرابوو،به‌بۆچونی من ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌داهاتودا له‌سه‌ر توركیا وخودی ئه‌ردۆغان به‌دیار ده‌كه‌وێت.
2- سنور به‌زاندن: له‌ڕوی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌رده‌وڵه‌ته‌و سنوری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌وله‌شكركێشی بۆسه‌رده‌وڵه‌تی دراوسێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌و ڕێگه‌ی پێنادرێت،له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ردۆغان بێگوێدانه‌ پڕه‌نسیپ ویاسانێوده‌وڵه‌تیه‌كان سنوری(وشكانی وئاسمانی) هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك به‌شێك له‌عێڕاق پێشێل كردوه‌،له دوای ساڵی 1933 له‌گۆنگره‌ی(مۆنتیڤیدۆ) له‌ ئۆرۆگوای پڕه‌نسیپی(سه‌روه‌ری)وه‌ك به‌شێك له‌ مه‌رجه‌كانی دروست بونی ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌ی پێدراوه‌،ئه‌م سنور به‌زاندنه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی كوشتن وبریندار بونی سه‌دان هاوڵاتی سڤیل وزیانێكی ئابوری گه‌وره‌ی به‌ كشتوكاڵ وژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌،هه‌موئه‌وانه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستانیش ڕاسته‌.
3- سه‌ركوت كردن وله‌ناوبردنی هاواری دیموكڕاسی وئازادی كورد له‌باكوری كوردستان به‌به‌كارهێنانی چه‌ندین جۆری چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو،سه‌رباری گرتنی چالاكوانانی كورد كه‌له‌ئێستادا زیاتر له‌(10)هه‌زار گیراوی كورد له‌زیندانه‌كانی توركیادا هه‌یه‌،له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ ڕێبه‌ر ئۆجه‌لان و سه‌لاحددین ده‌میرتاش وه‌ك دوو سمبوڵ و كاریزمای نه‌ته‌وه‌یی.
4- جینۆساید: هه‌ركات گوێبیستی ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌بین ڕاسته‌وخۆ بیرو زیهنمان بۆتاوانه‌كانی صدام ده‌چێت،به‌ڵام له‌م ڕۆژگاره‌و له‌دنیای كرانه‌وه‌و به‌جیهانیبون ودیموكراسیه‌ تدا وه‌ك بڵێی مێژوو خۆی دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌ گه‌لی كورد له‌باكوری كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری صددامه‌كه‌ی توركیا به‌ره‌وڕوی ئه‌و چاره‌نوسه‌ بونه‌ته‌وه‌،ته‌قینه‌وه‌ پیلان بۆداڕێژراوه‌كه‌ی(پڕسوس)وكاره‌ساتی(ڕۆبۆسكی)و كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی عه‌فرین په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ به‌ڕوی ئه‌ردۆغان وسه‌رانی توركیا،به‌بۆچونی من له‌داهاتودا چاره‌نوسی ئه‌ردۆغان وابه‌سته‌ ده‌بێت به‌م پرسه‌وه‌.
ده‌رئه‌نجام:
به‌خوێندنه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هاوكێشه‌كانی توركیاو ناوچه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت،ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ به‌ڕوی كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیاسی وئابوری وسه‌ربازیه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌،ئه‌م قه‌یرانانه‌ له‌هه‌ر كات ئاماده‌گی ته‌قینه‌وه‌یان لێده‌كرێت به‌ڵام ڕوداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ دوایخستوه‌،ئه‌ردۆغان وهاوڕاكانی له‌ڕوانگه‌ی تۆرانی وقه‌ومیه‌ت و‌(ئۆپۆرتۆنیسم‌) ه‌وه‌ سه‌یری پرسی كورد ده‌كه‌ن،پێیان وایه‌ شتێك نیه‌ بۆ ئه‌وان له‌ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ باشتر بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان،هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌ردۆغان وده‌وڵه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌كورد ئه‌نجامی داوه‌ تاوانی نێوده‌وڵه‌تین وده‌كرێت وه‌ك كارتێك له‌دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی كاری له‌سه‌ر بكرێت،مێژوو پڕه‌ له‌ڕوداوی جه‌وهه‌ردار تائه‌و ڕاده‌یه‌ی كورسی وژێرده‌سته‌یی بۆ كه‌س نه‌بوه‌،ئه‌و له‌خۆبایبون و(دیماگۆلی)و غروریه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ده‌رئه‌نجامدا چاره‌نوسێكی نادیار چاوه‌ڕێی ده‌كات كه‌دور نیه‌ چاره‌نوسی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بكێشێت به‌به‌ردی ئه‌لحه‌ددا.
Top