(فرۆکەخانەکان وەک هەنگاوی یەکەم)
March 17, 2018
وتار و بیروڕا
٭ئەم پیلانە گەورەیە بە جۆرێک داڕێژرابوو هەموو ئەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە کورد وەک بەرهەمی سەدساڵ خەبات و خوێن بەدەستی هێنابوو لەناوببرێت و شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان و ئەزمونەکەیەوە نەمێنێت
٭ئیرادەو بڕواو هێزی بارزانی و حیزبەکەی بوو توانی پیلانەکە تێکبشکێنێت و ڕایبگرێت بەجۆرێک ئەو دەووڵەتانەی لەپشتی ئەم پیلانە بوون سەریان لەم بەرخۆدانەی پێشمەرگە لەپردێ تاسحێلا سوڕمابوو
٭لەدوای هەنگاوی یەکەمی ئەم پیلانە گەلێک هەنگاوی دیکەو پیلانی دیکە هاتنە گۆڕێ بۆ بەچۆکدا هێنانی هەرێم و حکومەتەکەی کە بەداخەوە هێزگەلی نا بەرپرس و هەلپەرستی ناوخۆ لەناوپیلانەکەدا بەشداربوون یاخود دواتر هەوڵی خستنی ئەم کیانەیانداو بەچەند شاندو بەچەند حیزب ڕێگای بەغدادیان گرتە بەر کەسەرەنجام عەبادی پێی ووتبون دۆسیەی کورد لای بارزانیە نەک ئێوە
٭ئەم بارە قورسانەی کەبەسەر خەڵکی کوردستان و حکومەتەکەیدا هاتن پیاوی پۆڵاینی دەوویست تا خۆی لەبەردا بگرێت و چۆک دانەدا ،نێچیرڤان بارزانی وەک گەنجێکی لێهاتوو سیاسیەکی قاڵبووی ناڕەحەتیەکان هەرزوو قۆڵی کوردانەی لێهەڵماڵی و شانی وەبەر ئەم ئەرکە قورسەناو لەماوەی پێنج مانگی ڕابردودا لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم وعێراق و ووڵاتانی دراوسێ و دەووڵەتانی جیهان و ناوەندە سیاسیە بڕیاردەرەکانی جیهان و کۆڕو کۆبوونەوە ئابوری و سیاسیەکانی بەشداربووەو وەک گەڕیدەیەک لەدەرگای هەموو شوێنێکی داوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورس و ترسناکەو دەربازکردنی گەلەکەی لە لەناوچونێکی دیکە
٭عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەو هەموو حەماقەتەی خۆیەوە ڕاشکاوانە ووتی هەنگاوە ئاقڵانەکانی نێچیرڤان بارزانی گەیاندینی بەم ڕێککەووتن و لێک نزیک بونەوەیە ئەم دانپێدانانە ئاگری لەخەرواری هەموو ئەو سیاسیە دووڕو هەلپەرستانە بەردا کە لەسەر برسێتی و نەداری و ئازاری ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە خەریکی موزایەدەو سواڵی دەنگ بوون و هەر ڕۆژەو درۆیەکان بۆ ناو میدییا هەناردە دەکرد
٭کێشەی کور لە عێراقدا تەنها بریتی نیە لە فرۆکەخانەوە مووچە ،شۆڕشی نەتەوەیی ئێمە کاتێک دەستی پێکرد بەرامبەر بە بەغداد بۆ ئازادی بوو نەک کردنەوەی فرۆکەخانەو موچە، بەدرێژای ئەم مێژوە سورو پڕخوێنە کورد قوربانی بۆ وەدەست خستی مافەسیاسیەکانی خۆی و پرسی ئازادی داوە نەک فرۆکەخانەو موچە ئەگەر نا ئێمە ڕۆڵەی شاخ و خەباتین وتائێستاش دۆزی ئێمە دۆزێکی نەتەوایەتیەو نابێت لەم بابەتە سادانەووا کورت بکرێتەوە
٭هەنگاوی یەکەمی ئەم ڕێککەوتنە یاخود ئەم لێکنزیکبونەوەیە بە کردنەوەی فرۆکەخانەکان دەستی پێکرد و هەموو ڕێگایەکیش بە هەنگاوی یەکەم دەستپێدەکات و سەرەنجام ئیرادەو خۆڕاگری و خەباتی گەلی ئێمە زامنی وەدەستهێنانی مافەکان ئێمەیە نەک ئەوەی چاوەڕێبین خەڵکی دیکە مافەکانمان پێشکەش بکات.