کەرکوک لە هزری بارزانی نەمردا

کەرکوک لە هزری بارزانی نەمردا
لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی عێراق کەرکوک خاڵی ناکۆکی نێوان رژێمە یەک لە دووای یەکەکانی عێراق و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد بووە، هەر کاتێکیش گفتوگۆی نێوان رژێم و کورد هاتبێتە کایەوە و گفتوگۆکان چەندی چووبنە پێش، کە باس هاتۆتە سەر کەرکوک گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون و کۆتاییان پێهاتووە، چونکە نە کورد دەستبەرداری کەرکوک بووە و نە رژێمە داگیرکارەکانیش ئامادە بوون دەست لە داگیرکردنی کەرکوک هەڵبگرن.
بارزانی نەمر کەرکوکی بە چەقی چارەسەری پرسی کورد زانیوە و پێیوابووە دەست هەڵگرتن لە کەرکوک بە هەر بیانوویەک بێت خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، بۆیە ئامادە بوو گەورەترین شۆڕش بە قوربانی کەرکوک بکات، هەر کوردێکیش لە هزری بارزانی نەمرەوە خوێندنەوە بۆ کەرکوک بکات، تێدەگات کرۆکی کێشەی کورد و رژێمەکانی بەغدا کەرکوکە و ئەو کێشەیە لە کەرکوکیش یەکلایی دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویستی دەزانم کەرکوک لە هزری بارزانی نەمردا بخەمە پێش چاو.
+ بارزانی نەمر: کەرکوک دڵی کوردستانە.
+ بارزانی نەمر: کەرکوک هی کورد بووە و ئێستاش هی کوردە و هەر هی کوردیش دەبێ.
+ بارزانی نەمر: کەرکوک یەک کوردیشی تێدا نەمێنێ هەر کوردستانە.
+ بارزانی: کەرکوک بەشێکی دانەڕاوە لە خاکی کوردستان.
+ بارزانی نەمر: هەر کاتێک مرۆڤ توانی بێ دڵ بژی، ئەوکاتە دوژمن دەتوانێ کەرکوک لە کوردستان داببڕێ.
+ بارزانی نەمر: ئەز ناتوانم لە بەرامبەر نەتەوەکەمدا بەرپرسی حاشا کردن لە کەرکوک بم.
بۆیە دەبێ هەموومان بڕوامان بەوە بێ کە کوردستانێکی بێ کەرکوک نیشتیمانێکی بێ ناو و نیشانە و کوردی بێ کەرکوکیەکانیش نەتەوەیەکی بێ ناسنامەیە.
Top